ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٧٠. دوایین قۆناخی نەسری کوردی
سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەر پەرستی بەرنامەی تاپۆ.

لە بەرنامەی پێشوودا باسی نەسری کوردیمان کرد و قۆناخی ھەوەڵ دووھەمی نەسری کوردیمان ھەڵدا و بەڵێنماندا کە ئەمجار باسی نەسری وێژەیی بکەین کە دوایین قۆناخی پەخشانی کوردییە.

لە سەرەتای مەرحەلەی سێھەما، نەسری کوردی ئەکەوێتە سەر بارێکی تر و خۆی لە دەس ھەراھەرای بێ سوود و بێ کاکڵ رزگار ئەکات. ئەو نووسەرانە کە خەشی دڵیان رشتووە و جانتایان ھیچی تێدا نەماوە، ماڵاوایی لەگەڵ پێنووس ئەکەن و ڕوو ئەکەنە ھەرێمێکی تر. نووسەریەتی ئەبێتە بەھرەیەک کەھی ھەموو کەس نییە. ھەروەک شاعیری، نووسەریەتی وێژەیی لە نووسەریەتی تەحقیقی جیا ئەبێتەوە، واتە لێکۆڵینەوەی زانستی ئەدرێتە زانایان و وێژەی ڕووت ئەگەڕێتەوە بۆ لای ھونەرمەندان و عاتفەداران، دیسانەوە ھەر چەن شێعر- لێرەدا نەسر و شێعر- واتە پەخشان و وتاری ئاھەنگدار و ھەڵبەست لەیەک نزیک ئەبنەوە، ھەردووک راسپێریداری شیکردنەوەی بەر و پشتی ژیانی کۆمەڵایەتین؛ ھەر کام بەڕوالەتی تایبەتییانەوە، بەڵام ھێشتا پەخشان ڕێگای رێئالیسمی بەتەواوی نەدۆزیوەتەوە.

ئەمە سەرەتای قۆناخی سێھەمە و لە ئەنجامی ئەم قۆناخەدا دیسانەوە گۆڕانێکی بەرەو باشی دێتە پێش.

نووسەرانی کوردی ئێرانی ھەوڵ ئەدەن رێبازێک کە نووسەری کوردی عێڕاقی پیاسەی بەسەرا کردووە، بێ گرێ وگۆڵتر کەن و ناوەرۆکێک کە لە عێراقا پێکھاتووە پتەوتر و بەھێزتر کەن و نەک ھەر لە باری ناوەرۆکەوە، بەڵکو لە ڕوانگەی دیوی دەرەوە واتە لەباری قالب و «فۆڕم»یشەوە بیڕازێننەوە؛ ھەروەک شێعری نوێ لە عێراقا بە مامۆستا گۆران دەس پێ ئەکا و لە ئێران بەرز ئەکرێتەوە و شوێن ئەگێڕێ، ھەروەھاش پەخشانی کوردی لە ئێران گاھێ شان لەشانی شوێنەوارە بەرزە رێئالیستەکانی جیھان ئەدا، ھەڵبەت لە بیرمان نەچێ کە وزە و ئیمکان و بۆ لوان بۆ نووسەر زۆر شەرتە. بەداخەوە گاھێ لە ئێرانیش پەخشان کەمی ئەکەوێتە ناو تەم ومژی سوررئالیسم و سەمبولیسمەوە و لە ھەرێمی فام و تێگەیشتنی خەڵکی ئاسایی دوور ئەکەوێتەوە. ھەرچی بێ ئەمە ڕەخنەیەکە لەسەر نووسین، لەگەڵ ئەوەشا ئەزانین سەمبولیسم پێتەویستێکی کۆمەڵایەتییە و ئەمڕۆ لانی کەم ناکرێ نەبێ؛ ئەم خۆشاردنەوەی «بووکی مانا»یە لەناو تارای وشە و لە توێی «حەریری تەعبیر»دا بۆ شیعریش ھەر ھەیە. ڕەنگە ھەندێ بپرسن کە ئاخۆ ئەگەر پەخشانێک زۆر ساکار و بێ گرێ وگۆڵ نووسرابێ، یا پارچە شیعرێک کە ئیماژ و ئیستعارەی تێدا نەبێ جیاوازی چییە لەگەڵ وتاری ئاسایی و ڕۆژانە؟

من لام وایە کە ڕاستەقینەی دەرەوە ھەر وەک ھەن پاش ئەوە لە دەروون و ھەستی ھونەرمەندا جێگر بوون دەرناخرێتەوە. عاتفە ڕەنگی تایبەتی خۆی لە ڕاستەقینە و ڕووداوی ناو کۆمەڵ ئەدا. پێوەندێکی زەریف و نادیاری لە نێوان ڕووداوەکانا دروست ئەکا. دوێنێ و ئەمڕۆ و بەیانی بە یەکەوە ئەلکێنێ و ئاکامیان بە چەشنی ھونەرەکەی جا چ نووسینی نەسری، چ شێعری و چ بەشەکانی تری ھونەری پێ دەرئەخا و ئەزانین کە بۆ ئەم دەرخستنە ورد و عاستەمە زمان و وشە و لێکدانەوەیەکی وردیش پێویستە کە ناچارە بەرزتر بێ لە ریزی ئاسایی، بەڵام داپۆشراوی و تەعقید و ئیماژە و ئیستعارەی دوور لە دەسکەوتی دەسکورتی خەڵکی گەڕەک و کۆڵان نابێ ئەوەندە زۆر بێ کە بەتەواوی ھونەرەکە بکاتە شتێکی مینیاتۆری و رواڵەت جوان، بەڵام بێ کەڵک و سوودی کۆمەڵایەتی.

ئێستە تکایە گوێ بگرن بۆ پارچە پەخشانێک کە لە سەرەتای نۆوێلێک وەرگیراوە و شوێنەواری نووسەرێکی نەناسراوی ئێرانییە.

ھەتاوی ڕۆژپەڕی پاییز بزەی ئەڵێی نا بەدڵی ماڵاواییە. خوایە ئەمڕۆ چەن زوو تێپەڕی؛ دیسانەوە یاوی گەرمی ئەم مناڵە بێگوناھە. عەزیز لە بەربەرۆچکی مزگەوت ھەستا، خۆی تەکاند و کەمێ چاوی گێڕا کە خوا حافیزی بکا و بەرەو ماڵ بێتەوە. کەسی نەدی، پێکەنینێک وەک بزەی نا بەدڵی ھەتاوی رۆژپەڕی پاییز کەوتە سەر لێوی... «وا دیارە من لە مێژە سەرم بەرداوەتەوە و خەریکی بیرکردنەوەم، ھەموو ڕۆیشتوون و من بە تەنیا ماومەتەوە». ھاتەوە بیری کە ھەمیشە تەنیا بووە، کەس نییە ھەواڵی تێشکاو بێ. راستی ھەژار بۆ مردن باشە؟! سەری ھەڵێنا لەسەر ئاسۆ چاوی بەداری وشکی چاک کەوت، بایەکی نەرم پەڕۆی شینی دارەکەی ئەشەکاندەوە. ئەو پەڕۆیە خۆی دوێنێ لە دارەکەی ھاڵاندبوو، ئەیزانی ھیچ ناکا، بەڵام باش بوو بۆڵەی لە خێزانی ئەبڕی.

-«تۆ ھیچ ناکەی، نابزوویەوە. ھیوا لەشی وەک پۆلوو ئەگڕێ، تۆش ھەر دەستەو ئەژنۆ دانیشتووی. ئاخر نووشتەیەک ، شەخس و پیرێک».

-«کچێ ئافرەت نەخۆش چی داوە بەسەر نووشتە و دۆعاوە؟! ھیوا سەرمای بووە، گیانی رووتە ئەبێ بیبەینە لای دوکتۆر».

کاتێ بیرەکەی بەم جێگایە گەیشت پێکەنین گرتی:«کام دوکتۆر؟ بە کام دراو؟!» ھەناسەیەکی ساردی ھەڵکێشا، وەک بیەوێ لە دەس ئەم بیرە ئاڵۆزانە راکا، ھەنگاوی ھەڵبڕی بەرەو ماڵ.

-«ھیوا چۆنە، ئافرەت؟»

زۆر بۆ وەڵامەکەی ماتڵ نەبوو. لە بەیانییەوە چو بووە دەرەوە کە پارەیەک پەیدا کا، بەڵام ھیچی بۆ نەکرابوو. چووە سەر سەری ھیوا. لێفەیەکی شڕی بەسەرا درابوو، ھەڵی داوە. ئارەق زەنگۆڵ زەنگۆڵ لەسەر گۆنای گەرمی ھەڵنیشتبوو، ھەناسەی باشتر ئەھات و ئەچوو.

خێزانی پرسی:

-«کارێکت بۆ کرا؟»

عەزیز سەری بەرداوە و بەئەسپایی کوتی:

-«نە، ئەمڕۆ گزیری ئاغا ھاتە دەرکی مزگەوت و دەنگی دام بۆ بێگار، بەیانی جۆماڵە».

خێزانی بە ناڵینەوە کوتی:

-«خوا ھەڵی نەگرێ»

عەزیز وەک کەسێک لەبەر خۆیەوە قسە بکا کوتی:

«ئەمە راسپێری سەرشانی خۆمانە!»
تا حەوتەی داھاتوو بە خواتان ئەسپێرین، شەوتان باش.

پەراوێز edit