ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
وەک چۆن پەڵە هەورێکی پڕ
کەوتبێتە بەر نەقیزەی بایێکی وڕ،
وەک چۆن بەرخێک
گورگێکی هار لە هەناویا بلوورێنێ،
وەک چۆن تاکە هەوێردەیەک
هاشەی باڵی باشووکەیەک
ئاسمانی لێ بگەچڵێنێ:

منیش ئاوام!
خول دەخۆمەوە بێ قۆناخ،
پێڵاوی پێم
پڕی وردەشووشە و پشکۆن،
شاری مۆسکۆ دەستنووسێکە
لێ... بە خەتی بزماریی کۆن!
* * *
ناوچەوانم، ڕۆژنامەیە
بە هەر زمانێک دەردەچێ
بە خۆڕا دەخوێندرێتەوە
خۆی بەپیر خەڵکەوە دەچێ
سیمام، پەردەی سینەمایە و
ڕیزە فیلمێک نیشان دەدرێ:

'ڕۆما مەقەڵەی نیرۆنه'
'هیرۆشیما کارگی گڕی دەرخوارد دەدرێ'
'کوللـە دەگاتە شارەزوور'
'سێدارەیەک لە چوارچرا
چرۆ دەکات و گوڵ دەگرێ... '
* * *
ئەی مناڵە قشتەکانی
پێتەختی ئەشق و کارگە و گوڵ!
ئەمڕۆ لە چاوم سڵ بکەن،
سڵ بکەن... سڵ!
چاو بێپەردە و زمانشڕە،
زۆر دەترسم وەک وەرگێڕێ
لە زمانی داربەڕووەوە
خەم بۆ شەتڵە بریۆزەکان وەربگیڕێ
* * *
ئەی کچانی
پێتەختی عەشق و کارگە و گوڵ!
ئەمڕۆ سنگم
نە ئێوەی تیا ماوە نە دڵ!
وەک بیستوومە،
لە چیاکانا ڕەشەبایە...
نا، ڕەشەبا لەوێ نییە!
ئا لێرەیە،
لە لانکۆڵەی دوێنێ و سبەی ئێوەدایە.
(١٩٧٥/٤/٩ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit