ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
لەگەڵ مندا گەورە نابیت
مناڵی لێت نابێتەوە
لەگەڵ مندا تا هەتایێ
بێ بووکۆکە خەوت نایێ!
* * *
گەوره مەبە،
کزەی جەرگم، گەورە مەبە!
تا من مابم،
لە مناڵیت وەڕس نابم
شەو ساماڵ بێ
وەک تۆ دێمە بەر پەنجەرە،
ئەستێرەی ئاسمان دەژمێرم
کە بارانیش دەئاخڤێنی،
بە کڕوکپیت دەسپێرم!
* * *
گەورە مەبە،
کزەی جەرگم، گەورە مەبە!
دە قیڕوسیا!
بەیانییان شیر بۆ من و بنکڕ بۆ تۆ
کە ئاگرۆکە دەکەیتەوە،
دووکەڵ بۆ من و گڕ بۆ تۆ!
* * *
گەورە مەبە!
هەموو شەوێ
بە کەژاوەی هەقایەتی
ئەندرسن و شیعری مارشاک
خۆم بۆ خەوت بە بووک دەبەم
کە نووستیشی،
مۆر لە دەمی سروشت دەدەم
* * *
گەورە مەبە،
کزەی جەرگم، گەورە مەبە!
ئەگەر وەڕس بووی، پێم بڵێ،
خانووچکەی شووشەت بۆ دەکەم
ئەگەر برسی بووی، پێم بڵێ،
چنگۆڵانت
پڕ باسووق و گەزۆ دەکەم
* * *
گەورە مەبە،
کزەی جەرگم، گەورە مەبە!
هەموو ڕۆژێ
شقارتەیەک لە منەوە،
دەنک دەنک دایگیرسێنە...
تیشک و پرشەی چراخانی لێ بسێنە...
گەرموگوڕیی
ئاتەشگەدەی
زەردەشتیانی لێ بسێنە!
* * *
گەورە مەبە،
کزەی جەرگم، گەورە مەبە!
تا من مابم،
لە مناڵیت وەڕس نابم!
(١٩٧٦/٧/١١ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit