ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٦٦. گەوەرە شێت
ھەموو ھاوینێک ئاوایییەکەی ئێمە چەند ڕۆژی سەرەتایی جموجووڵێکی تێ دەکەوت؛ ھەر دووکەس کە ئەکەوتنە یەک، باس ئەبوو بە باسی «گەوەرە شێت». لە کانی ژنان، لەسەر خرمانان، لە مزگەوت و حوجرەی فەقێیان، لە ھەموو شوێنێک باسی گەوەرەشێتیان دەکرد. گەوەر ئافرەتێکی شێت و سەرگەردان بوو کەس نەیدەزانی سێ وەرزی دیکە بۆ کوێ ئەچێ و چۆن ئەژی؛ تەنیا ئەوە ئاشکرا بوو کە ئەو یەکەم ڕۆژی ھاوین لەگەڵ یەکەم گزنگی خۆر لەسەر ئاسۆ دەردەکەوت، کەمێک لەبەرزایی سەر گۆڕستانی ئاوایی رائەوەستا و چاوی ماندوو و شڵەژاوی بەھەر چوار لای گۆڕستانەکەدا ئەگێرا. بای بەیان شڕۆڵی جلوبەرگەکەی رائەشەکاند، لەو کاتەدا لە خودای کوڵوڵی یۆنانی کۆن ئەچوو، پاشان وەک خەونێکی پڕ ماتەم ئەھات بۆ ناو جەرگی ئاوایی و لەگەڵ خۆیا ھەزار ئەفسانە و راز و خەیاڵی لە دڵی دانیشتووانی دێدا ئەبووژاندەوە. ئەوانەی وا تەمەنیان زۆرتر بوو ئەیانگوت گەوەر تەمەنی لە سی تێناپەڕێ، بەڵام زۆر حەستەم بوو کەسێ ڕواڵەتی تێکشکاوی گەوەر ببینێ و بڕوابەم قسەیە بکا، ئەتکوت بە نووکی گاسنی ڕۆژگار، چیمەنی سەرسەوزی تەوێل و گۆنای ھەزار کووزی خوار و چەوتی تێکراوە، بەتایبەت نیگای بێ گیان و بێ دەربەستی کە نەتئەزانی تەوس و توانجی پتر تێدایە یا رق و تووڕەیی. ھەرگیز نەبوو کە تۆ گەوەر ببینی و ترووسکەی بێتین و تیژ تێپەڕی زەردەخەندەیەک لە سەر لێوی نەبێ، بەڵام ئەو زەردەیە زوو ھێلانەی وشک و چۆڵی لێوی بەجێ ئەھێشت و ئەبوەوە بە پەیکەرەی خەم و دەرد. ھەموو مێژووی ژیانی ئادەمیزاد، ھەموو سەرکەوت و تێشکانێک لەیەک کاتی کورتا ئەوەندە مەلی نیگای تۆ لە چاوتەوە ھەڵفڕێ و بگاتە سەر وشکارۆی روخساری ئەو، وەک برووسکەی شەوێکی بە ھەوری بەھار، ڕۆشن ئەبوو و ئەگوژاوە.

من ھەمیشە بەتاسەوە بووم، وەک مەراقێکی وەدی نەھاتوو ئەم ویست بتوانم قسەی لەگەڵ بکەم، چونکە زۆرم ئەفسانە و داستان سەبارەت بەم ئافرەتە بیستبوو، یەکێک ئەیکوت جنۆکە دەستیان لێ وەشاندووە، یەکی تر ئەیکوت حەزی لە گەنجێک کردووە و پێی نەگەیشتووە، لەبەر ئەمە شێت بووە، بەڵام ھیچکام لەم داستانانە بۆ من جێگای بڕوا نەبوو. ڕۆژێک ئاواتم وەدی ھات؛ کاتێ کە بەیانی زوو وەک ھەمیشە ئەچووم تا لە بێدەنگی بەیانییا کەمێک لە کەناری رووباری بچووکی قەراخی ئاواییا دابنیشم و ھەندێ بیر لە ھەڵپەی بێوچانی ئادەمیزاد بکەمەوە، نەرمە ئاھەنگی ئاوی رووبار کە دەنگی ئەو پەڕی دیواری پۆڵایینی تەمەن بە گوێی مڕۆڤا ئەچێنێ و سەری بەرزی چیا کە لەگەڵ چەن پەڵە ھەوری سپی و نەزۆکا راز و نیازیەتی و ھەرگیز ئادەمیزاد نازانێ کە سروشت چی لە دڵایەو بەم بێ دەنگییە کە لە ھەموو ھاوارێک، لە ھەموو بانگەوازێک بەرزترە، ئەیەوێ چی بە ئادەمیزادی سەرلێشێواو بڵێ؟ !

کێشێکی بەھێز کێشامی و لە پاڵ دەستیا دایمەزراندم، بێ ئەوە رووی وەربگێڕێ و بزانێ من کێم، کوتی:

-«تۆش لە تەنیایی وەڕەز بووی؟»

ھیچ دەنگم نەکرد. درێژەی دا:

-«بەڵێ ئادەمیزاد زۆربەیان تەنیان، لەگەڵ ئەوەشا کە بەڕواڵەت ھەزار ھەڤاڵ و خزم و کەس و کاریان ھەیە.»

لام سەیر بوو کە ئافرەتێکی شێت ئەم قسانە بکا. بە ئەسپایی و بە چەشنێ کە نەیسڵەمێنمەوە پرسیم:

-«تۆش تەنیای؟»

بە تەوسەوە روانی بۆم و دیتم کە لە نزیکەوە ئەکرێ جاڕی جوانییەکی نەماو لە زەوی پڕ لە خاڵ و خەوشی دەم وچاویا بەدی کەی.

کوتی:

-«ئەوساڵەش ھەر ئەم وەرزە بوو کە ئەو ڕۆیشت و من تەنیا کەوتمەوە.»

بەدوودڵیەوە پرسیم:

-«ئەو کێ بوو؟»

دیار بوو بیرەوەری تاڵی ھاتۆتە خورۆش و سەر ڕێژ ئەکا. کەمێک چاوی بە دەوروپشتا گێڕا و کاتی دڵنیا بوو کەسێ بە دەورو پشتمانەوە نییە، کوتی:

-«کۆڕپەکەم، کۆرپەی نازار و خۆشەویستم!»

دەنگی ئەتکوت لە ژێڕ چاڵێکی بێ بنەوە دێتەدەر؛ کپ و خەماوی بوو. لەسەر قسەکەی ڕۆیشت:

-«باوکم زۆر دەوڵەمەند بوو؛ زیاتر لە دیوەخانی ئاغابوو، بەھارێکی سەوزی خەیاڵاوی کە یەکەم بەھاری گەنجی من بوو، فەقێ مارف ھاتە ئاواییەکەمان و ھێندەی پێ نەچوو کە من و ئەو دڵمان دا بەیەک. ھاوین ھات و گەرمای ئەوینی ئێمەش لەگەڵ گەرمای ھەوا ھەر ھات و زۆرتر بوو؛ بەڵام باوکم ئامادە نەبوو من بدا بە فەقێیەک کەبە واتەی ئەو نەیدەزانی کوڕی کێیەو لە کوێوە ھاتووە. لایەکم ئەوین بوو کە بانگی ئەکردم بۆ بەھەشتی خەیاڵاوی ھەمیشە بەھار، ئەو لای ترم باوکم بوو کە لەبەر چاوم ببوو بەڕواڵەتێکی دزێو و ھەڕەشەی لێئەکردم کە ھەنگاو نەنێم بۆ لای ئەو گوڵزار و بەھارە کە ناوی ئەوین بوو. کوتم کەمن گەنج بووم، گەنجێکی تازەساڵ و نەمدەزانی لەم ناوەدا چی بکەم.

با سەرت نەھێنمە ئێش؛ من پاش دوو ساڵ ببووم بە دایکی کوڕێک کە لەگەڵ فەقێ مارفا ئەتکوت سێوێکن و کراون بەدوو کوتەوە، بەڵام فەقێ مارف ھەر ئەوەندە مێردی من بوو؛ پاشان ڕۆیشت و منی تەنیا بەجێ ھێشت. کاتێ کۆرپەکەم ببوو بە ھەشت ساڵە، لەپڕ نەخۆش کەوت؛ من پارەم نەبوو کە بیبەمە لای دوکتۆر، باوکیشم لێم بەرقدا کەوتبوو و ماوەی ئەو دە ساڵە قسەی لەگەڵ نەکردبووم، تەنانەت ئەو ڕۆژەش کە چوومە لای داوام کرد پارەیەکم بداتێ، بە توانجەوە کوتی ئەم کوڕە باوکی ھەیە، بۆ داوا لە فەقێ مارف ناکەی پارەی دوکتۆر و دەرمانی بۆبدا؟ پاڕانەوە و گریانی من دڵی وەک بەردی باوکمی نەرم نەکرد، کاتێ گەڕامەوە، گۆشەجەرگم، سۆمای چاوم لە جێگاکەیا...».

وا دیار بوو نایەوێ لەمە زیاتر قسە بکا، چونکە بێدەنگ بوو و چاوی بڕییە گۆڕستانی ئەوپەڕی. رووبارەکە تاوی بەسەر کشابوو و لەپێکەنینی توانجاوی ئافرەتێکی کوڕمردوو ئەچوو.
تا حەوتەی داھاتوو خواتان لەگەڵ.
١٩٧٤/١٢/١٥

پەراوێز edit