ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٦٥. ڕاسپێری ھونەر
سەلام لە گوێگری بەزەوق و چێشکە پاراوی بەرنامەی تاپۆ.

زۆر کەس لە خۆی ئەپرسێ کە ئایا ھونەر وێنەی زانست، پێتەویستی ژیانی ئادەمیزادە، یان نە؛ ھونەر لە کۆمەڵا چ نەخشێکی بەدەستە و ڕاسپێری چییە؟ ئاخۆ ھونەر بۆ ئادەمیزاد لەو شتانەیە کە ئەگەر نەبێ زیان ئەگەیەنێ بە مرۆڤایەتی؟

لە زۆر کەسمان بیستووە کە بۆ نموونە «ھونەری شاعیری» بێ بایەخ ئەدەنە قەڵەم و تەنانەت تاقمێکیش ھەن کە شێعر و شاعیری بە ڕاگر و گنخێنەر و خنکێنەری کۆمەڵ ئەزانن. ئەوانە بێ ئەوە بیر بکەنەوە کە ھونەر و زانست دوو لفەدوانەی کۆششی مێشک و ئاوەزی ئادەمیزادن، لانی لایەنگری زانست ئەگرن و ئەڵێن زۆر خوو بەھونەر گرتن و زۆر پەرژانە سەر ھونەر ڕێگای بەرەوپێش چوونی زانست ئەگرێ، لەکاتێکا ئەگەر مێژووی خەباتی ئادەمیزاد لە ھەوەڵی پەیدابوونی کۆمەڵی کلانییەوە (CLAN) تا ئەمڕۆ بزانن ھەرگیز بڕوایان وەھا نابێ کە ھەیە.

ئادەمیزاد جیاوازی ھەرە گەورەی لەگەڵ گیاندارانی ترا ئەوەیە کە بەدیھێنەری ھونەرە، بەشێکی کەم و کووڕ لە زانست تەنانەت لەناو گیانداریشا ھەیە، بەڵام ھونەر تایبەتی ئادەمیزادە؛ لەو کاتەوە ئادەمیزاد دابەش بووە بەدەستە و تاقم و بەیەکەوە ژیاوە، واتە لەو ڕۆژگارەوە کە ژیانی خێزانی و بنەماڵەیی واتە کلان دامەزراوە، ئادەمیزاد ھونەری ناسیوە و گرنگترین ڕاسپێری خراوەتە ئەستۆی ئەو بەشەی مەعریفەتی ئینسانی. وشە و دەنگ و بزووتن، بەریز وێژە و مووسیقا و وێنەگری و سەمایان پێکھێناوە، تەنانەت ئایین و ئوستوورەی «ماوراء الطبیعە» بەرھەمی پەنجەی یەزدانی و خوڵقێنەری ھونەرن؛ ھونەر ھەمیشە لە درێژایی مێژووی ژیانی ئادەمیزادا چرایەک بووە بۆ ڕۆشنکردنەوەی بەرپێی زانست. ھەر کات ئادەمیزاد بەھۆی ئاوەزی کەم وکورتیەوە دامابێ لە گەیشتنی بەئاواتێک، پەنای بردۆتە بەر جیھانی پان و بەرین و بێ پەرژین و لەمپەری ھونەر؛ ئەو جیھانە وا ڕاستەقینەی وشک و زبری دەوروبەری ژیانی ئادەمیزاد ناتوانێ گەمارۆی بدا و تەنگی پێ ھەڵچنێ؛ زانست ناچارە ھەر لەو شتانەی وەرگرێ کە لە دەوروپشتی ھەن و خاوەنی مادە و جسمن، بەڵام ھونەر لە دەریای بێ بنی عاتیفە و خەیاڵ سەرچاوە ئەگرێ؛ لە ھونەرا ھیچ بەرگێگ نییە کە پێش بەئاواتی ئادەمیزاد بگرێ. لەو جیھانەی ھەڵفڕین ھەیە، خەوبینین ھەیە، جوانی بێ خەوش و خاڵە. ھونەر تا ڕادەیەکە ئاوات بڕوا ئەتوانێ ھەڵفڕێ. بێ ئەوە جیھانی ڕاستەقینەش لەبیر بەرێتەوە. ھونەر پردێکە لە واقعیەتەوە ھەڵبەستراوە بۆ حەقیقەت. ماکسیم گۆرکی نووسەری بەرزی رووس ئەڵێ ھیچ بەرھەم و داھاتێکی زەوقی ئادەمیزاد نییە کە بەھرەیەکی لە ڕاستەقینە نەبێ. زیھنی ئادەمیزاد ئاوێتەیەکە لە ئاوات و ڕاستەقینە. «قالیچەی باڵدار»، «چەکمەی خۆش ئاژۆ»، «دراکۆڤلان» (DRACOVLAN)، «کڵاوی سەخری جن»، «ھەڵفڕین و تەنوورەی دێو»، «چەرخ و فەلەکی پیرەژن»، ھەموو نوێنەری ھەڵپەی بێ وچانی ھونەرن بۆ دۆزینەوەی ڕێگای زاڵبوون بەسەر فەزا و ئاسمانا و دەرچوون لە کێشەر و پێوەندی خاک، بەتایبەت «چەرخ و فەلەکی پیرەژن» تەواو باری سەنعات و زانستی تیا بەھێزە؛ ئێستە واباشە ھەرکام لە سێ وشەی «چەرخ» و «فەلەک» و «پیرەژن» وردبینەوە، تادەرکەوێ کە ئیستعارە و سەمبول سازی چ کارێکی کردووە.

چەرخ لەمێژە بەنیشانەی بزووتن و حەڕەکە ئیستعارەیە کە بۆ زانستی میکانیکی و فیزیکی چەرخی چاڵاو کە بەکوردی پێی ئەڵێن کۆل و بیر، ھەڵبەت کۆلی تەنیا بەکەرەسەی بووزووتەنینیش ئەڵێن، چەرخی چاڵاو ڕەنگە یەکەم دەزگایەکی سنعاتی بووبێ کە بەشەر کردوویە بە خزمەتکاری خۆی، تەنانەت ئێستەش لە ھونەری نەقاشییا لە سەبکی «ئەمپر سیۆنیسم»ەوە تاشێوە نوێیەکان «چەرخ» واتە و مەفھوومێکی ئیستیعارەیییە بۆ زانستی میکانیکی، «فەلەک» واتە ئاسمان ئەو فەزا بەرینەیە کە ئادەمیزادی سەرزەوی ئەلکێنێ بەئەستێرە گەشەکانەوە و بیری ھەستیارانەی بەشەر ھان ئەدا بۆ پشکنین و سەردەرھێنان و زانستی کورتە و وزەی فڕینی بیر و خەیاڵی زۆر و بەربڵاوە، بیر ئەکاتەوە کە چەند سەیر ئەبوو بیتوانیایە بەچەرخێک واتە کەرەسەیەکی میکانیکی بەسەر ئەم ڕێبازە بێ گرێ و گۆڵەی فەلەکە دا باڵ بگرێتەوە، چونکە ھەروەک شاعیری ئێرانی ئەڵێ:
شنیدستم که هر کوکب جهانی است
جداگانه زمین و آسمانی است

بەڵام بزانین «پیرەژن» لەم کارەساتەدا نەخشی چییە؟ پیرەژن ڕەمزی ئادەمیزادی پڕ تاقیکاری و ساردوگەرم چێشتووە و ئەم ئادەمیزادە ئەشێ کە ڕێبواری سەفەرێکی پڕ مەترسی بێ.

ھۆیەکی تریش کە پیرەژن بۆ ئەم گەشتی فەزایە لە بەر چاو گیراوە کە پیرەژن لە ئابووری کۆمەڵا پێکھێنەری بەرھەم و داھاتێک نییە و ئەگەریش لەناو بچێ و بێ سەرو شوێن بڕوا زیانێک لە کۆمەڵ ناکەوێ، ھەر ئەو ئاواتەیە کە لەپێشا ھونەر نوێنەری بوو ئێستە لەم چەرخەدا کە ئێمە تیا ئەژین لە چەشنی ئاواتێکی ئەفسانەیی دەرچووە و بووەتە کارێکی زانستی. فەزا بەھەموو ڕەمز و ڕازێکییەوە کەوتۆتە بەر تیشکی زانست، بەڵێ ھەروەک لە ھەوەڵەوە گوتمان زانست و ھونەر دوو لفەدوانەی تێکۆشانی گیان و ئاوەزی ئادەمیزادن و نە وەک ھونەر ھەر تەنیا ڕێگای بەرەو پێش چوونی زانست ناگرێ، بەڵکو ئەو ڕێگایە کە بەتەم ومژ و تۆز و خۆڵ داپۆشراوە ڕوون ئەکاتەوە.
تا حەوتەی داھاتوو بەخوای گەورەتان ئەسپێرین.

پەراوێز edit