ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٥. سەبا لە گێژی پەرچەمی خاوا
سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ.

کاک حەسەنی سوھرابی کە ناوی ھونەری خۆی ناوە «سەبا» نامەیەکی بۆ نووسیوین و قوتابی دەبیرستانێکی بۆکانە و پارچە شیعرێکی بۆ ناردووین کە نووسەری بەرنامەکە ئەیخوێنێتەوە:
شەھیدی تیر و پەیکانی، عەزیز و چاو کەژاڵێکم
بەساتێ دای بەدەم بادا، بەوەڵڵا ڕەنجی ساڵێکم
ھەموو ئەقوام و ئەغیارم، ئەکەن مەنعم بە سەوداییت
بەڵام بێ حاسڵە پەندم، عەجەب وێرانە ماڵێکم
لە تاوی دەبدەبەی عیشقی، بەدایم مەست و سەرخۆشم
خەریکی ڕەسم و نەققاشی، برۆ چەنگ و ھیلالێکم
لە تیپی پەرچەم و زولفی، شکاوە عەسگەری ئەقڵم
ئەگەر سوڵتانی ڕۆمیش بم، ئەسیری ڕشتە تاڵێکم
چ لاوێ نوکتەزانم من، ئەڵێی پیرێکی سەد ساڵەم
لە ڕەمزی مەدرەسەی عیشقا بەعەینەن وەک مناڵێکم
وەکوو مەجنوونەکەی شەیدا ڕەئیسی عاشقان وێڵم
..............ئەپرسن گەر ھەواڵێکم
لە دەرسی مەدرەسەی مەجنوون، چ شاگردێکی مومتازم
خەریکی جەمع و تەفریقی جەبین و وردە خاڵێکم
عەبەس بوو بۆ ڕەقیبانم، ھەموو تەھدید و تەحبیبم
لە مەیدانی وەفا، ناڕۆم بەچەپڵە و قرمە قاڵێکم
ئەوا خەڵکان ھەموو مەستی شەڕابی گیانی گیانانەن
بڵێم چی کاری لەش وایە، فیدایی قەدد و شاڵێکم
سەباش وا کەوتە بەر تەعنەی ڕەقیبان و حەسوودانی
درێغ ئەی ھاتفی بەختم، خودا نەیدا مەجالێکم

بەخوێندنەوەی شیعرەکانت، لاوێکم ھاتە بەرچاو کە ھەستێکی شاعیرانەی ھەیە بەڵام ھێشتا نازانێ سەردەمی «ناڵە ناڵی لە ژێر سۆلی دڵدارا» نەماوە؛ نازانێ کە شیعری ئەمڕۆ ھونەرێکی گرینۆک نییە و شاعیری ئەمڕۆ ئیتر ناتوانێ بەپەنجەی خەناوی کچێک شەھید بێ و شەھادەت بۆ شاعیری ئەمڕۆ تەنیا لە مەیدانی پان و بەرینی پاراستنی سوودی گشتییا ئەگونجێ. شاعیرێکمان ھەیە ئەفەرمووێ:
باسی زولفی درێژ و چاوی بە خەو
نەبراوە بووە کارەکەی خوسرەو

برای باشم ئەتوانی بەمن بفەرمووی ئەم دەردی دڵەی دڵبەر بۆ کۆمەڵ سوودی چییە؟ برا و خوشکەکانت لەم سکاڵا بێ بایەخە بۆ دەرمانی دەردەکانیان چییان دەس ئەکەوێ یا ھەر ویستووتە بزانی شێوەی کۆنی شیعری کوردی ئێستەش داشداری و پارێزگاری لێوە ئەکرێ یام نە. خوا لە گەورەیانی ڕابردوومان خۆش بێ، گۆڕی نالی و وەفایی و مستەفا بەگی کوردی و میسباح و تاھیر بەگ پڕکا لە نوور، ئەگەر بیانزانیایە وای لێ دێ و ھونەری شیعر و شاعیری بەم ڕۆژە ئەگا، خوا عالم کە شیعریان نەدەکوت. ھەموو ھونەرێک لەگەڵ کات و سات ئەبێ نوێ بێتەوە. ئەم زرمە زرمەی پەنا گوێچکەمان تەقەی سۆلی نازدارێکی بەناز نییە کە لە سێباری شەودا بەرەو ژوان ئەچێ. ئەمە دەنگی شەوەیە و کۆرپەی ھیوا ئەبا. تو خوا خەسار نییە؟ تۆ کە ئەزانی شیعر بڵێی لەباتی سڵەماندنەوەی ئاڵی زاڵی شەو، لەجیاتی شەقکردنی جەرگی شەو، بەشمشێری دوو دەمی شیعر، دەس بکەی بەڕاژاندنی بێشکەی بەتاڵی ھەستی خۆت؟

کاتی مەجنوون بەسەر چوو، برای چا بە، شاخە بژوێنەکانی موکوریان مەکە بەدیجلەی قاقڕی مەجنوون. تکایە سەرێک لەو شاخە بدە کە نەتدیون و ھەر لە جیھانی بیرکردنەوەدا فەرمووتە وێڵی ئەو چیایانەی. بڕوانە دەستی بەھێزی فەلا چۆن تەوێڵی ھەڵدڕیون و کردوونی بەگەنم و جۆ و بێستان. گوێت لە ھۆھۆی جووتیار و بلوێری گیان بزوێنی شوان بێ و بزانە کە جوانی ڕووت لە تێکۆشانی ئادەمیزاد دایە بۆ ژیان، بۆ ژیانی ڕوو لە باشی و تەسەلی و تەیاری. برای من ئەوین جوانە، بەرز و خودایییە؛ بەڵام تۆی کورد بۆ بەعەرەبی عاشق بووی. گوێ بگرە بۆ ئەم شیعرەت:
ھەموو ئەقوام و ئەغیارم، ئەکەن مەنعم بە سەوداییت
بەڵام بێ حاسڵە پەندم، عەجەب وێرانە ماڵێکم

شەش وشەی عەرەبی لە تاقە شیعرێکا. من تەنانەت لەسەر ئەم بڕوایەم کە ئەو کچە بەستەزمانە ساکارە ھەر تێناگا تۆ پێی ھەڵئەڵێی یا تەوس و پلاری پێدا ئەدەی؟

کچی کوردی ھۆگری مەزرا و دەشت، ھاودەمی شنەی نیانی بەیانی ئاوایی کە بە وشەی ساکار و لە دڵەوە ھاتووی کوردانە ڕاھاتووە، وەک ئاسکی ڕەوەک لەم عەرەبییە تەق و ڕەقەی تۆ سڵ ئەکا. وا ئەزانێ بەچاویا ئەدەیەوە کە تۆ خوێندەواری؛ تەنانەت ئەگەر کیژێکی خوێندەواریش بێ تا لە ناو قامووس و ئەلمونجیدا بۆ مانای وشە عەرەبییەکانت ئەگەڕێ، کوڵ و کۆ و تاسە و تامەزرۆیی ئەوین لە دەروونیا دامرکاوە. پێش بەھەستی شاعیرانەت مەگرە. بەری بەردە با باژوێ. جوان دوان و دژوار دوان دوو مەبەستی لەیەک جیان. شاعیر بەو کەسە ئەڵێن کە جوان ئەدوێ و ئەو کەسە کە دژوار ئەدوێ مەتەڵۆکەبازە، قوتابی بەشی عەرەبییە نەک شاعیر و ھەستیار.
جگە لەمانە ھەڵەی دەستووری و فەننیش لە شیعرەکانتا ھەیە کە من چاویان لێ ئەپۆشم چونکە بووکی دزێو نابێ قسە لە بەرگەکەی بکەی. ھیوادارم لە ئامۆژگارییەکانم کە بۆ ڕێنوێنیتە ئاڵۆز نەبی. ئەزانی کە دۆستی باش ئەو کەسەیە ھەڵەت بخاتە بەرچاو نەک بەلێخۆشبوون و چاوپۆشین ھانت بدا بۆ ھەڵەی یەک لە دوای یەک. تا بەرنامەیەکی تر ھەمووتان بەخوای گەورە ئەسپێرین.
١٩٧١/٠٥/١٠

پەراوێز edit