ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ؛ قسەی دڵداری و ئەوین ھەرگیز نابڕێتەوە. وا دیارە کاتێ گڵی ئادەمیزادیان خۆش ئەکرد، ئاوی ئەوینیان لێ پژاند یا کڵی ئادەمیزادیان بە ئاگری ئەوین ھەڵگیرساند.

ئەوینی ئینسان، تەنیا برووسکەیەکی یەزدانییە کە مرۆ ئەباتە لای سەرتری بارەگای فریشتەی خواوە. ئەوین ھەوێنی ھەست و ھان و ھەناسە و ھەبوونی ئینسانە.

ئەوینی پەرەدارترە لەوە کە تەنیا لە نیگای حەزلێکاریا، یا لە شۆر و شۆقی بەیەکگەیشتنی پیاوێک و ئافرەتێکا بگونجێ.

ئەوین نەفسی ژیانە؛ جوانییە، پاکییە، خۆبەختکردنە، ڕەنجکێشان و لەگەڵ دەردا جووتبوونە. تەنیا لە ھەرێمی ئەویندا ئەم ڕازە بەرزە یەزدانییە مانای ھەیە؛ بژی بۆ ئەوین، بمرە بۆ ئەوین... و ئێستە گوێتان لە پارچە پەخشانێک ئەبێ سەبارەت بە ئەوین و ئەو کاتە کورتە بەبەھرە و پیتانەی ئەوین کە بە تەرازووی زەمان و بەپێی ڕوانینی چاوی سەر، کەم خایەنن، بەڵام بەچاوی دڵ ھەمیشەن و ھەموو شتن، تۆشەی ھەزار ساڵ ڕێگای بەھەوراز و لێژی ژیانن.

ئەمشەو زۆرتر لە شەوانی پێشوو تەنیام، بۆنی غەریبی پڕ بە ھۆدەکەم شەپۆل ئەدا، بە شووشەی پەنجەرەی ھۆدەکەما شۆڕاوەی باران نەرم نەرم دێتە خوارەوە. وەک پیرەپیاوێک کە لە گۆشەی خەڵوەت و بێ دەنگییا، لە ئێوارەیەکی زەرد و خەماوییا بۆ ڕەنجی خەسار، بۆ ڕۆژانی ڕابردووی بەھار، بۆ بووژانەوەی بیرەوەری ھەزاران یادگار، ئەسرینی خوێنبار بڕێژێ.

خوای گەورە ئادەمیزادت چۆن داڕشتووە کە لە سینەیا بلوورێکی ناسک بە ناوی دڵ ئەبێ خۆ بگرێ لەبەر دەریای دەرد و خەم؟! لەبەر سەودای زۆر کەم؟! لەبەر ئاگری زۆر و ستەم؟!

ئەگەر ئادەمیزاد بەم ھەستە ناسکەوە کە لە ھەر تەلێکی بە ھاتوچۆی نەرم و نیانی ھەناسەیەک، ھەزار نەغمەی پەژارەڕێژی داستانبێژ ھەڵدەستێ، بەڵێ، ئەگەر لە ئەم ھەموو ناسکییەدا پشتیوانێکی وەک ئەوینی نەبوایە، چی ئەکرد؟! ئەگەر گیانی نەمری «ئافرۆدیت» پاسەوانی نەبوایە، لەم شەوەزەنگی ژیانەدا بەرەو کوێ ئەچوو و لە کام ھەڵدێری کڵۆڵییا گۆڕ ئەکرا؟

چی ھەیە چەشنی ئەوین، کە گرینەکەی لە پێکەنین گیان پتر بگەشێنێتەوە و ڕەنج و پەژارەکەی شیرینتر بێ لە پێگەیشتن و شادمانی؟!

باران ھەر ئەبارێ، بەڵام ئاسۆی زەرد و ئاڵتوونی تاجێکی کردۆتە سەر لووتکەی چیای ئەلبورز. ڕنووی بەفری چەن ساڵە وەک گەوھەری شەوچراغ لەسەر تاجی ئاڵتوونی چیا ترووسکەی دێ. گریانی ھەور پڕ دوو چاوی شینی پەنجەرە و بزەی زەردەی ئێوارە پڕ بەزاری دۆڵ و شیوی چیا!

وا دیارە سروشتیش سەودای ئەوینی لەسەردایە کە بە چاو ئەگری و بە دەم پێئەکەنێ.

ئاخۆ من سروشتم، یان سروشت منە، کە ھەردووک وەک یەک ئەگرین و پێئەکەنین!؟

ئەمڕۆ من چاوەڕێی گەڕانەوەی خۆشەویستێکم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا ترس و خورپە، وەک تەزووی بەرەبەیانێکی پاییز بە دەماری لەشمدا دەگەڕێ. لە پەنجەرەکەمەوە کە وەک چاوی کاڵی پاش گریان، ڕەنگی ئاڵ و واڵای لێ نیشتووە ئەڕوانمە سەر شەقام؛ دەنگی ھەر سۆلێک لە پێشا وەک دەنگی مۆسیقا ئەھاتە بەر گوێم، بەڵام کاتێ تێئەپەڕی و دوور ئەکەوتەوە لە ڕۆ ڕۆی نەناسراوێک ئەچوو بۆ نەناسراوێکی تر. ئەوەندە بەرەو پیری دەنگی ئەو سۆلانە چووبووم و بەڕێم کردبوون، بێ ئەوە تەنیا جارێک نیگایەکی گەرم و ئاشنا لە ڕووم پژابێ، سەرم ھاتبۆوە ئێش و ئێستە دوو دەماری ماندوو، دوو ماری شین لە ملمەوە ھەڵگەڕاون و لە ھەردوو لای تەوێڵمەوە خۆیان کێشاوەتەوە ناو مێشکمەوە.

نە، کاتی بێ بەزەیی تێناپەڕێ، خۆرەتاو لە کۆچی ڕۆژانەی بەرەو سەرای شەو دوودڵە، وەستاوە تا بزانێ چاوەنواڕیی ئادەمیزادێک بە کوێ ئەگا؟! ڕەنگە خۆرەتاو خۆی زۆری دەردی چاوەنواڕی چێشتبێ!! ڕەنگە بە شوێن دڵبەرێکی گومبوودا وێڵ بووبێ کە بە ھەموو ھەرێمی ڕۆژا ئەگەڕا و پاشان تەواوی مەڵبەندی شەوی ئەپشکنی!؟ ھەر شەو و ڕۆژەی جارێک و ھەرگیزیش نە ماندوو ئەبێ و نە دەس ھەڵدەگرێ و تەنانەت چاوی گەش و پڕشنگداری لێک ئەنێ بۆ حەسانەوەیەکی کورت و پشوویەکی کەم خایێن.

گەرووی تاریکایی دوا دڵۆپی ڕووناکایی ھەڵمژی، وەک قولەڕەشێکی سەرخۆش کە جامی ئاڵتوونی نیوە خاڵی بەسەرەوە نێ و یەکبین ھەڵیدا.

من ھۆدەکەم شەو بوو؛ چاوی شینی پەنجەرەکان بە حەریری ڕەشی شەو بەسترابوو، بەڵام لە دڵما ھێشتا نوورێک وەک پڕشنگی ئەستێرەیەکی دوورە دەست، یا ئاگری دەشتەوان، لە شەوێکی تاریکا ئەدرەوشایەوە؛ وا دیارە خۆرەتاو لە دەروونا درەنگتر ئاوا ئەبێ! ئەبوو خۆم بە شتێکەوە خەریک کەم، چونکە لەم بێ دەنگییەدا، دەنگی لێدانی دڵم لە ھەورە گرمە بەرزتر دەنگی ئەدایەوە و ھەموو دەماری لەشم وەک تەلی تار لە ژێر پەنجەی زاڵی مۆسیقارێکی خەمبارا ئەلەرایەوە و پرووشەی خەم و ماتەمی ئەکرد. بۆ جاری دەھەم نامەکەیم بە دەستەوە گرت و خوێندمەوە، نووسیبووی:

«چیای من! پیاوی سەربەرزم! باڵداری بچووک تاسەی ھێلانەکەی کردووە و خەریکە ئەگەڕێتەوە بۆ لات، باوەشی تۆ ھێلانەی منە. چاوەڕوانم کە بە چەپکێ گوڵی شیعرەوە پێشوازم بکەی، لەو چەپکە شیعرانە کە ھەموو ڕۆژێ بەیانی لە باخچەی زەوقت ئەتچنێ و بە خەیاتەی خاوی ئەوین ئەتبەست و لە گوڵدانی خۆشەویستییا ئەتچەقاند و کاتێ من ھەڵدەستام، بۆنی چەپکە شیعرەکەی تۆ تێکەڵ ئەبوو لەگەڵ ھەناسەی بۆنخۆشی چیای بە گوڵ خەمڵیو و شەپۆلی ئۆخەی بە لەشما ئەگەڕا...

لە بیرت ماوە تۆ ئەبووی بە «عیسا»ی من و من کە زوو ئەژاکام و لە ھەوای دووکەڵاوی شارا لێڵ ئەبووم، وەک «ئەلعازر» خۆم بە دەستی زیندووکەرەوە و مەسیحاییت ئەسپارد و بە ئیعجازی دەستەکانت ژیانێکی نوێم دەس پێ ئەکردەوە، کە لە ژیانی ڕابردووم گەلێک جوانتر بوو...

ئێستە «ئەلعازر» کە مەرگی دووری پێ ھەموار ناکرێ، ئەگەڕێتەوە بۆ لای مەسیحی خۆی. پەپوولە دیسان لەسەر گوڵ ئەنیشێتەوە و شۆڕەبی باخچەکەمان دیسان ئەبێتەوە جێژوانی چۆلەکەی وردیلە و عەجوول. ژیان دیسان واتەی تایبەتی خۆی ئەدۆزێتەوە و بەربەیانە ئەبێ بە ھەمیشە، ھەمیشەیەک بە درێژایی ژیانی من و تۆ؛ تا مەرگ بە ڕواڵەت لە یەکمان جیا کاتەوە!»
نامەکەی لێرەدا دوایی ھاتبوو و من لەبەر خۆمەوە گوتم: «جوانترین چەپکە گوڵی شیعرم پایەندازی تۆ ئەکەم، تۆ کە جوانترین شیعری خودای.» سەرم ھەڵبڕی و لە ژێر پەردەی حەریری فرمێسکا ھەیکەلێکم دی لە بەردەرگا وەستابوو، دوو دڵۆپ ئەسرینی گەرمی شادی لە بەردەرگای چاوی ھەردووکمانەوە ڕێگای سەرەولێژی گۆنای گرتە بەر و شەڵاڵ بوو. زمان لە کار کەوت و دوو باوەش کرانەوە و دوو ئادەمیزاد بوون بەیەک... باڵداری ئێسک سووکی من گەڕایەوە بۆ ھێلانەی مات و چۆڵی خۆی.

پەراوێز edit