ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
هاتن، هاتن، کۆسە هاتن
هاتن، هاتن
دەرگە داخەن، کۆسە هاتن:
'هەیاران و مەیاران
یا خوا داکاتە باران
بۆ فەقیر و هەژاران'
* * *

کەسێک دەرگە لە ڕووی کۆسە نەکاتەوە!
ساڵەهایە
تەونی درۆ هەڵدەبەستن
کۆسەکانی ئەم دنیایە
ساڵەهایە
دەروازەی ئاسمان داخراوە،
چاومان وەک پوول
بە زەرفی ڕەشی ڕوخساری
کۆسەکانەوە نووساوە
* * *

ساڵەهایە، ساڵەهایە
بەقەد ئەسپێی نیفۆکانمان١
بەقەد ڕشکی تووکەسەرمان
هەوری بەڵێن بەم خاکەدا تێدەپەڕێ و
دڵۆپە بارانێک نایە
ساڵەهایە
ساڵەهایە
نازانین کلیلی ئاسمان
لە گیرفانی خۆماندایه!
* * *

هاتن، هاتن، کۆسە هاتن
بن زمانیان
هەزار و یەک زوڕنای تیایە
گوێتان بگرن، تێ نەکەون
پەیژەکەیان
دەندەی ڕووتی برسییەکان
ئاگاداری سەربانان بن، سەرنەکەون!
* * *

هاتن، هاتن، کۆسە هاتن
ئەگەر دەرگەیان ڕاهەژاند
مناڵەکان فێرکەن بڵێن:
بۆن دێ... بۆنی بێگانان دێ...
بۆن دێ... لە عەرد و بانان دێ!

١. نیفۆ: پزووی دەرپێ
(١٩٧٣ - هەولێر)
@abdulla_pashew
نووسین: ٨٣.١٢٠.٨. ٢٤٨

پەراوێز edit