ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
فلیمەکە تراژیدیا بوو.
ناوەرۆکی مان و نەمان
بەرامبەری پەردەی سپی
دڕیان بە بێدەنگی دەدا زەنگی دڵان.
چاو چەخماخەیان لێ دەدا،
لەناو جەرگی تاریکیدا
ملیۆنەها دادەگیرسان!

پاڵەوانی فلیمەکە
لەگەڵ کزەی زەردەپەڕدا
تێشووی هەڵگرت
ڕابرد بە ناو
دڵی تاری شەوی کەڕدا.

بەڵێنی دا
ئاسمانی شین،
چەمی زیوین،
ئاگردانێکی پڕ پشکۆ،
ساپیتەیەکی سەربەخۆ ١
بۆ قەرەجان دەسگیر بکات.
کەچی، لەپڕ،
خەنجەری خۆی پشتی پێکا،
فلیمەکەش... لە ناوەختا کۆتایی هات.
***
منم پەردەی سینەماکە.
منم هۆڵی سینەماکە.
من دەزانم
ئەکتەرەکان تاوانبار نین.
من دەزانم
بینەرەکان تاوانبار نین.

بۆیە ئێستا
لە ئەکتەرە بەڕێزەکان داوا دەکەم،
لە بینەرە بەڕێزەکان داوا دەکەم،
ناڕەزایی نیشان بدەن
بەرانبەر بە گیرانی خۆر...
بەقەد خوێنی قوربانییەکە
تف هەڵاوێن
بۆ ناوچەوانی ڕێژسیۆر. ٢

١. ساپیتە: بنمیچی خانوو
٢. ڕێژسیۆر: دەرهێنەر
(١٩٧٥/٥/٢٠ مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit