ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٦٨. وەڵامی ڕەخنەیەکی ئەدیبانە
ژن:

سەلامێکی گەرموگوڕ پێشکەش بەگوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ.

لە بەرنامەکانی پێشوودا نامەی کاک «مرادی بەختیاری»مان بۆ خوێندنەوە و بەڵێنمان دا لە بەرنامەکانی داھاتوودا وەڵامی بدەینەوە، بەڵام باشترە کورتە و کاکڵێک لە نامەی ئەو گوێگرە خوێندەوارە بەڕێزەمان دووپاتەکەینەوە تا باسەکەمان لەیەک نەپچڕێ و ھەر وەڵامێک لەبەرانبەر پرسیارێکا بێ و ھەر ڕەخنەیەک کە ئەو برا بەنرخەمان لە نووسەری بەرنامەکەی گرتووە لە جێگای خۆیا وەڵام بدرێتەوە.

کاک مرادی بەختیاری نووسیویەتی کە بۆ چ بەرنامەکە چەشنێک لێناکەن کە ھەرکەس خاوەنی چێشکەیەکی ھونەرییە، بتوانێ لەو بەرنامەیەدا خۆی بنوێنێ؟

بۆ وەڵامی ئەم وتەیە ئەڵێین ئێمە لە مێژە لەم بەرنامەیەدا رامانگەیاندووە کە بەرنامەکەمان دەرگایەکی ئاواڵەیە بۆ ھەموو ئەو کەسانە کە بە بەرگ و بارێکی ھونەرییەوە دێن. من ڕەنگە لە ھەموو بەرنامەیەکا جارێکم ئەم مەبەستە راگەیاندبێ کە تاک ھەر چەندە شارەزا بێ - کە من بێگومان نیم - ئاوەزی بە ھەموو لایەک راناگا و ھەرچەندە ھونەرمەند بێ - کە من دیسانەوە نیم - ناتوانێ مەکۆی ھەموو ھونەرێک بێ، تەنانەت تاک لەیەک بەشی ھونەریشا ناتوانێ بیرورای لەسەدا سەد دروست بێ. ئێمەش ھەروەک کاک مراد نووسیویەتی لامان وایە بڕوای ھونەری و لێکدانەوەی عاتیفی ھەموو کەس لەیەک جیاوازی ھەیە، بەڵام من ناچارم لە راگەیاندنی ئەو شتانە کە بەلای منەوە باش و راستن ھەروەھاش ناچارم بێ بەزەیی ھەموو دەوروپشتی ئەو شتانە کە لە ھونەرا بەلامەوە دواکەوتوو و دزێون روون بکەمەوە، بێگومان ھەر کەسێ بۆ خۆی رێگا و شوێنێکی ھەڵبژاردووە کە پاش ھەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەی پێی گەیشتووە و ئەو بیر و بڕوایە کە ھەیەتی ئەیکاتە تەرازووی ھەڵسەنگاندن و دیاریکردنی بەر جەوەند و نرخی شێوەیەکی ھونەری.

ئێمە ھەزار جارمان کوتووە و دیسانەوە ئەیڵێمەوە کە ئەو ھونەرە بێ دەربەستانە کە جەنبەی دینامیکی و لافی بزووتن و ژیان و بەرەوپێش بردنی قافڵەی کۆمەڵیان تێدا نییە، بەلامانەوە بێ نرخ و بەتاڵن، لامان وایە ھونەرێ کە تەنیا فۆڕم و قالبێکی مینیاتۆڕییەو ھیچی تر و چەشنی دەھۆڵی دەنگ زلی بێ ناوەڕۆک مێشکی کۆمەڵ دێنێتە ئیش، دژی ھونەری راستەقینەن. ئەگەر بێ ئینسافی نەکەن ئێمە لەسەرەتای پەیدابوونی ھونەرەوە پێداھاتووین و بە چەشنێکی گشتی ئەم باسەمان شی کردۆتەوە کە ھونەر چۆن پەیدا بووە و بەڵگەی بە نرخمان لە مێژووی کۆمەڵایەتی بەرەی ئادەمیزادی بە دەستەوە داوە و ھەروەھاش قسەی مامۆستایانی ھونەر و کۆمەڵ ناسیمان کردۆتە شاھید میسال. ھەڵبەت لە پێش ھەموو شتێکا تایبەتییەکانی شێوەیەکی وێژەییمان ھەڵداوە و تا ئەو جێگایە لە وزەی دەسکورتی زانست و ماوەماندا بووبێ ھەوڵمان داوە ھۆی گەشانەوە و پەرگرتن و کزبوون و لەناوچوونی شێوەکە لە باری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دیاری کەین. وەک ئەزانێ، ئەگەر دیسانەوە بە تەوازوع و خۆ بەکەم زانییەوە نەفەرمووی نازانم، ھونەر و ھەموو کاروبارێکی تری کۆمەڵایەتی وەک لیزگەی زنجیر بەیەکەوە بەستراون و ھەموویان تەئسیری موتەقابیل و کاری دوولایەنیان لەسەر یەک ھەیە.

ھەڵبەت من بە پێچەوانەی «برتراندراسل» لام وا نییە ئەگەر لووتی «کلئۆپاتڕا» کەمێک کورتتر بوایە، جیھان ئەمڕۆ بە قۆناخێکی ترا تێئەپەڕی، چونکە نەخش و تەئسیری تاک ھەر وەک «پلێخانۆف» بەکەم ئەزانێ لەسەر ناچاری مێژوویی و لەسەر کاری کۆمەڵایەتی؛ بەڵام ئەمەی کە ئەمڕۆ ئێمە قسەی لێ ئەکەین ھونەرەو ھونەر کاری تاکی نییە. راستە کە تاک ئەیخوڵقێنێ، بەڵام کارێکی گشتی و کۆمەڵییە. ئەمەش تایبەتی بێ کەم و زیادی کاری کۆمەڵایەتییە کە کار ئەکاتە سەر کۆمەڵ و لە کۆمەڵەوە کاری ئەکرێتە سەر. بەم چەشنە دەرئەکەوێ ماشەرەبەنی وەھا ئاڵۆز کە ھەر سەرەی بە شوێنێکەوە بەستراوە، دۆزینەوەی جەمسەری کارێکی دژوارە و من کە خۆم لەگەڵ ئەو پشێوەو ئاڵۆزییە وا خەریک ئەکەم، ھەڵبەت ھەروەک یەکێک لە ئێوە مافی ئەوەم ھەیە کە شێوەیەکم بە لاوە پێ باش بێ.

کاکی من بێگومان تۆ ئەوەت بەگوێ گەیشتووە کە ئەڵێن نووسەر پێویست نییە بتوانێ ئاکام لە نووسراوەکەی خۆی وەربگرێ، ئەو راسپێری ھەر ئەمەیە کە باش و خراپ ڕوون بکاتەوە. بەلای منەوە نووسەر و ھەموو ھونەرمەندێکی تر لە پێش ھەموو شتێکا ئادەمیزادێکە کە ھەموو تایبەتییەکی ئەندامانی تری کۆمەڵی تێدایە و ھەر ڕوونکردنەوەو دەرخستنی باش و خراپ خۆی چەشنە ئاکام وەرگرتنێکە. ئەوەی کە ئەڵێن ئاکام وەرنەگرێ مەبەست ئەمەیە کە نووسراوەکەی نەکاتە مەیدانی شیعار و رمبەرمب، دەنا ئەوەی کە «داستایووسکی» ئەنووسێ پەیکەرەی سی ساڵ چەوسانەوە لەبەرامبەر دەرەبەگی بەرچاو بەچلچرا روونەوە راوەستابوو، مەبەستی کابرای فەلایە؛ خۆی ئەتوانێ ھاندەرانەترین ئاکام بێ. دیارە کە داستایووسکی لایەنی فەلای چەوساوەی گرتووە و بەسیحری وشە ھەژاری و زۆرلێکراوی ئەوی لە بەرامبەر دەرەبەگی تێروتەسەل و زۆردار دەربڕیوە.

ئادەمیزاد ئەویش کەسێک کە کاری ھونەری ئەکا، چ نووسین بێ، چ شێعر، چ نەقاشی، چ پەیکەرەسازی و ئەو کەسانە کە ڕەخنەگر و ھەڵسەنگێنەری شوێنەواری ھونەرین، وەک ھەموو کەسێکی تر خاوەنی ھەستی خۆش ویستن و ناخۆش ویستنن و ناتوانن کەنار بن لە کێشەری ویست و ئاواتیان. جگە لەمانە تکایە «کاک مراد» ئادەمیزادێکی لایەن نەگرم نیشان بدا و بەواتەی کوردی سەرم بشکێنێ.

بەڵام ئەوەی کە من لە ھونەرا خەریکی دروستکردنی چێشکەی ئیستاندارد و یەک چەشنم. برای خۆشەویست وای دائەنێن کە بڕوای من لە ھونەرا بڕوایەکی باش بێ، جا لەو حاڵەدا لاوەکانمان زیانێک نابینن لە شوێن گرتنی بڕوای من و ئەگەر دروست نەبێ لەسەر ئێوە و ھەڤاڵانی تری وەک ئێوەیە کە ھەڵەکانم راست بکەنەوە تا گوێگرەکان تووشی ھەڵە نەبن. ئەمانە لە کاتێکدا ئەگونجێ کە من کارەکەم کاری ھونەری رووت بێ. من لەم بەرنامەیەدا زیاتری کارم لەسەر نەقد و ھەڵسەنگاندن ساغ بووەتەوەو ئەگەر لاوێک بڕوای منی بە لاوە دروست بێ، ئەمە ئیتر دروستکردنی چەشکەی ئیستاندارد نییە. خۆتان ئەزانن کە من ئامادەم بۆبیستن و وەرگرتنی ئینتقاد و بەئاوات ئەخوازم گوێگرانی بەڕێز ھەموویان چەشنی ئێوە گوێ بگرن بۆ بەرنامەکە و ئەگەر تووشی ھەڵەیەک ھاتن کە بێگومان بیری ورد و ئاوەزی بەکار و چەشکەی پاراوتان زۆر لە بەرنامەکەدا تووش دێ، بۆمی بنووسن و منەتبارم کەن. ئەوا ئێوە و ئەوەش بەرنامەکە، دەیجا فەرموون بەخێر ھاتن.
تا حەوتەی داھاتوو بەخواتان ئەسپێرم. شەوتان باش.

پەراوێز edit