ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
دەمخوێندەوە...
هێدی هێدی،
بێشکەی ئاڵی خەونەکانم ڕادەهەژاند
وشەکانم،
لە نێوانی زاری من و گوێچکەی ئەودا،
جۆگەی ئاگریان هەڵدەبەست
ئەویش وەکوو مناڵێکی وڕکگرتوو،
برۆکانی گرێ دابوو،
سەرپەنجەکانی خۆی دەگەست!
* * *
بۆم خوێندەوە
دوا هۆنراوەی دەفتەرەکەم بۆی خوێندەوە
گوێم لە پڕمەی گریانێک بوو!
- بۆچی دەگریت؟
+ 'وەک هەر کچێ، چاوەڕێ بووم
لە شیعرێکدا خۆم بەدی کەم،
دڵم پڕ گڕ، پڕ هیوا بوو...
کەچی چوومە بەر ئاوێنەی هەر شیعرێکت
جیوەی سووا بوو! '
(١٩٧٥/١/٨ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit