ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
تا ئەمڕۆ چەند جار
دڵی بێلانەم، بۆ شۆڕەشیعرێ،
داخورپا، لێی دا،
وەک زەنگی دێرێک بۆ نوێژ لێ بدرێ.

'ئەمڕۆ نا، سبەی..'
'ئەمڕۆ نا، سبەی..'

ئەی زمانەکەم!
خۆ ئەتۆ پەیکی بەستە و بڵێسەی،
کەی لە داوێنی پەیکەری پوشکین
مۆمێک پێ دەکەی؟
ئێ دە کەی؟
کەی؟

کەی لە کڵێسەی
شۆر و ئەوینی ئەم نازدارەدا
زەنگێک لێ دەدەی؟
لێدە، دەی!
دەی!

ئەی مۆسکۆی جوان، *
ئەی مەڵبەندی
گوڵ و بەفر و هەمیشە ژوان!

لە ئامێزی نەرمی تۆدا،
بۆ یەکەم جار، بە ئاشکرا،
بەسەرهاتی ئاڵایەکەم گێڕایەوە،
کە هەڵنەکرا،
بۆ یەکەم جار، بە ئاشکرا،
نەخشەیەکم لە دیوار دا
'ئەوەی بەڕۆژ، لە ئەتڵەسی دنیا دزرا'

بۆ یەکەم جار، بە ئاشکرا،
مزی هەڵبەست:
دەست و کوڵم،
لێو و گوڵم
پێشکەش کرا.

بۆ یەکەم جار لە ژیانا،
چاوم شەرمی لە خۆر شکا،
بۆ ئافرەتان،
جێی ژوانم
له شوێنێکی ڕووناک دانا.

ئەی مۆسکۆی جوان،
ئەی مەڵبەندی گوڵ و بەفر و هەمیشە ژوان!
دەگێڕنەوە،
دەڵێن، گۆران
بە بینینی
دوو چاوی 'پڕ لە هەستی جوان' *
لێوە سیس بووەکانی،
ترۆپکێک بوو،
ژانی گرد، هەژا، خرۆشا،
پڕی کردی لە گۆرانی!

من گۆران نیم،
بەڵام... ڕەگم
چۆڕێک خەم و داخورپانی
گیانی ماندووی ئەوی تیایە.

من لوتکە نیم،
بەڵام... دەشێ...
کڵاوی سەوزی گردێک بم،
کە لە سایەی لوتکەدایە.

ئەی نازانم،
تاکوو ئەمڕۆ
چەند دڵۆپە زەردەخەنە و فرمێسکی گەش
'هی چاوی کاڵ،
هی چاوی شین،
هی چاوی ڕەش... '
له گێژەنی شەوەزنگی غەریبیمدا
سووتان وەک مۆم،
درەوشانەوە وەک چرا...

ئەی نازانم...
بۆچی لە بەر ڕووناکینن
شیعرێکم بۆت پێ نەنووسرا؟ !
ئەی مۆسکۆی جوان،
ئەی مەڵبەندی
گوڵ و بەفر و هەمیشە ژوان!

* دەربڕینێکی گۆرانە لە هۆنراوەی 'مۆسکۆی جوان'دا.
* دەربڕینێکی گۆرانە لە هۆنراوەی 'وەڵامی پرس'دا.
(١٩٧٩/١/١٨- مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit