ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
(١)
لە هەرجێیەک چیا ببینم-
دڵم،
وەک لە ژوانی یەکەممدا،
دادەخورپێ، ڕادەچڵەکێ،
سەرسام دەوەستم لە بنیا...
وا تێدەگەم،
لە چیای منڕا دەست پێ دەکەن
چیایەکانی هەموو دنیا!

(٢)
لە هەر کوێ کانی ببینم-
دڵم،
وەک لە ژوانی یەکەممدا،
دادەخورپێ، ڕادەچڵەکێ،
پێش ئەوەی بینی پێوە نێم،
لە بەردەمیا بەهێمنی چۆک دادەدەم،
قەوزەی سەری
وەک شابسکی شۆڕەژنێک شانە دەکەم،
چونکە من وام بەبیردا دێ،
کە شیرناوی گشت کانییەکان
لە نیشتمانی منڕا دێ!
(١٩٧٩/١١/٢٩ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit