ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٦١. نووری شاعیری خەم
سەلام لە گوێگری ھەستیار و بیستیاری ھونەرناسی بەرنامەی تاپۆ.

لە سەرەتای بەرنامەی تاپۆدا ڕامانگەیاند کە ئەم بەرنامە جگە لەمەی وەڵامی پرسیارە وێژەیییەکانتان ئەداتەوە، ئامادەیە بۆ ئەوە شیعر و نەسرەکانیشتان لە بەرنامەکەدا بنووسێ و بەناوی خۆتانەوە بڵاوی کاتەوە. لەم بەرنامەیەدا پارچە شیعرێکتان پێشکەش ئەکەین لە شوێنەوارەکانی کاک محەممەدی نووری. کاک محەممەدی نووری بەداخەوە کەم کارە و چەوتی ژیان ماوەی نادا زۆرتر بەھونەرەکەیەوە خەریک بێ؛ ئەگەر وا نەبوایە ئێمە ئێستە بینەری دیوانێکی جوان و ڕازاوەی شیعری ئەبووین. کاک نووری ھەرچی شیعری ھەیە ھەموویان ھیوا بڕاوانەن. ئەمەش ئەگونجێ ھەر لە بەر ژیانی ناساز و نەھاتی بێ. وا دەرئەکەوێ کە ھەرگیز تینی ھومێدێک لە دڵی کاک نوورییا نەبووبێ، بەڵام نە من و نە گوێگرەکان ئەم دەلیلەمان قبوڵ نییە کە کاک نووری نەھاتی و چەوسانەوە و کەسەری خۆی بکا بە بەھانەی بەستنی سەرچاوەی زەوقی و ئێمە بێ بەش بکا لەو ئاوە زوڵاڵە. با ئەمەش بڵێم کە ئەم چوار شێعرانە بەزاراوەی موکریانین و ئەگەر وشەیەک یا شێوە دوانێک و تەعبیرێکی موکریانیتان تێدا بەر چاو کەوت لاتان سەیر نەبێ.

کاک محەممەدی نووری بەر لەوە شێعرەکەی دەست پێ بکا ئەڵێ: شێعرێکی «گۆران»ی- لە سەرەمەرگی ھیوادا- خوێندۆتەوە و نووسیویەتی: «ھەموو کەس بۆ مردووی خۆی دەگری، بەڵام گریانی گۆران بۆ ھیوا و بێکەس ھەموو کەسێکی خاوەن دڵ بانگ ئەکاتە سەر شیوەنگا. من لەو کۆڕە گەرمە شینەدا بەخوێندنەوەی ئەو ھۆنراوەیەی مامۆستا گۆران بۆ چەند ڕۆژێک دڵم گەرم بوو. دەردی خۆم لە بیر چۆوە و سەرم دانەواند لە بەر دەرگای ھونەر. ھونەر فەرق ناکا کوردە، عەرەبە، یا تورک. کۆنە یا تازە، «حافز»ە یا «لاماڕتین»، ڕەشە یا سپی. ھەرچی ھەیە، ھی ھەر خەڵکێکە بەجوانی دەچزێتە گیان و دەکشێتە ناو ژیان، ھەم پێکەنینی جوانە و ھەم گریانی شکۆدارە. لێرەدا کاک نووری خۆی بەکەم داناوە و ئەنووسێ: «من نە نووسەرێکی زەبرم و نە شاعیرێکی زرنگ. تەنھا ویستم بەزمانی بێ زمانی کڕنۆشێک بەرمە بەر بارەگای شێعر و شاعیر و بڵێم:

ئەمن چی بڵێم بە جوانی،
ڕێک و ڕەوان و ڕوون بێ
وەک گۆرانی «گۆران»ی
ھۆی ئارامی دەروون بێ
بزەی لێو و کزەی دڵ
ئینسانی بێ و یەزدانی
دەمی تیغ و پەڕی گوڵ،
سێحرێکی جاویدانی
«حافز» بەنیوەی شەوێ،
بەسرودێکی عاسمانی
«گۆران» بەچریکەی کەوێ
بەقاسپەیەک گۆرانی
فرشتەی بێتە دەرکێ
پەری بێنە ھەڵپەڕکێ
زەوی بچتە سەمایە
ئەمن چی بڵێم لە دوایە؟

ھونەرمەند بەسەرسووڕماوی پەنا ئەباتە بەر ئیلھام و ئەپرسێ:

ئەی ھەوێنی دڵی ھۆنەر
ئەی ھۆی زانست و ڕووناکی
لە پێش دەرگات دادەنێم سەر
باوێژە زەینم بە چاکی
چیت پێشان دا، چیت خستە دڵ
وا جوان ھاتە دەرێ لە کڵ
چیت لێ ستاند و چیت دایە
وا جوان ھێناتە کایە؟
ھۆنەر! ئەتۆ ئینسانی پاک
نموونەی باش! ڕەوشتی چاک
بۆ کێ دەگری؟ بۆ کێ دەژی؟
دەبیە پۆلوو، دەبیە ڕەژی؟ !
چۆن سووتاوی؟ چۆن چۆقیوی؟
جارێ شەمی، جارێ پیوی؟
ھەڵدایسێی بۆ دنیای ڕوون
دادەمرێنی کوڵی دەروون
تۆ «فیردەوسی» و «ویکتۆر ھۆگۆ»ی
تۆ لاماڕتین، یاخۆ «خواجۆ»ی
تۆ «گۆران»ی، ئەستێرەی کۆی
زەمان دەڕوا، کوا تۆ دەڕۆی؟
دنیای پڕ ئاوازەی تۆ
واتەی کۆن و تازەی تۆ
لە ھەر کوێ خۆی بنوێنێ
خۆری و پڕشنگ دەپژێنێ
ھۆنەر بڵێ ئەتۆ لە کوێی
نە ئاوا بووی، نە لەدەم سوێی
نە نزیکی نە لێم دووری
تۆ بڵێسەی کۆگای نووری
برۆی، چاوی، برژانگی
لەڕووی زەرد و رەشانگی
خوێنی لە نێو پێستی سوور
سپی پێستی وەک بلوور
گیانی لە نێو ھەمووانی
ڕەنگ و زمان نازانی
تۆ برووسکەی یەزدانی
ئەمما کوڕی ئینسانی
ھۆنەر جێگات دیارە
گەنجی کونجی وێرانێک
ئاواڵ و ھاوڕێ و یارە
شەمێک، شەوێک پەروانێک
لەو خێزانە بچکۆلە
لەو وێرانە، لەو چۆلە
جیھانێک ئەخەیتە ڕوو
پڕ بەتاسە و ئارەزوو

پەراوێز edit