ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
‌ (٣)
سەرمای گەلێک شارانم دی،
بەڵام پەنجەم لە گۆ نەچوون،
چونکە سەرمای هەموو جێیەک
تیشکێک ڕۆژی نیشتمانی منی تیایە.
گەرمای گەلێک شارانم دی،
بەڵام گیانم وەڕس نەبوو،
چونکە گەرمای هەموو جێیەک
سروەیەکی نیشتمانی منی تیایە.

(٤)
چاوی کیژی ئەوروپایی
گەر شینیش بێ - خۆشم دەوێ.
گەر سەوزیش بێ - خۆشم دەوێ.
وا تێدەگەم:
شینترین چاو،
سەوزترین چاو
لەم دنیایە،
تۆزێک ڕەشیی
چاوی کچی
نیشتمانی منی تیایە!

(٥)
نیشتمانم!
تۆ وەک تانەی لەسەر چاوم.
تۆ وەک تەمی، لە گشت لاوە دەورەت داوم.
تۆ ئاوێنەی-
لە ناو تۆدا هەموو دنیا بەدی ئەکەم.
تۆ تەیمانی-
بە هۆی تۆوە هیچ نابینم:
نە کەل دەبینم، نە زەوی.
نە خوا دەبینم، نە ئاسمان.
جا نازانم
نە جیهان وەک تۆ بچووکە،
نە تۆ گەورەی بەقەد جیهان.
نیشتمانەکەم - ک و ر د س ت ا ن!
(١٩٧٩/١١/٢٩ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit