ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو ڕۆژ نییە لێتان تووڕە نەبم
٢٧. ئەگەر ئەمجارە بێمەوە (١)
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە:
بەیانییان
وەک بەرخۆڵەیەکی ساوا،
لەناو قەرسیلی پاراوا
تل دەخۆم و
گیایەکی تفت، تێرتێر دەجووم،
تا کفت دەبم،
پێ و بەلەکم
لە شەونمی سارد هەڵدەسووم!
* * *
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە:
وەک سمۆرە،
بە دارگوێزە بەرزەکانا هەڵدەگەڕێم،
وەک پەڵەیەک هەوری نەوی
بەسەر کێڵگە سەوزەکانا دەخولێمەوە،
وەک شەنگەبی
بەسەر چەما،
بەسەر گشت زنارەکانی
کەنارا... دەچەمێمەوە،
ئاخ، بەس ئەمجارە بێمەوە!
* * *
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە:
سەرنج دەدەم
گوڵەگەنم چۆن زەرد دەبێ،
هەنار و سێو چۆن پێ دەگەن،
قەتێیەکان
هێلانەیان چۆن چێ دەکەن!

سەرنج دەدەم،
زەڕنەقووتە چۆن باڵ دەگرێ،
پەڕەسێلکە کۆچەرەکان،
لەسەر تێلی کارەبای ڕێ،
چۆن ڕیز دەبن،
جۆگەلەکان لە کوێوە دێن،
بۆ کوێ دەچن!
* * *
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە:
لە گۆی مەمکی هەر کانییەک
قومەئاوێک دەخۆمەوە،
گشتیان دەکەم بە دایکی خۆم
لە هەر ئەشکەوتێکا، شەوێک
سەر بە گاشەبەردێک دەکەم،
گشتیان دەکەم به لانکی خۆم
* * *
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە:
زمانی گڕ دەهێنمەوە بۆ لاڵەکان
شاپەڕی گڕ دەهێنمەوە
بۆ فڕندە بێباڵەکان!
* * *
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە:
ناهێڵم لاوان گوڵ بچنن
بۆ گوڵدانی مردووی سەر مێز
فێریان دەکەم
کە چوونە ژوان
لە بەرۆکی کچانی دەن،
ئەوسا بیانکەنە ئامێز!
* * *
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە:
- مناڵانی مۆسکۆی چاوشین فێریان کردووم -
بێ شیرینی
سەر ناکەم بە هیچ ماڵێکا
زۆر جۆلانەی نەرم و سادە
بۆ مناڵان هەڵدەبەستم

لە جەژنی لە داکبوونیانا
- کە نییانە -
بەشدار دەبم...
لەباتی مۆم دادەگیرسێنم ئەنگوستم
گڕ بەردەدەم
لە گلێنەی چاوەکانم،
لە ساواترین هەڵبەستم.
* * *
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە:
هەر بێشکەیێک بێتە ڕێگەم،
بە شێنەیی بە سەریا دەنووشتێمەوە
ئاخ، مناڵان!
ئاخ، بەس ئەمجارە بێمەوە.
(١٩٧٥/٥/١٦ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit