ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
بوومەلێڵی بەیانی بوو؛ تەزوویەکی سارد بە لەشی کێو و چیادا ئەگەڕا و گاھێ گیای شلک و گوڵی کێوی چاو بە خەوی ڕائەچڵەکاند.

«مەحموود» ماوەی سەعاتێک بوو چاوی نەترووکاندبوو و ھەروەھا ڕوانیبووی بۆ باوکی کە بە ھەڵپە سەرنجی کەلەکەی پێشانی ئەدا.

مەحموود خۆیشی نەیئەزانی چۆن وا کوتوپڕ ئەو بیرەی کەوتبووە مێشکیەوە کە باوکی لە دڕندەیەک ئەچێ کە زگی برسی مەڵاسی زەوی کردبێ و چنگۆڵەی دادابێ، تا کەی نێچیر ئەگاتە بەر ھەڵمەتی!

ڕەنگە نەبزووتنەوەی باوکی، بە گەرمە ڕوانینی، ببوو بەھۆی ئەمە کە مەحموود وەھا بێتە بەرچاوی؛ ئاخر سێ چوار سەعات بێ چاو لەسەریەک دانان، بێ وچان، بێ ڕوانین بۆ ئەملا و ئەولا، تەنیا چاوبڕینی شوێنێک وەھا کە پیاو لای وابێ ئەم جووتە چاوە یا ھەر ناگەڕێن یا بە ھەودایەکی نادیاری بە شوێنێکەوە بەستراون؛ ناچارییە کە ھەزار بیر ئەخاتە مێشکی ئادەمیزادەوە.

مەحموود بیری کردەوە کە ئەم ڕوانینە بە ھەڵپەی ھەرگیز بە باوکیەوە نەدیوە. نە کاتێ کە دایکی نەخۆش بوو چاوی نابووە سەریەک و باوکی چاوەڕوان بوو ئەو چاو ھەڵبڕێ و دەریخا کە ھێشتا گیانی تێدا ماوە، نە ئەو جارە کە کۆرپەی برا گەورەکەی، کە ئەبوو بە نەوەی باوکی، خرا باوەشی. کۆرپەیەکی ئێسک سووکی خوێن شیرین کە بۆنی شیر و گۆشتی زیندوو، لیباسی تازەی بە ئەسپۆن شۆراوی لێ ئەھات و چاوی شینی پڕشنگێکی خستبووە سەر بەروانکەکەی. بە کورتی مەحموود ھەرگیز ئەم ھەموو تاسە و ھەڵپەی لە ڕوانینی باوکیا بەدی نەکردبوو.

مەحموود پڕبەدڵ پێی خۆش بوو پاکانەی باوکی بکا:

«... دەی جا چی بوو، باوکم خێزانێکی زۆری بە ڕیشەوە بووە، مناڵی ورد و درشت و سەروپێچکەی ھەیە، دایکم کەوتوو و ڕەوتوو و ناسازە، ئەویش بۆ تێرکردنی ئەم ھەموو زارە ئاواڵە و زگە برسییە، ئەبێ ھەوڵ بدا، ھەوڵ بدا و بە ھەموو لایەکا پەل بکوتێ، قەیدی چییە؟ کار، کارە؛ چ کشتوکاڵ، چ سەودا و سەرەنوێ، چ سەپانی و دروێنەوانی و چ ڕاوکەری. باوکم بەم ڕاوکردنە ھەم بژێوی خۆمان پەیدا ئەکا و ھەم بە فرۆشتنی نێچیرەکان بە کەلەبەرەکانی تری ژیانمان ڕائەگا.»

مەحموود لە دڵی خۆیا ئەیویست ئەو مەبەستانە قبووڵ کا، بەڵام ئەم ڕوانینە بە ھەڵپە بۆ کوشتنی کەوی بەستەزمان، «ڕیسەکەی لێ ئەکردەوە بە خوری». ھەموو شتێکی لێ ھەڵئەوەشاندەوە!

دیسانەوە ڕوانییەوە بۆ باوکی، ڕیشی ماش و برینجی بەدەم شنەی ساردی بەربەیانەوە ئاڵۆز ئەبوو، دەموچاوی گنجاوی و لە بەرتاو سووتاوی باوکی کەوتبووە سەر بەردێکی قەوزە گرتوو و بە ھیچ بارێک لەگەڵ بەردەکە جیاوازی نەبوو. باھۆی ھەڵکراو و ڕووتی لەگەڵ داری تفەنگەکەی ئەتکوت دوو بەوشی یەک باسکن. ئەمانە ھەموو چاریان ئەکرا، بەڵام ئەم ڕوانینە کە بۆنی خوێن و ڕەنگی دڵڕەقی پێوە بوو، شتێک نەبوو کە مەحموود لێی خۆش بێ.

مەحموود لەبەر خۆیەوە کوتی: بابە و، گوێی گرت بۆ وەرامی باوکی. دیسان بای ساردی بەیان بوو کە تۆزی خەوی لە چاوی وڵاتی خەواڵوو ئەسڕی، بەڵام باوکی مەحموود ھیچ دەنگی لێوە نەھات. سینگی کە گیا نەرمەکانی شێلابوو ئەھاژا؛ ھاژانی مارێک لەبەر گەرمای ھاوین. ھاژانی سینگی دڕندەیەکی برسی کە بەشوێن نێچیرا ڕایکردبێ.

مەحموود بەرزتر ھەرای کرد: «بابە!»

دیسانەوە باوکی ڕووی وەرگێڕا و وەرامی نەداوە. دەنگی مەحموود بە ھەرای بابە بەرزتر بۆوە و کێوی ئەوبەر وەرامی داوە: بابە... بابە...!

تەقەی تفەنگ ھەستا و باوکی مەحموود نەڕاندی: «یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج، شەش،...»

مەحموود ھاواری کرد: «بەسە! بەسە!»

چەن کەو کە ھەر کام ساچمەیەکیان بەر کەوتبوو ھەڵئەبەزین. کەوێکیش باڵی شکاوی بەسەر زەویا خشکەی ئەکرد و خۆی ئەکێشا بۆ ژێر بنجە تووتڕکێک. باوکی مەحموود وەک تاوێرێ کە خلاری کەیەوە بە چەن باز و چەن سەرەنگرێ خۆی گەیاندە کەوە کوژراوەکان. چەقۆیەکی تیژی دەرھێنا و کەوەکانی سەربڕی و خوێنی چەقۆکەی بە لکی پشتێنەکەی پاک کردەوە و نایەوە ناو گیرفانی. کەوەکانی جەللە کرد و لاقی بە پەتێکەوە بەستن و ھەناسەیەکی کە لەمێژ بوو لە سینگیا قەتیس مابوو، دا دەرەوە.

مەحموود وەک خەڵفێکی ساوا کە لە بەرامبەر دارێکی پیرا شین بێ لە بەردەمی باوکی چەقی و بەئەسپایی کوتی: «بابە!»

بابی وەرامی داوە: «ڕۆڵەم!»

مەحموود کوتی: «یەکێ بۆ خۆمان، دووی تریش بۆ فرۆشتن، ئەوانی ترت بۆ کوشت؟!»

باوکی مەحموود لەپڕ ھاتەوە بیری کە بە گوللەی دوایی دوو کەوی پێکاوە و ئەبووا حەوت کەوی سەربڕاوی پێ بێ، بەپەلە کوتی: ھەر لێرە بە ڕۆڵەم! و لەبەر خۆیەوە کوتی: «کەوە باڵ شکاوەکەم لە دەس دەرچوو!»

دەستی قوژبن پشکنی باوکی مەحموود بەناو تووتڕکەکانا گەڕا و بەکەلاکی کەوەکەوە ھاتە دەر.

مەحموود کوتی: «مندار بۆتەوە! بڕوانە پەڕە جوانەکانی شەڵاڵی خوێنە.» باوکی بەڕقەوە کوتی: «حەیف بوو، چەن قەڵەوە!» پاشان بێ ئەوە قسەیەک لەگەڵ مەحموودا بکا، ملی ڕێیەی گرت و بەرەو ماڵ بۆوە.

بای دەمەوبەیان ئەیلووراند. چەن پەڕی نەرم تێکەڵ بەگەردەلوولێکی کەم خایێن بەرەو ئاسمان بەرز ئەبوونەوە و بە لەرینێکی بەئەسپایی ئەکەوتنەوە سەر زەوی. مەحموود ماوەیەک وەستا و تەماشای باوکی کرد. تفەنگەکەی وەھا گرتبوو ئەتکوت دەستی خۆیەتی و درێژتر بۆتەوە.
ھێشتا مەحموود لە گێژی ڕزگار نەببوو کە دەنگی گڕ و پیرانەی باوکی بەگۆرانی «کەویار» بەرز بۆوە.

پەراوێز edit