ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سەلامێکی خاوێن وەک شنەی شەماڵی دوورەشار پێشکەش بەگوێگری ھۆگری ھونەر.

لە بەرنامەی ئەم جارەماندا یەکێ لە جوانترین و بەنرخترێن شوێنەوارەکانی شیعری نوێی کوردی بۆ ئێوە ھەڵبژاردوومانە کە لەگەڵ شیکردنەوەیەکا بۆتانی دەخوێنینەوە. ئەم پارچە شێعرە ھی شاعیرێکی گەنجی کوردە و ناوی شیعرەکە « شەوە»یە.

ئادەمیزادێکی سەر لێشێواو و کڵۆڵ بھێننە بەر چاو لە شەوێکا، شەوێکی کپ و کەڕ و کڕ ھەتا چاو بڕشتی ھەبێ و بیر بڕستی، تاریکییە و بێدەنگی، وەھا کە ئادەمیزاد ئەسیری شەوە و تەنانەت لە بوونی خۆشی ئەکەویتە دوودڵییەوە. تەنانەت ھەناسەکێشان و ڕوانینی چاو و ھەستکردنی سامی شەویش ناتوانن ئەو دڵنیاکەن کە ھێشتا زیندووە. «ھەبوو، نەبوو» وەھا سنووریان تێکەڵ دەبی کە لەیەک ناناسرێنەوە. لەم حاڵەدا کە نە «تەواو نەبوون»ەو نە «تەواو ھەبوون»، دەنگێک لەدوورترین سووچی شەوەوە دێتە گوێ. ئادەمیزادی بەندی زیندانی شەوگار ھەست دەکا کە زیندووەو بەواتای شاعیر: «شعووری گەرمی ھەبوون بەگیانیا ئەگەڕێ. دەنگەکە پەرەگر ئەبێ. بەرزتر و نزیکتر دێتە گوێ. ئادەمیزادی تاسەبار تەواوی ھەستی خۆی لە گوێدا کۆئەکاتەوە تا بزانێ ئەم دەنگە خۆشە کە مزگێنی ژیان و ھەبوونی پێوەیە چییە؟ بەڵام دەنگەکە ھێشتا دوورە. ناچار ئادەمیزادی بەسوێ و تامەزرۆی دەنگ و بزوێن و ژیان بیرئەکاتەوە . جارێ بەدڵیا دێ ئەمە دەنگی «نووح»ە؛جارێ لەبەر خۆیەوە ئەڵێ نە، ئەمە دەنگی نرکەی تەور بەدەستێکە کە خەریکی ھەڵپەرتاوتن و بڕینی لک و پۆی دارستانە تا ڕێگایەک بەرەو شاری ڕووناکی بکاتەوە. جارێکیش ئەڵێ ئەمە دەنگی دەنووکی مەلی بەیانە کە پەرژینی سەختی شەو کون ئەکا تا دەروویەک لە سەر پڕشنگی ھەتاو بکاتەوە. دەنگ ھەر دێ و نزیکتر ئەبێتەوە، تاکوو ئەبێتە شەقژنێکی تاڵ و مەرگھێن. لە پێشا ئادەمیزاد لە بێ دەنگی و خامۆشی شەو ئەترسا، ئەمجا دەروونی پڕ ئەبێ لە سامی دەنگەکە و تێئەگا ئەو زمزەمە نەرمە کە لەدوورەوە وەک پتەی سەرئاو وەھا بوو و زایەڵەی ئەتگوت ھەڵقوڵینی کانییە، کاتێ نزیک بۆوە، بوو بەدەنگێکی ترسێنەری مەرگاوی کە چەشنی شەوی گەرووی ئادەمیزادی تەنیا و بەھەڵەچوو ئەکوشێ...

وە ئێستە گوێ بگرن بۆ شیعرەکە:

پەسا پەسا پەرەگر بوو شەوی کڕی لاسار
نەما شنەی شەوبا،
نەوی بوو چەسپی زەوی بوو لەسامی شەوپاسار!
بەسێحری تاریکی «ھەبوو، نەبوو»یەک بوو
نەما نیشانەی بوون
نەما نیشانەی من
لەشم تووایە دەروونی شەوێکی بێ ڕۆچن!
پەسا پەساپەرەگربوو
بەرەو فەزای بێ بن!
بەرەو فەزای بێ بن!
بەچاو و گوێ پەلەقاژەی شعوری بوونم بوو
سەرنجی چاوی بە ھەڵپەم،
شەوی سمی لە ھەموو لاوە بۆ ترووسکایی!
بە لەز بوو گیانی بە سوێ
دڵی بەخورپە لە بن گوێ
وە گوێ بە وریایی
بەکوڵ مڵاسی جریوەی ژیان
بەڵام ھەیھات...
مەلوولی کردم شەو
مەلوولی کردم شەوگار
عەزابی دامێ شەوی بێ ڕەزا
بە گۆڕەوشار
کەچی لەدوورترین سووچی ئەم شەوا

ناکاو، بەنەرمە ئاھەنگێ
درنگ، درنگ، دەنگێ
وەکوو پتەی سەرئاو
شەپۆلی خستە دەروون
لەگوێم تەنینی لەوین ھەڵقوڵینی کانی بوو
تەنینەوەی وەکوو بۆنی گوڵاڵە، ئانی بوو
شنەی بلاوێنی، دنەی ئەدا بە خەیاڵ
ھەرا ھەرای نووحە
«نووح»ە گەمی ئەخولقێنێ،
کە دێوی زاڵمی شەو
ھەواڵەکانی بەلافاوی ڕەش نەخنکێنێ؟
بەیاخی کاوەیە ئاخۆ بەرەمزی فەتحی بەیانی
لەجەرگی شەو ئەچەقێ؟
مەلی بەیانە لە شەو زیزە بێ وچان و ھەدا
دەنووکی سەختی لە پەرژینی قایمی شەودا ئەدا؟
وە یا تەور بەدەسێکە لە دارسانی چڕی شەو
خەریکە تیئەپەڕێ ڕوو لە شاری ڕووناکی؟!
ئەھات... ئەھات... ئەھات...
ئەھات و شەو شەق ئەبوو
شعووری گەرمی ھەبوون
بەگیانما ئەگەڕا
جێ بە سامی شەو لەق ئەبوو!
ئەھات... ئەھات... ئەھات...
ئەھات و گەورە ئەبوو، گەورەتر ئەبوو،
ھەیھات!!
لە سامی شەو کڕبووم
لە سامی دەنگ پڕ بووم
دڵم کولاوە بە زرمەی ھەناسەتاسێنی!
ئەھات و گەورە ئەبوو، گەورەتر ئەبوو،
ھەیھات!!
شەقژنی تاڵی وەکوو مەرگی ناگەھانی بوو
تەنینەوەی وەکوو «ژھری ھەلاھەل» ئانی بوونی
ھەرای دەروون ئاخن
پەسا پەسا پەرەگر بوو وەکوو شەوی لاسار
پەسا پەسا پشووبڕ بوو عەزابی گۆڕەوشار
وەرن، وەرن شەوە گرتوومی
بمگەنێ ھاوار، ھاوار!

پەراوێز edit