ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٤. ژیان چییە؟
ژیان چییە؟ ئەو دەنگەیە کە لە دوورەوە دێ و نەرم نەرم پەردەی گوێت ئەلاوێنێتەوە و تاری دڵت ئەلەرێنێتەوە؟ ! یا ئەو بۆنە خۆشەیە کە لە پرێسکەی نەسیمەوە ئەپێچرێ و لەبەر ھەناسەت ئەکرێتەوە، بێ ئەوە بزانی ڕۆژێک ھەڵدەستی و ئەڕوانی خۆرەتاو ھەروەک ڕۆژان لە خۆرھەڵاتەوە سەری ھەڵداوە، وێنەی تازە بووکێکی شەرمن و ڕووسوور بەکراسی خارای زەردەوە لەنجەولار ئەکا. مەلی ھەڵەشە و تیژباڵ بەبەر پەنجەرەی ھۆدەکەتا ھەڵئەفڕن و چەشنی دوێردێکی تیژ ئەتڵەسی شینی ھەوا ئەبڕن. ژیان تۆمار بەتۆمار بۆنی خۆشی ھیوا و لاوی بەسەرتا ئەپژێنێ و تۆ بەھەموو بڕوایەکتەوە کە خستووتەتە ناو چوارچێوەی ئاڵتوونی زەردەخەندەیەکەوە، بەخۆت ئەڵێی «ژیان چەند جوانە! سروشت چەندە دڵاوا و بە دەھەندە! ؟» تۆ وای لە پەنا پێرس و چیای شیرن و جەبەل حەمرین و قەندیلی ئاکۆ و ھەڵگورد!

ژیان ھەموو واتەی بەرین و یەزدانی خۆی ئەگرێتەوە. ھەست ئەکەی ھەزاران ساڵە ئەژی. لەو کاتەوە کە تیری تۆ نێزە بوو لە چاوی ھەڤاڵانی گزنفۆن (Xenophon)، لەو کاتەوە کە تۆ کەوڵی ئاسنگەرییەکەت کردە ئاڵای کەیانی و بەنیشانەی ھێرشی گەرمت لەسەر ھەموو چیایەکی بەرزی وڵاتەکەت بڵێسەی ئاگری پاک بەرز بۆوە و کۆشکی بێدادی «زوحاک»ی مێشک خۆری کرد بەخۆڵەمێش؛ لەو کاتەوە کە «فەرھاد» کەوتە ناو گێژاوی خەیاڵاوی ئەوینی شیرینی «شیرین»ەوە.

تۆ جارێک «مەم»ی «ئالان»ی، جارێک «سیامەند»ی، کاتێ شادمانی، کاتێ دڵمەندی؛ بەڵام ھەمیشە ھەر بووی و ئێستە نە تۆ بێ ئەم خاکە تەواوی، نە ئەو خاکە بێ تۆ ئەتوانێ بژی بەپاراوی.

ڕۆژێک ھەڵدەستی، تەمێک تەواوی مێشکت پڕ ئەکا. لە ئاسمانا بەشوێن خۆرا ئەگەڕێی، لە ھەوادا چاوت پەل ئەکوتێ بۆ مەلێکی تیژباڵ، بەھەموو ھێزێکی ھەستەوە خۆت مڵاس ئەکەی تا چپەیەک، جریوەیەک، کورکەی پێکەنینێک، یا تەنانەت نووکەی گریانێک پێت بڵێ: تۆ ماوی! تۆ ھەی!

بەڵام داخێک و ھەزار ئەفسووس، ژیان ئیتر دڵی لێ نادا، چاوی ناڕوانێ، لێوی زەردەی تێ نازێ!

تۆ ھەمیشە لە بەستێنی دەریایەکی پڕ شەپۆڵدا ژیاوی، شەو بەلایە لایەی قورینگی دەریایی و لاوکی شەپۆل سەرت ناوەتە سەر سەرین، ئێستە ناچاری لە کەناری گۆلێکی لێڵ و لیخن دانیشی و چاو ببڕیە چاوی گۆلی مردوو کە بێ ھیچ جووڵانەوەیەک تەسلیمی چارەنووسی تاڵ بووە و دوورە لە باوەشی دایکی دەریا، تەریک لە خانەدانی ئاو، دوا ھەناسەی داوە و گۆڕی تەنگی خاک گرتوویەتە بەر گۆڕەوشار.

لەپڕ ھەست ئەکەی ھەور ئەگرمێنێ، برووسکە ئەدا و قەمچی ئاگرینی تەوێڵی پاکی وڵاتەکەت ھەڵئەدڕێ، خەلە و خرمانت کە ھیوای سەوزی ھەزاران کشتیاری ڕەنجبەرە، ئەکا بەپووشی سووتاو. ھەر ماڵە قرمەی دێ، ھەر مناڵە بەدەم زامی تەڵەزمی بۆمباوە ئەناڵێنێ و تۆ کە ھەزاران ساڵ ژیاوی، ھەست ئەکەی لەشت شەقار شەقار ئەبێ و زووخاو لەبەر برینت ئەڕوا. تۆڵە وەک کارگی ژاراوی بەگرمەی ھەوری فڕۆکەی دوژمن لە ناو دەمار و ھەناوتا سەر ھەڵئەدا و دەمت بەپانایی «گەڵی عەلی بەگ» ئەکرێتەوە و ھەرات بەرزتر لە دەنگی ھەورەگرمە و نرکەی فڕۆکە بەڕەگی ئەندامی نیشتمانەکەتا ئەگەڕێ. تۆڵە، تۆڵە... ئەزمەڕ و پێرس و قەندیل وەڵامت ئەدەنەوە: تۆڵە، تۆڵە... ئەو چەپکە گوڵە سوورەی کە لە داوێنی چیا چنیوتە، تا بیدەیە دەست دڵدارەکەت، ئەیخەیە سەر گۆڕی شەھیدێک کە ماوەیەک بەر لە بۆمباران زیندوو بوو و بەپەلە ئەچۆوە بۆ لای ماڵ و مناڵی چاوەڕوانی و لەبەر خۆتەوە ئەڵێی: «تفەنگەکەم!» ئەمەیە ڕەمزی مانەوەت؛ تۆ کلیلی تەلیسمەکەت دۆزیوەتەوە!

پاش ماوەیەک لە پشت ئاوایی خاپوورتەوە بەرەو باوەشی پەنادەری چیا ھەڵئەبی و لەگەڵ پۆلێک ئەکەوی کە ھەموو یەک زمان و یەک زانیاری و یەک ئاو و خاک و یەک خوێن و یەک ڕابردوون.

پێشان سڵاوێک و زەردە گرتنێک، پاشان سروودێکی تێکڕایی:

ئەی چیا، باوەشت ھومێدی گەرمی گەل!
ئەی چیا، ڕەمزی ھات و ھەل!
بەرزی تۆ، گۆڕی دوژمنی!
سەوزی تۆ، ئاسمانە شینەکەی منی!
نانەوێ سەرت بەبۆمبی ئاگرین.
ھەر بژی چیای سەفین و ئاگرین!

خوێنی گەرم و گەشی ئازادی بەجۆگەی دەم وشکی دەمارتا ئەگەڕێ و چەشنی بنجە گیایەکی دوورە ئاو ئەگەشێیەوە، دیسانەوە ھەستی ھەر بوون و ھەر مان لەشت پڕ ئەکا. تۆ یەکێکی و لەجیاتی گەلێک پەژارەدار بووی و ئێستەش تۆ ھەر ئەو یەکەی و لەباتی گەلێک ئەتەوێ تا سەر لووتکەی دوورە دەستی ئازادی ڕێگا ببڕی، بەم چەشنەیە کە تۆ بەدرێژایی مێژوو ژیاوی و لەبەر تۆفان و باو و بۆران و بەفر و سەخڵەت و سەرما وەستاوی. پیرەدارێک لە بەرامبەرتەوە کە ھەزاران شەوی بەتۆف و ساردی ڕۆژ کردۆتەوە. چیایەکە ڕووبەڕووتە کە ھەزاران سێڵاو بەسەر سینگی سەخت و بەردینیا ھاتۆتە خوارەوە، بەڵام ھێشتا ھەر ماون، چونکە سەریان بۆ مردن شۆڕ نەکردووە. لەبەر خۆتەوە ئەڵێی: «من ڕۆڵەی چیا، چۆن لە چیا کەمتربم؟ ! چۆن لەبەر تۆفانی گوللە و بۆمبا و لەبەر ھەورەگرمەی فڕۆکە ببەزم؟ !»

تۆ ئەزانی تەنیا یەک جار بەزین، تەنیا یەک جار ترسان، کۆتێک ئەخاتە گەردنت کە ھەرگیز لە دەستی ڕزگار نابی. بیر ئەکەیەوە سێ ڕێگا ھەیە:

یەکەم سەرکەوتن و پڕ بەھەموو دەشت و دۆڵی چیا سەربەرزەکانت نەڕاندن: «ئەی خۆبەختکارانی پێشوو، من سەرکەوتووم، من ڕۆڵەی حەڵاڵی ئێوە بووم. داری خێر و خۆشی و ئازادی بەری ھێنا، دادگەری سەرکەوت.»

دووھەم، کۆڵنەدان و مردن، کە خۆی چەشنێکی ترە لە سەرکەوتن. سێھەم، بەزین و سەرشۆڕی.
بیری تەسلیم ھەناوت پڕ ئەکا لە بێزاری، چاوی گەشی کوڕەکەت کە بەجانتای پڕ کتێب لە قوتابخانە ئەگەڕایەوە و بەگوللەی دوژمن بۆ ھەمیشە لە ڕوانین کەوت، نیگای میھرەبان و ئەویندارانەی خێزانت کە لە ژێر خانووی ڕووخاودا بۆ ھەمیشە خامۆش بوو، ئەمانە و زۆر بیرەوەری تریش تەنووری دەمار و بێزاریت تاو ئەدەن و بێ ئەوە بزانی کەست بەدەوروپشتەوە ھەیە، یان نا ئەگوڕڕێنی: «نە، ھەرگیز، ھەرگیز...» و ئاسنی ساردی تفەنگەت دەستی گەرمت ئەلاوێنێتەوە.

پەراوێز edit