ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٦٣. سێحری نیگا
من بووم و دوو سێ گەز ھەوای ھۆدەکەم. ئەوەندە تەنیا بووم کە ئەتگوت ئادەمم لە یەکەم ڕۆژی خوڵقانیا. بێدەنگی ھێندە پڕ و چڕ بوو کە دەنگی لێدانی دڵ و نەبزی دەستم ئەتکوت گرمەی ھەورە تریشقە و ڕژانی ئاوھەڵدێرێکی گەورەیە لە ھەزار بەھەزاری شاخێکی سەختەوە. لە سەر ھەودای نەدیاری بیرەوەری، چەرخ و خولم ئەخوارد و بەرەوپاش ئەگەڕامەوە. ژیانی سی ساڵەم لە پەڕاوێک ئەچوو کە شنەیەکی نەرم و نیان لاپەڕەکانی ھەڵداتەوە. لە مناڵیمەوە پێیا دەھاتمەوە. وەک فەقێیەک کە لەبەر ھەیوانی مزگەوت دەرسەکانی رابردووی دەور بکاتەوە.

مناڵیم زۆر تیژ تێپەڕی. جگە لە بزەی لێوێک کە ھی ڕواڵەتێکی خەمبار بوو، چی ترم نەدەھاتە بەرچاو. بزەی دایکم بوو کە زوو بەجیێ ھێشتتم و بەناوی یادگار ھەر ئەو بزەی بۆ دانام کە ھەمیشە لێوی ئەڕازاندەوە، بەڵام ھەمیشەش ئەو بزەیە بەڕواڵەتێکی خەمبارەوە ئەنیشت. چەشنی قورینگێکی تەنیا کە چلەبڕی کردبێ و لە کەناری شەتاوێکی بەبەفر و سەھۆڵ گەمارۆدراو ھەڵنیشتبێ. لەوساتەوە فێر بووم کە بزانم کام بزە ھی دڵخۆشییە و کام زەردە ھی پەرۆشی و پەشێوی و ھەر لەو کاتەوە خەم بوو بە ھەوێنی بیرەوەریم. ئۆھ چەندە تاڵە خەمنامەی ژیان خوێندنەوە، خوێندنەوەی پەڕاوێک کە ئەزانی ھەموو تڕاژێدییە و لە ھیچ دێڕێک تووشی خۆشییەک نابی. بەبا کردنی کای کۆن! لە ھەموو کەلاوەیەکا بەشوێن گەنجا گەڕان؛ ئەمەیە تەقەلای من لە پێداچوونەوەی ئەوەی بەسەرم ھاتووە و ئەو ڕۆژانەی کە بناغەی خانووبەرەی تەمەنی منیان دامەزراندووە.

دێتەوەبیرم لە ھۆدەیەکا کە بەرەو ڕۆژ پەنجەرەکانی ئەکرانەوە دادەنیشتم. زەردەی خۆرەتاو تا نیوەی مافوورەی ھۆدەکەمی بەپۆی زەرد ئەتەنی و شەبەقی ئەکەوتە سەر ئاوێنەیەک کە بەدیوارەوە ھەڵواسرابوو. پۆل پۆل پەڕەسێلکەی تیژباڵ بەقاژوقیژ بەبەر پەنجەرەی ھۆدەکەمەوە تێئەپەڕین. قووقەی کەڵەشێرێک لە دەرەوە ئەھات و بالۆرەی سەگێکی برسی بەرز ئەبۆوە. کارەکەرە پیرەکەمان تا گوێی لە لوورەی سەگ ئەبوو لە ژێر لێویەوە نزایەکی ئەکرد و خێرا پەنجەرەی ھۆدەکەی ئەبەست و بەدەم کارەوە ئەیگوت: «پەنا بەخوا ئەم جارە نۆرەی کێیە؟»

ناوی پورە خاتوون بوو. بەھەزاران داستانی دێو و جنۆکە و پەری ئەزانی. جنۆکەیەک کە ئەبوو بەپشیلە و شەوانە ئەچوو لە کۆڕی زەماوەندی جنۆکەکانا زوڕنای لێ ئەدا، «گەسکەکۆڵە»و«شەولەبان»و ناوی تر. من لەگەڵ ئەوەشا کەزۆر لەو داستانانە ئەترسام و کاتی خەوتن سەرم ئەبردە ژێر لێفەکەمەوە، ھەموو شەوێ گوڕووم ئەگرت و تا پوورە خاتوون داستانێکی بۆ نەگێڕابامەوە خەوم لێ نەدەکەوت. ھەر لەمناڵییەوە فێر بووم کە ئادەمیزاد ئەسیری چارەنووسە و ھەر ھەوڵێ بدا لە دوای چارەنووس ڕزگاری نابێ!

تەمەن لە شازدە و حەڤدە تێپەڕی و من ھەستم کرد لەگەڵ لاوانی ترا جیاوازم. شەرمن و کەمڕوو بووم؛ بەتایبەت کاتێ لەگەڵ کیژێکا ڕووبەڕوو ئەبووم، زمانم ئەبەسترا و قسەم بۆ نەدەھات. ھەروەک کاتی مناڵی، خۆم نوقمی خەیاڵ کرد. سەرم بردە ناو کتێبەوە. لەگەڵ جیھانی بێدەنگ و ڕەنگاوڕەنگی ئەوین و خەیاڵدا بووم بەھاودەمی شەو و ڕۆژ. ھەروەھا بووم تا ڕۆژێک ڕوانینی چاوێکی گەش و ڕەش دڵی لەرزاندم! نە... نە... تۆ نابێ پابەندی ئەوینی خاکی بی. ئادەمیزاد بێ بەینەت و بەقان؛ چارەت ئەوەیە ڕاکەی، ھەر تا ئەتوانی خۆت دوورخەیەوە. ئەوین جوانە، بەڵام ئەوینی ناو ھۆنراوە و پەڕاو نەک ھی ناو کووچە و شەقام... ئەم چاوە گەشانە داوێکە ئەتکا بە ئەسیرێکی دەست و پێ بەستراو. کاتێ خۆت و دڵت پێ سپارد جێت ئەھێڵێ.

ھەموو ئەمانە ھاتنە سەر لاپەڕەی بیرم؛ بەڵام سوودی نەبوو؛ ئەو دووچاوە گەورە و گەورەتر بوونەوە. ھەموو دەوروبەری منیان داگرت، وەک شەوێک کە بەسەرتا بکێشێ و بەرچاوت تاریک کا، یا وەک ئەمە لە پڕ ڕۆژ بگیرێ و نیوەڕۆت لێ ببێ بە نیوەشەوو نەتوانی ھەنگاو ھەڵبڕی. ئەم دووچاوە گەشە، بەڕوانینی گەرم و ئەویندارانەیانەوە تەنانەت بۆ وردەیەکیش وازیان لێم نەدەھێنا. بێ وازی یەخەی گرتم. بیر و خەیاڵێکی تازە مێشکمی ئاڵۆز کرد، تا لەناکاو دیسانەوە لە کۆڵانێکی تەسکا کەوتمە بەر سێحری ئەو دووچاوە گەشە. نەمزانی چ ھێزێک پاڵی پێوەنام کە بۆلای بکێشم و چ جادوویەکی زمانمی خستە کار. لەبەر خۆمەوە کوتم: «لام وا نەبوو ئیتر چاوم پێت بکەوێتەوە.» شەرمێکی کچانە روومەتی کرد بەدوو پۆلووی سووری ئاگر. پێکەنینی نادیاری لە دوو لێوی سوور و دووچاوی ڕەشیا دیاریدا. ئەو دوو گۆمە قووڵە بەشەپۆلی وردی یەک لەدوای یەک شڵەژان و بەنەرمی نەسیمێکی ئێوارانەی ھاوین کوتی: «منیش لام وا نەبوو!»

- «لەو ڕۆژەوە من ئەوینم ناسی وژیانم ناسی. ئەگەر تۆ نەبوایەی و ئەگەر تۆ بەم نیگا گەرمە نەتگرتبایەمە بەر سەرنج، من چ بووم جگەلە کرمێک لەناو لاپەڕەی کتێبی زانکۆی مافا؟ ئاخۆ، جێگایەتی بڵێم سپاس کە ژیانت پێ ناساندم!»
تا حەوتەی داھاتوو، خواتان لەگەڵ.

پەراوێز edit