ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
شەمەندەفەر،
وەک مارێکی سەرلەدوونراو،
گینگڵی دەدا و دەیفیشکاند.
شەو بۆنی ژوانی لێ دەهات...
بۆنی پایز،
بۆنی شیعر،
بۆنی بارانی لێ دەهات.
***
گوتی: (ناوم بیئاتێ یە)
مات بووم.
مات بوو.
جگەرەیەکی دەرهێنا.
بۆم داگیرساند...
بەرەبەرە،
لە بەینی پەنجەکانیدا،
جگەرەکە بوو بە سۆتەک.
بەرەبەرە،
لە بەینی لێوەکانیدا،
منی سۆتەک بووم بە جگەرە!
***
وەنەوزی دا.
دەستی سەرپەنجە پەمبەیی
وەک نامەیەکی نهێنی،
کە پیلانی کودەتایی تێدا بێ،
خزایە ناو دەستم و مەیی.
سەری وەکوو هۆنراوەیەک
هێدی هێدی... لار کردەوە.
منیش شانم وەک دەفتەرێ
تامەزرۆ بوو
هەڵبەستێکی بێتە سەرێ!

خەو بردیەوە.
تا بەیانی خەو بردیەوە.
منیش وەکوو بازرگانێک
گەڕابێتەوە لە سەفەر،
بە درێژاییی شەوگاری سارد
زێڕ و زیوی ناو پریاسکەی
خەونەکانی ئەوم ژمارد!
***
کە بەیانی،
شەمەندەفەری فێگرتوو
سەرمی نایە کۆشی پراگ،
بیئاتێ- شاژنی نووستوو-
وە ئاگا هات:
-گوتن مۆرگن! ١
+گوتن مۆرگن!
جەنتاکەی هەڵگرت، دابەزی.
نە ئەدرێس، نە خواحافیزی...
***
ئاخ، بیئاتێ!
خۆزگە، سەد خۆزگە، دەمزانی
بە درێژیی شەو
سەرت لەسەر شانی کێ بوو!
خەونەکانت
کام شۆڕەسوار
مێوانیان بوو تا بەیانی!
ئاخ، بیئاتێ!
خۆزگە، سەد خۆزگە، دەمزانی!

١. گۆتن مۆرگن (ئەڵمانی): بەیانی باش
(١٩٧٧/٨/٢٢ - پراگ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit