ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
کە هەواری‌ نامۆییم... پێ دەنێتە هەر شارێ،
ڕاوی هەوری مسینی ژانەکانی خۆم دەنێم،
بۆ ئەوەی بەرزەفتی کەم، ١
بیگوشم تا دەبارێ!
***
حەز دەکەم، زۆر حەز دەکەم
قژی کچانی وارشۆ
بە هەڵبەستێک نەمر کەم.
بۆ کیژانی پۆتسدام
جێی ژوان نێزیکتر کەم؛
(دیتسکی میر)ی مۆسکو ٢
پڕ گەزۆی سلێمانی،
(ئەلێکساندەر پڵاچ)یش ٣
پڕ کێشوولە و کۆترکەم!
***
هەوری ژان بە ئاسمانا،
وەک کەشتی بە دەریادا،
ڕووی کردۆتە مەفتەن و
گوێ بە کەوشەنان نادا.

بانگم دەکا: 'وەرەوە!
لێرانە، لەو کێوانەی
پوورەی مێش و مەگەزی
مێژوویان لێ نیشتووە،
تۆ بیری هەورگر و
سیمای خۆت جێ هێشتووە'

١. بەرزەفت کردن: گرتن، کۆنترۆڵکردن، خستنە ژێر ڕکێف
٢. دیتسکی میر: مغازەیەکی گەورەی کەلوپەلی مناڵانە لە سێنتەری مۆسکۆدا
٣. ئەلێکساندەر پڵاتس: ناوی مەیدانێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی بەرلینە
(١٩٧٧/٧/٢٩- پۆتسدام)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit