ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
نەتالیای شۆخ ١
لەناو زەریای مەرەکەب و
خوێنی بێبنی پوشکیندا
ماسییەکە،
نە خەم دەخوا، نە پیر دەبێ،
نە چەنگاڵی مەرگی ڕاوکەر
لێی گیر دەبێ.

ئێلزاش هەتا دنیا مابێ ٢
شاژنێکە،
کەژاوەکەی
لەسەر شانی شیعرەکانی ئەراگۆنە،
بەسەر هەر پێنج کۆنتینێنتا ڕادەبوورێ،
وەک تووڕەییی چیاکانی من،
وەک بەستەکانی کۆمۆنە ٣

ئەی مۆنیکا!
نەتالیام تۆی.
ئەی مۆنیکا،
تۆی ئێلزام، تۆی!
لە ساتێکدا، کە دڵتەنگیت،
گەر بە من بێ،
گۆی زەوی دەکەم بە سێوێ،
دەیدەمە تۆ
یاریی پێ بکەی وەک مناڵێ.

کە سەرما هات،
لەچەکت ویست،
ئاسمانی شین دادەگرم و
بۆتی دەکەم بە دەسماڵێ!
****
من دەمەوێ تۆ نەمر بیت!
من دەمەوێ
ئێوارەیەک
لەگەڵ هەورا بباریت و تەواو نەبیت.
من دەمەوێ
سپێدەیەک
لەگەڵ ڕۆژا بۆم هەڵێیت و ئاوا نەبیت.

بەڵام، سەد ئاخ!
من پوشکین نیم.
ئەراگۆن نیم.
دەزانی کێم؟
دەزانی چیم؟
من چڵێکی بەژنچەماوەی شەنگەبیم.
***
مۆنیکای خۆم، نەتالیاکەم!
مۆنیکای خۆم، ئەی ئێلزاکەم
بڕوا بکە،
هەزار جاریش
پەساپۆرتی جاویدانیت بۆ ئیمزاکەم،

لە نێزیکترین سنوورا
پۆلیسەکان
دوای سەرنجێکی شێتانە
مەمکت دەبڕن
ئەوسا لەسەر قاپێک شەراب
ئەنیت دەکەن بە نیشانە.
هەموو هۆیەکەش ئەمەیە:
پاسپۆرتەکەت
نەخشی پەنجەی شاعرێکی
بێ نیشتمانی پێوەیە.

١. نەتالیا گەنکیرۆڤە: هاوسەری ژیانی شاعیری گەورەی ڕووس ئەلێکساندەر پوشکینە.
٢. ئێلزا تریۆلی: هاوڕێی ژیان و سەرچاوەی ئیلهامی شاعیری ناوداری فەرەنسایی ئەراگۆنە.
٣. کۆمۆنە: مەبەست لە کۆمۆنەی پاریسە (١٨٧١ ز) کە بۆ ماوەیەک ڕەشوڕووتانی پاریس دەسەڵاتیان وەرگرت.
(١٩٧٤/١٢/١٦ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit