ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٦٩. یەکەم و دووھەم قۆناخی نەسری کوردی
سەلامێکی گەرم وگوڕ و پڕ بەدڵ پێشکەش بە گوێکرانی ھۆگری ھونەر و بیستیاری ھەستیاری بەرنامەی تاپۆ.

بڕێ لە گوێکرە بەڕێزەکان پرسیاریان کردووە کە بۆ چ لە بەشی وێژەیی ئێران و کوردەواری و بەگشتی لە وێژەی ڕۆژھەڵاتا ھەر باسی شێعر ھەیە و لە بەرنامەکەتاندا ناوێک لە نەسر نابەن. ئەو گوێگرە بەڕێزانە پێیان خۆش بووە بزانن کە نەسر لە کوردەوارییا چ بارێکی ھەبووە و ھەیە.

بەڵێ ئەمە راستە کە لە شەرقا زیاتر باوی شێعر و وتەی رێک و ئاھەنگداربووە تا نەسر و ئەم باسە چەن ھۆی ھەیە کە ئێمە لامان وایە لەبەرنامە پێشووەکاندا باسمان کردبێ، بەڵام وەڵامی پرسیارەکە:

پەخشان یا نەسر لە ئەدەبی کوردییا لکێکی ساوایە، لەبەر ئەمە سەردەمانی پێشوو باری تایبەتی ژیانی کورد نیازێکی زۆری پێی نەبووە.

ئەزانین کە ژیانی کورد بەدوو قۆناخی ئابوورییا تێپەڕیوە: یەکیان ئابووری خێڵاتی و عێڵاتی کە بە ئاژەڵداری و بەخێوکردنی ماڵاتەوە بەستراوە، دووھەمیان ئابووری فێئۆداڵی یا دەرەبەگی نیشتەجێ کە لە سەر زەوی وزار دامەزراوە ھیچ کام لەو دوو ژیانە ئابوورییانە نیازیان بە نەسر نەبووە، چونکە نە واقعە نووسین نە شیکردنەوەی بەوردی ژیان بەچەشنی نەسر پێویست نەبووە و لەگەڵ گیانی ئابوورییەکە نەھاتۆتەوە، تا کاتێ کە شارنشینی و لانی کەم ئابووری سەودا گەری و بازرگانی لە شار پەرە ئەگرێ. بەپێی ئەو پەرەگرتنە گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردیش پەیدا ئەبن و نیاز بەنووسینی نەسر لە ئەدەبی کوردییا خۆی ئەنوێنێ.

ئەم نیازە و ھەروەھاش پەیدابوونی نەسر بەناوی لکێکی تایبەت لە وێژەی کوردییا لە بەرامبەر مێژینەی شێعرەوە ساوا و کەم تەمەنە، لەم تەمەنە کورتەی پەخشانی کوردیشا دوو بەشی جیاواز بەر چاو ئەکەوێ: بەشی ھەوەڵ زیاتر تەرخانی راگەیاندنی مەبەستی رامیارییەو ھێشتا تاشراو و رێکوپێک و لێک و لووس نەکراوە. نەسرێکی پڕ لە زەنازەنا و رمبەرمبە کە زیاتر لە نوتق و خەتابەیەکی ساکار ئەچێ کە جگە لە ڕواڵەتی دەرەوە مانایەکی جوانی لە ناوەڕۆکیا نەشاردۆتەوە؛ بە جۆرێکی تر بڵێم ھێشتا نەسر راسپێری تایبەتی وێژەیی دەس نەکەوتووە و لەگەڵ خەتابە و وتاری ھاندەرانەی دروشمداری رامیاری جیاوازی نییە، نووسەری لەو کاتەدا شارەزایی و پسپۆری گەرەک نییە، ھەرکەس خاوەنی- ھەرچەند کەم و کەم قووڵایی و بێ تێبینی- دەس ئەداتە پێنووس و رووپەرەی ڕۆژنایەک رەش ئەکاتەوە. گاھێ نووسەر ماوە بەخۆی کە مەبەستی تەواو شەخسی وەک سکاڵا لە دەس خزمێکی خۆی یا گلە لە کابرایەکی ئاپۆرەی نەناسراو لە ڕۆژنامەدا بنووسێ. نەسری ئەو کاتە پڕە لە مەبەستی ئەفسانەیی و مێتافیزیکی کە مەزھەب و ڕەوشتی کۆنی ئەفسانەیی ئەخاتە ڕوو، وەک خەو دیتن و ئاوات خواستن، ئەڵێی ھەموو کەس لە دەروونیا دەریایەکە کە سەر ڕێژ ئەکاو پەلەیەتی لە نووکی پلووسکی پێنووسەوە بیڕێژێتە سەر کاغەز.

دوایی ئەم بەشە کەمێک باشترە، ئەگەرچی ھێشتا نەسر نووسین ھەروەک مناڵێک کە خەریکی پێ گرتنە، ھەڵدەستێ و دەکەوێتەوە، بەڵام فێربوونی زمانی بێگانەو کرانەوەی ڕوانگەی ھەراوی وێژەی بێگانە بەتایبەت ڕۆژاوا ماوە ئەدا کە وەرگێڕانەی شوێنەوارە لاوییەکان باو بێ، وەرگێڕراوەکان ناوەرۆکێکی پتەو و بەکەڵکیان ھەیە، بەڵام لەبەر نەبوونی دەسەڵاتی وەرگێڕەکان، وشە ھێشتا ناقۆڵاو نەسازاوە؛ باشە ئەمە بڵێم کە لەو کاتەدا مەیدانی نووسراو ھەر سەر لاپەڕەی گۆڤارەکانەو داستانێ لە زمانی بێگانەوە ئەبێ تەرجەمە بکرێ کە لە لاپەڕەی تەنگ و تەسکی گۆڤارا بگونجێ، بەم چەشنە زیاتری تەرجەمەکان داستانی کورت و نۆوێلن. نەسری تەحقیقی لە بارەی ھۆز و رەگەزی کوردەوە ھەروەھاش وەرگێڕانی شوێنەواری کوردناس و ئۆریانتالیستەکانیش بەرھەمی ئەو کاتە. کارم بەسەر ئەمەوە نییە کە زۆر جار بڕوای سەیر و شیاوی پێکەنین لەم نووسراوانە دەرئەکەوێ، یەکێک ساسانی بەکورد ئەداتە قەڵەم و کەسێکی تر کە یانی بەکورد ئەزانێ و سێھەمی پارتەکان ئەباتەوە سەر رەگەزی مادی؛ بێ ئەوە شارەزای دێرینەناسی و عیلمی تاریخ بن، ئەبینین کە تەنانەت لە مەبەستی تەحقیقیشا ھەستی بە لەز و خورۆشانی گەلی کار ئەکا.
لەبەرنامەیەکی ترا لەسەر ئەم مەبەستە ئەڕۆین و ئەگەینە قۆناخی سێھەم کە لەراستییا قۆناخی دوایی و ئەمڕۆیی نەسری کوردییە. تا حەوتەی داھاتوو خواتان لەگەڵ.

پەراوێز edit