ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
(١)
بەڵێنی هیچت پێ نادەم
هەر ئەوەندەم ئاگا لێیە
کە من ئێستا خۆشم دەوێی
ئێستا وەکو هێمۆگڵۆبین
لەناو خوێنمدا دەگەڕێی
* * *
خۆ دڵی من سارنج١ نییە،
دڵنیات کا
کە تۆ تێیدا قەت ناگۆڕێی هەتا دەمرم
تۆ مێوە نیت،
دڵی منیش کارگە نییە،
تاکو لەوێ لە قوتووت کەم، هەڵتگرم!

بەڵێنی هیچت پێ نادەم
هەر ئەوەندەم ئاگا لێیە
کە من ئێستا خۆشم دەوێی
ئێستا وەکو هیمۆگڵۆبین
لەناو خوێنمدا دەگەڕێی
(١٩٧٦/٧/١٠ - مۆسکۆ)

(٢)
کاتێ سەرم
دەکەمە سەر شلکەی ڕانت،
ئەی شوڕەکچ!
ئارامترم لەو کۆترەی
لە بەرپێی پەیکەری پوشکین دەخولێتەوە
کە شلکەی ڕان سڕ دەبێت و سەر هەڵدەگرم
تەنیاترم لەو شادێڕەی
لە شیعرێکدا شەهید دەبێ و دەکوژێتەوە!
(١٩٧٦/٧/١٤ - ئیگومینکە)

(٣)
کڵافەیەکی ئاڵۆزم
ئەشکەوتێکی ئەفسانەییم
فەنەرێکم،
چرکەیەک بۆت دادەگیرسێم،
شەو و ڕۆژێک دەکوژێمەوە
چڕم وەکو
جەنگەڵی نیشتمانی تۆ
پڕم وەکو
جەنگەڵی نیشتمانی تۆ
بۆ خشپەی پێی هەر پرسیارێک ناکرێمەوە
* * *
گەر دەتەوێ
ڕووتوقووتم بکەیتەوە وەک خەنجەرێک،
گەر دەتەوێ
ماسیی سرکی ڕازەکانم
سەر ئاو بخەی بە نیگایێ،
گەر دەتەوێ
سنگم شەق کەی،
بیکەیتەوە وەک دەریایێ
بمبە نێزیک داربەڕوویێ
بمبە نێزیک لووتکەچیایێ!
(١٩٧٦/٧/١٥ - ئیگومینکە)

١. سارنج: سەللاجە، سارنجۆک
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit