ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٦. ناسۆری دەروون
سڵاوی گەرم و بەگوڵ، سەرچاوەی لە کانگای دڵ، پێشکەش بەگوێگری ھۆگری ھێژا.

لە بەرنامەی ئەمڕۆدا پارچە پەخشانێکتان پێشکەش ئەکەین. ھیوادارین بەدڵتان بێ و پەسەندی کەن.

گەلاوێژ کەوتبوو. ھەوا خەریک بوو بەرەو ساردبوون ئەچوو، بەتایبەت بەشەودا تەواو سارد بوو. لە جێگاکەما ھەر ئەم بار و ئەم بارم کرد؛ بەڵام خەوم لێ نەکەوت. بایەکی سارد لە درزی پەنجەرەکانەوە ئەھاتە ناو ھۆدەکەمەوە. یەکێ لە شووشەی پەنجەرەکان شکا بوو. کوتە ڕۆژنامەیەکیان بەھەویر پێوە نووساندبوو کە بەری سەرما بگرێ، بەڵام کوتە ڕۆژنامەکە دڕابوو. بایەکە کاتێ لێی ئەدا ئەتکوت دەنگی دووزەلەیەکی شکاوە بەلای لێوی مناڵێکی ناشارەزاوە ویزە ویزی دێ. من لەو کاتەدا زیاتر لە دوازدە ساڵ تەمەنم نەبوو و لەو دیوەخانە زلەدا کە تەنیا بەچرایەکی حەوت نمرەی پایەدار کە لە ناو تاقەی شانشینەکەدا ئەگڕا ڕووناک ئەبۆوە، ھەستم ئەکرد زۆر بەتەنھام. لەو تەمەنەدا دەروونی مناڵ بیرەوەرییەکی وای تێدا کۆ نەبۆتەوە کە لە تەنھایییا پێیەوە خەریک بێ. مناڵ ئەیەوێ فێر بێ. ئەیەوێ لە ناو حەشیمەتا بژی. من ئەو شەوە بەتەنیا بووم و خەویش بەھاژەی باو ویژەی ڕۆژنامەکەوە لە چاوم تارا بوو.

لەبەر ھەیوانی دیوەخان چەن کێشکچی وریا بوون. گڕی ئاورێ وا کردبوویانەوە و حەوت جۆش و کتری چایان بەلاوە نابوو، منی بانگ ئەکرد. ھەستام خۆم پۆشتە کردەوە. ھەر لە تاریکییا دەستم کوتا و کەوڵەکەم دۆزییەوە و بەسەر شانمدا دا و لە ھۆدەکە دەرکەوتم. گەیشتمە لای پیاوەکان و پێش ھەموو شت دەستم بەئاگرەکە ڕاداشت.

دوو لاو بوون و پیرێک. پیرەکە ناوی ئەحمەدە جەنگە بوو. تفەنگێکی سێ تیری لە لای دەستییەوە دانا بوو. بەچاوپێکەوتنی من ھەستا و بێ ئەوە ھیچ بڵێ دەستی گرتم و لای ئاگرەکە لەسەر بەڕەیەکی کۆن داینام و پاشان چاوی بڕیەوە گڕی ئاگرەکە. چرچ و لۆچی دەموچاوی پیاوانەی لەبەر پڕشنگی ئاگرەکە قووڵتر و بەسامتر ئەھاتە بەرچاو. بەرزایی لێو و گۆنا و لووتی ڕوون و سوور بوو، بەڵام ئەو جێگایانەی وا کەوتبووە ژێر سێبەری گنجی دەموچاویەوە، تاریکی ئەنواند. نازانم چۆن بوو کوتوپڕ، بەدڵما ھات ئەم دەموچاوە کە نە بزەیەک ئەیگرێ و نە بەپەژارەیەک تێک ئەچێ ئەڵێی ملە کێوێکی بەباسک و بانووە کە تازە خۆری بەربەیانی لێدابێ. سەر باسکەکانی ڕووناکە و ناو دۆڵ و شیوەکانی، ئێستا ھەر بوومەلێڵ و تەپ و مژە. ئەبوو، قسەیەک بکەم، چونکە من لە تەنیایی ڕامکردبوو. کوتم: «چایەکەتان ئامادەیە؟» دەستێک بەگورجی حەوت جۆشە قورسەکەی ھەڵگرت و قورۆشکەیەکی تەنەکەی پڕ کرد لە چایەکی ڕەش و دوو کوڵۆقەندی لە ژێر پیاڵەکە خست. یەکێ لە کێشکچییە گەنجەکان ھەستا خۆی تەکاند و بە بای دەستی چایەکەی من پڕ بوو لە خۆڵەمێش، کوتی: «مام ئەحمەد پێت چۆنە دەورێکی دی بدەم.» مام ئەحمەد ئەتکوت قڕ و قپی کردووە، بێ ئەوە ھیچ بڵێ تفەنگەکەی بۆ درێژ کرد. لاوەکە وەری گرت و بەشانیا کرد و لە لێژی بەرەو ھەیوانەکە چووە خوارەوە.

پرسیم: «مام ئەحمەد تەمەنت چەند ساڵ ئەبێ؟» بەدەنگێکی نەرم و پیاوانەوە کوتی: نزیکی شێست.» قەڵاشکاری سەر ئاگرەکە نیوەی سووتابوو. قرچەیەکی کرد و بوو بە دوو کوتەوە. مام ئەحمەد سەرەبزووتەکانی لەسەر یەک ھەڵچنی و بە لکی مێزەرەکەی گەشاندیەوە و گڕی تێبەردان. ئاگری دامرکاو دیسانەوە بڵێسەی ھات. مام ئەحمەد لەپی دەستی بەیەکا سوو و دەنگی بەیەکا خشانی، دەستی ئەتکوت دەنگی دوو بەردە زوورەیە کە لەیەک ئەدرێن. جگە لە دەوروبەری ئێمە ھەموو جێگایەک تاریک بوو. کۆڵانی دێ، دەشتی پشت ئاوایی و چیایەکی بەرز لەوپەڕی دەشتەکەوە لووتکەی لە تاریکایی ئاسمانا گوم ببوو. مام ئەحمەد بەسۆزە دەستی پێ کرد بە بەیتی سوارۆ:

ھۆ ھۆ سوارۆ
سوارەکەی لە من بەتەنێ .........

بەکوڵ گوێم لەو دەنگە گرتبوو کە لە گەروویەکی پیر ئەھاتە دەر. وردە وردە ھەستم کرد دەنگی مام ئەحمەد جادووم ئەکا. دەنگێک کە خەمی شێست ساڵ چەوسانەوەی تێدا بوو و پەژارەی تەمەنی پڕ مەینەت وەک پرێسکەی ڕەبەنی ئەو شار و ئەم دێ گەڕاو، چەشنی ناندێنی شوانی برسی ئەکرایەوە. من ئەو کاتە نەمدەزانی ئەگەر کورد گۆرانی لێ بستێنییەوە، ئەگەر ماوەی نەدەی ویزەی باو و بالۆرە و بەیتی بێ، ژیانی چەندە حەستەمە. ئەو کاتە نەمدەزانی ئەمانە کە بەسەر زمانی کوردا دێ و پێی ئەڵێن بەیت، ئەو فووە سێحراوییەیە کە لە گەرووی شمشاڵی شوان و دەشتەوانی کوردەوە دێتە دەر، برینێکە کە ئەدڕێ و ئارامی لەشی سزاکێشیەتی.

ئەو شەوە مام ئەحمەد بەسۆزە دەستی پێ کرد، بەڵام بەیتی سوارۆ لە نیوەیا بوو بەھاواری دڵی خۆی. بەرز بۆوە، بەرزتر بۆوە. لەشی ساردی ئاوایی ئاخنی. گوێی کپی دەشتی پڕ کرد و بەلووتکەی چیادا ھەڵگەڕا بەرەو ئاسمان، بەرەو ئەو جێگایە کە چارەنووسی لێ دیاری ئەکرێ و بەشی بەختەوەری و کوڵۆڵی لێ دابەش ئەکرێ. دڵۆپێ گریانم لە سەرچاوەی چاوی مام ئەحمەد بەدی کرد کە لووزەوی بەست بەرەو چرچی سەر گۆنای و گەیشتە سەر یەخەی مراد خانی تا دیسانەوە لە دەریای پڕ شەپۆلی سەر دڵیا دامرکێتەوە. نەمزانی ھەڵۆی پیری ئاوایییەکەمان بۆچ ئەگری. ئاخۆ ھەژاری و لەش بەباری یا ژێر چەپۆکی و ڕەنج بەخەساری، ھۆی ئەو گریانەیە؟ مام ئەحمەد ھەستی کرد کە گریانی ئەو ڕەنگە ھەزار جۆر پرسیار لە دڵما زیندوو کاتەوە، ڕەنگە ڕوانینی گێژانەی من لەو کاتەدا مام ئەحمەدی تێگەیاندبێ کە پێویستە قسە بکا و پێم بڵێ بۆچ ئەگری. بەدەسرەی بەر خەنجەرەکەی، چاوی بەئەسرینی سڕی و لە کاتێکا ھێشتا پەنگاوی گریان بەری گۆنجەی گەرووی گرتبوو، کوتی: «لە ئاوایییا ئەڵێن ئەحمەد جەنگە ھەرگیز پێناکەنێ، ئەمە ڕاستە، بەڵام تا ئێستە کەسیش نەیدیوە من بگریم، تەنانەت کاتێ کە تەرمی کوڕەکەشم بەرەو گۆڕ ئەبرا نەگریام.» ھەستم کرد ئەبێ دڵخۆشی بدەمەوە، بەڵام نەمزانی بۆ کام کۆستی کەوتوو؟ باشتر بوو بێ دەنگ بم. سوارۆ نەشتەرێک بوو کە کوانەکەی دڕیبوو و ئەسرین ئاوێک بوو کە ئاگری دەروونی ئەوی دامرکاندبوو. بەیان بوو، من خەوم ئەھات. ھەستام کە بڕۆم. کوتی: «بڕوانە کوڕم ژیان بەم چەشنەیە؛ تازە لە تۆدا چرۆ ئەدا، لە عەزیزی کێشکچیدا خۆی دادەڕێژێ و دێتە بەر و لە منیشا گەڵاڕێزان ئەکا و پاشان...»

سەری داخستەوە و چاوی بڕییە ئاگرەکە. مانگ دەرکەوتبوو. عەزیزی کێشکچی بەتفەنگەکەیەوە لە ناو ئاوایی ئەگەڕاوە و لە ژێر لێوەوە ویرەی ئەھات.
مانگەشەو خۆشە مانگ لەسەر ماڵان.
١٩٧٢/٠٢/٢٠

پەراوێز edit