ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٦٧. ڕەخنەیەکی ئەدیبانە
سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەر پەرەستی بەرنامەی تاپۆ، ھیوادارین کامەران و بەختیار بن و پێوەندی خۆتان لەگەڵ ئێمەدا بەھێزتر کەن و ھەر وەک لە بەرنامە پێشووەکاندا کوتوومانە، شەکەتیمان بە رەزامەندی ئێوەی بەڕێز لەم کارە کۆمەڵایەتییە کە بە ئەستۆمانەوەیە لائەچێ و پاداشی خۆمان وەرئەگرین.

گوێگرێکی بەڕێز لە سنەوە پرسیاری کردووە، بۆ چ ئێمە ئەم بەرنامەیەچەشنێک لێ ناکەین کە وەک ماڵی گشتی یا پارک و باغی نەتەوایەتی، ھەموو کەس بتوانێ بچێتە ناویەوە و بڕوای ھەرچی ھەیە سەبارەت بە ھونەر دەربڕێ؟

کاک مرادی بەختیاری کە وەک خۆی نووسیویەتی ساڵی شەشی ناوەندییە و بەم چەشنە درێژەی بە باسەکەی داوە: «ئایا ئێوە لاتان وانییە کە بڕوای ھونەری وەک بڕوای زانستی نییە کە ناچار ھەموو وەک یەک بن؟ ئایا لاتان وا نییە کە ھونەر پێوەندی بە عاتیفەو چێشکەوە ھەیە و قەتعیەتی بەشی زانست لە ھونەرا نییە؟ کە وەھایە ئەبێ ئەمەش بزانن کە بڕوای تاکێک با زۆریش مامۆستا و لێزان بێ، ناتوانێ بۆ ھەموو کەس ببێتە جێگای چاو لێکردن و سەرمەشق. ھونەر ھەزار رێگای لێ ئەبێتەوە کە گشتیان ئەگەنە ئاکام. لە زانستا شوێنی زانایەکی پێشوو کەوتن و بەکەڵک ھێنانی تاقیکاری زانستی ئەو، تەقلید نییە. ئێستە کەس ناڵێ نابێ شوێن ئەو کەسە کەوم کە لە پێشا کەشفی کرد زەوی خڕە، یا مانگ بە دەورییا ئەسووڕێ یا ھەموو جەغزێک خاوەنی ٣٦٠ دەرەجەیە، بەڵام لە ھونەرا تەقلید و شوێن گرتن بێ ئەوەی ھونەرمەند خۆی چێشکەیەکی تایبەت لە کار بێنێ و ڕێگایەکی سەربەخۆ بدۆزێتەوە، شتێکی نا پەسندە.

ئەڵێن سەعدی غەزەلی باو کردووە. ئەمە خۆی ھونەرێکە، بەڵام حافزیش ھونەرمەندە چونکە نەیویستووە ڕاستە و ڕاست پێ لەجێگای پێی سەعدی بنێ، لەگەڵ ئەوەشا غەزەلی کوتووە و تام و بۆنێکی چێشکە و لێکدانەوەی تایبەتی خۆی ئاوێتە کردووە. زۆر شاعیری وامان ھەبووە و ھەیە کە نوسخەی بەدەڵی شاعیرێکی گەورەن و ڕەنگە لە تەقلیدکردنی شاعیرە گەورەکەشا زۆر ھونەریان نواندبێ، بەڵام ھەرگیز نەبوون بە شاعیرێکی ناسراو و ئەگەر کەسێک بیەوێ تاریفی شاعیرێکی ئەوتۆ بکا ھەر ئەوەندە ئەڵێ کە بەڕاستی جوان توانیویەتی شوێن فڵان شاعیری گەورە بکەوێ. لە راستییا ھونەرمەندی ئەوتۆ، شەخسیەتێکی جەنبی و ھەڵپەسێراوی ھەیە. خۆی نییە بەڵکو دەنگدەرەوەی شەخسیەتی کەسێکی ترە؛ جا ئەمەش ئاشکرایە تا نوسخەی ئەسڵی ھەبێ، کەس مەیلی گوێگرتن و خوێندنەوەی نوسخەی بە دەڵی ناکا. کەوابوو ماوە بدەن کە چێشکە پاراوەکان و زەوقی لاوانی گوێگر بکەونە ھەوڵ. با خۆیان رێگایەک لە ھونەرا بدۆزنەوە. من لام وایە ئەم بەرنامەیە دەسەڵاتێکی ئەوتۆی لەسەر ھونەرمەندانی لاو ھەیە کە ئەیانگرێتە ژێردەست. ھەروەک ئەگونجێ ئەو سێبەرە کە لەسەر سەریانی ئەکا لە گەرمای ھاوین بیانپارێزێ، ئەگونجێ بەری رۆژی گەرمیشیان لە چلەی زستانا لێ بگرێ».

کاک مراد پاشان نووسیویەتی: «باشتر ئەوەیە کە نووسەری بەرنامەکە تەنیا ڕێگا پێشان بدا و ئەو شتانە کە ئەیزانی و پاش ھەوڵێکی زۆر بە دەستی ھێناوە لە بەرنامەکەدا بۆ گوێگران روون کاتەوە، ئیتر کاری بەسەر ئەمەوە نەبێ کە کامە رێگا باشە و کامیان ھەڵەیە. بە واتەی خۆی تەرازوویەک ھەڵنەگری کە بەرد و وەزنەکانی و سووک و قورس کردنی تای تەرازووەکە ھەر خۆی بیزانێ و کەسی تر. بۆ نموونە کاتێ باسی شێوەیەکی ھونەری ئەکا، بڵێ کە چۆن پەیدا بوو و ھۆی پەیدا بوونی چ بوو، گەورەیانی ئەو شێوەیە کێ بوون، تایبەتییەکانی شێوەکە چین، کەی دوایی ھات و لەبەر چی. نەک پێشداوەری بکا و لە ھێزی زانستی ھونەری خۆی کەڵک وەرگرێ بۆ ئەوە شێوەیەک بکوتێ و لەبەر چاوی خەڵکی بخا و شێوەیەکی تر کە خۆی لەبەر ھەر ویستێک کە ھەیەتی پەسەندی کردووە بەرز کاتەوە و ماوەی بیر کردنەوە و ھەڵسەنگاندن لە گوێگر ببڕێ و وزەی وەکار کەوتنی چێشکە و لێکدانەوەی نەداتێ. ڕەنگە کەمێک دوور لە ئەدەب بێ، بەڵام یارییەک ھەیە لە کوردەواری کە باشە لێرەدا باسی بکەم. یارییەکە بەم چەشنەیە: چەن کەس دائەبن و چەن کەسی تر بە سەریانا باز ئەدەن. ئەو کەسە وا ناتوانێ باز بدات تەنیا دەس ئەنێتە سەر پشتی ھەواڵی دابوو و ئەڵێ: «بە گوێی ماموەستام».

ئاخۆ باشە لاوەکانمان ھەموو بڵێن بە گوێی ماموەستا سوارە؟ من ئەو نووسەرەم زۆر پێ ھونەرمەندە، بەڵام لەگەڵ ئەو کارەشیا موافق نیم کە ئەیەوێ چێشکەی ئیستاندارد و یەک چەشن ساز بکا.

من خۆم ڕەنگە بزانم ئەم موشکلەیە چۆن پەیدا بووە. لام وایە نووسەری بەرنامەکە وابیر ئەکاتەوە ئەتوانی ھەرچی وا خۆی خوێندوویەتی و کردوویەتی و دیویەتی و بەھەموویانەوە بەواتەی فارسی دیدی ھونەری و لێکدانەوەی زانستی و فەرھەنگی ئەویان پێکھێناوە لە چەند بەرنامەی کەم ماوەدا، ئەویش لە پشت میکرۆفۆنی رادیۆوە کە تەنیا یەکجار وزەی گوێگرتن ئەدا بە بیستیار، فێری گوێگرانی خۆی بکا. من خۆم خوێندکارم و لە ماوەی خوێندنمدا زۆر ماموەستای وەھام دیوە کە ئەوانەی خۆی ئەیانزانێ و بەدیھییاتی ئەوەڵییەیان دائەنێ، لای وایە کە خوێندکارەکەشی ئەبێ بێگومان بیانزانێ و لەسەر ئەم بڕوا ھەڵەیە دەرس ئەڵێتەوە. بۆ نموونە، ئەڵێ فڵانە شاعیرە پێڕەوی فڵانە شاعیری تر بووە و بێ ئەوە ھیچی لێ زیاد بکا تێئەپەڕێ، لە کاتێکا بۆ خوێندکار، ھەر وەک شاعیری دوایی نەناسراوە، شاعیری پێشووش کە پێڕەوی لێوە کراوە نەناسراوە و لەراستییا دژواری و موشکلە ئەبێتە دووان. ماموەستا سوارەش ئەڵێ ئەزانین کە شێوەی دادائیسمی ئورووپا شێوەیەکی پاشەرۆک و بێ ناوەرۆکە و ھەر شێوەیەکی تریش کە باری کۆمەڵایەتی تێدا بەھێز نەبێ ھەر وەھایە.

کەس نییە و ڕەنگە من ھەوەڵ کەس بم کە وێراومە بەم برا نووسەرەمان بڵێم ماموەستا دادائیسم کامەیە؟ بازی کۆمەڵایەتی بەچی ئەڵێی؟ ئاخۆ لات وایە بۆ تاقمێ خوێندەواری زانای وەک خۆت قسە ئەکەی یا بۆ من و ھاوتای من؟ ! ئەگەر بۆ خۆت و وەک خۆتە ئەمە ئیتر کوتنی ناوێ. مەگەر بڵێی سەرتاشی بێکارم، سەری ھەواڵانی سەرتاشی ترم ئەتاشم! ئەگەر بۆ ئێمەشە تکایە بەپێی زانستمان بدوێ و بەرەبەرە بچۆ پێشەوە. بەرنامەکانت کورتە، مەبەستەکانت دژوارن و گوێگرەکانت ھەموویان شارەزا نین. ببوورن کە ماوەتم گرت و ھەرچی لە دڵما بوو کوتم. ئەوە بزانن کە مەبەست باشتربوونە نەک ڕەخنەگرتن».
لێرەدا نامە جوان و رێک و پێکەکەی کاک مراد تەواو ئەبێ و ئێمە چونکە پێمان حەیف بوو ھەموو نامەکەتان بۆ نەخوێنینەوە ماوەمان نەماوە وەڵامی بدەینەوە، بەڵام گوێگرانی خۆشەویست ئەوە بزانن کە ئێمە ھەرگیز خۆمان بێ نیاز نازانین لە رێنوماییتان و ھەرگیز بە رەخنەتان دڵمەند نابین و ھەمیشە ئامادەی بیستن و کەڵک وەرگرتنی رێ بەدیکاریتانین. تا بەرنامەی داھاتوو کە وەڵامی ئەم گوێگرە بەڕێزە ئەدەینەوە خواتان لەگەڵ. شەوتان خۆش.

پەراوێز edit