ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٧. مردن سەفەرێکی دوورودرێژە
سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەرپەرەستی بەرنامەی تاپۆ. تکایە گوێ بگرن بۆ پەخشانێک.

- «عەزیز! عەزیز، ڕۆڵە، درەنگە! ھەستە کوڕم. مەلا بانگانە!» عەزیز ھەستا. بەدەم خۆکێشانەوەوە باوێشکی ھاتێ. شەو نەیتوانیبوو بخەوێ. بۆ مەگەر ئەکرا؟! برا بچووکەکەی چەند ڕۆژ بوو لە ئاگری یاوێکی بەتینا وەک پشکۆ و پۆلووی سوور ئەگڕا. پیرەژنی ئاوایییەکە ئەیانکوت کەوتووییەتی. دوێشەویش عەزیز خەو نەچووبووە چاوی. چرایەکی فتیلە لەسەر کورسییە شڕەکەی ماڵیان ئەسووتا و دووکەڵی ئەکرد. سێبەری دایکی کە مەمکی بێ شیری نابووە سەر دەمی ئاورینی کۆرپەکەی و ھەر لەو بارەش خەوی لێ کەوتبوو، لەسەر دیواری قورماوی ھۆدەکەیان سەمای ئەکرد و ئەتکوت مناڵەکە مژ لە مەمکی دایکی ئەدا. تەنیایی و بێکەسی پڕ بەماڵەکە پەنگی خواردبۆوە. عەزیز تەماشای براکەی ئەکرد. بەحاڵ ھەناسەی ئەھات. دەمی نیوە تاکی بەگۆی مەمکی دایکییەوە وشک ببوو. عەزیز ھاتەوە بیری کە کاتێ مناڵ بوو، باوکی بەزستانێکی سارد ھەر لەم ھۆدەیە مردبوو. عەزیز لەپڕ مووچڕکێ بەلەشیا ھات و چەق و چۆیەکی تیژ تێپەڕ بەئەندامیا گەڕا. ئەتکوت تێپەڕینی چەند ساڵ بەسەر ئەو زستانە ساردەدا خوێنی گەرمی لاوی کە ئێستە لە دەماریا ئەگەڕا نەیتوانیبوو ڕێگای بووژانەوەی سەرمای ئەو سەردەمە لە دەروونیا ببەستێ. ھاتەوە بیری، وەک خەونێکی بێ ڕەنگ، کە بەپێخواسی بەدوای تەرمی باوکییا چووبووە گۆڕستان، کەمێکیشی لە تەڵقینی مەلا ھەر لە بیر مابوو کە کوتبووی: «مام ھۆمەری کوڕی خات ئەستی! تۆ مردووی، دوو مەلاییکە دێنە سەرت و پرسیارت لێ دەکەن، خوات کێیە؟ پێغەمبەرت کێ؟ و کتێبت کامەیە؟» لەمە زیاتر بیری بڕی نەدەکرد. عەزیز دوێشەو زۆری بیر کردبۆوە و لە خۆی پرسیبوو خوا کێیە؟ بەڵام زۆرتر سەری لێ شێوا بوو، بەری بەیانی کە ئەبێ ھەستێ و بچێ بەفری سەربانی تەویلەی ئاغا بماڵێ، بیری ئەمە کە بەیانی زەوادیان لە ماڵێدا نییە بیخۆن، نەیھێشتبوو وەڵامێ بۆ پرسیارەکەی بدۆزێتەوە. عەزیز دوێشەو ھەزار بیرەوەری ھێرشیان کردبووە سەر مێشکی. بیری خودا و بیری نان و بیری دایکی کە لاپێژی ماڵی ئاغایە. بیری خۆی و برا بیمارەکەی و لە دوای ھەموویانا بیری شاگوڵ.

ھاتەوە بیری کە ڕۆژێکی بەھاری پاش ھەستانەوەی جووت و کزربوونەوەی زەوی، خەریکی جووتکردن بوو. پۆلە کچێک بۆ شنگکردن ھاتبوونە داوێنی ئەو کێوە وا جێ جووتەکەی ئاغا لە خواریەوە بوو. کراسی سەوز و سووریان لەبەر نووری خۆرەتاوا برووسکەی ئەھات و بەبالۆرە بانگی تاقمێکی تریان ئەکرد کە لەوبەرەوە بوون؛ ھاتەوە بیری کە لەو کاتەدا کوڕی ئاغا بەسواری ئەسپێکی کوێت بە ڕەخت و بەرەی زێوەوە لێی پەیدا ببوو و بەھاژەی قەمچییەک ئەوی لە جیھانی ئەوین و خەیاڵ تاراندبوو و خۆی کەوتبووە شوێن کچەکان و نووزەی بەئاستەمی برا بچووکەکەی و چاوی خەوتێشکاوی دایکی کە بەناڵەی پڕ لە دەرد و ئێشی کۆرپەکەی کرابۆوە ھەودای خاوی بیرەوەری عەزیزی پساندبوو.

- «ڕۆڵە عەزیز بەخەبەری؟ بخەوە کوڕم، بەیانی کارت زۆرە. ئەرێ کوڕم پەنا بەرە بۆ خودا!»

دایکی عەزیز ھەر ئەوەندەی کوتبوو و چاوی ماندووی لەسەریەک دانابۆوە. لە سیمایا چەوساوەیەتی ھەزارەھا ساڵ چینی ھەژار دەھاتە بەرچاو. ئەو ڕواڵەتە پەڕپووتە ئەتکوت پەیکەرەی توانجە دژی سەرکەوتنی مرۆڤایەتی. عەزیز چاوێکی بەژوورەکەدا خشاندبوو. ھێلەگێکی ھەڵواسراو و دوو سێ کاسە و کەوچکی چێوی، گۆزەیەکی سوور کە لەبەر تیشکی نیوە ڕەنگی چرای فتیلەدا قاوەیی ئەنواند، دەستێ

نوێنی قەد کراو لە گۆشەی ھۆدەکە، دوو وێنەی خەیاڵی لە دوو پیاوی گەورەی ئایینی کە لە ناو گۆوارێک دەرھێنرا بوو لەبەر دووکەڵی ناو ماڵ ڕەش ھەڵگەڕابوون و ئیتر ھیچ. عەزیز لەوپەڕی گێژی و کاسییا بزەیەک گرتی. دایکم دەستە نوێنەکەی باوکمی پێچاوەتەوە لە گۆشەیەکا دایناوە. زۆر جار دیومە کە لە بەرامبەریا دانیشتووە و لەبەر خۆیەوە قسە ئەکا. لای وایە باوکم یەکجاری بەجێی نەھێشتووین. ئەڵێ ئەگەڕێتەوە. دڵنیام ئەگەڕێتەوە.

ڕاستی مردن چییە؟ بەرەو کوێ ئەچین؟ ڕەنگە دایکم ڕاست بکا؛ مردن سەفەرێکی دوورودرێژە، بەڵام گەڕانەوەی ھەیە. ئەگەر ئادەمیزاد بەم ساکارییە بمرێ و ئیتر نەگەڕێتەوە چۆن ئەبێ؟! بێ گومان من باوکم ئەبینمەوە. ئەگەر ئەم مناڵە بچووکەش بمرێ!...

لێرەدا عەزیز نەیوێرابوو بەشوێن بیرەکەیا بڕوا. تەنانەت بەخەیاڵیش دڵی نەھاتبوو مردنی ئەم ساوا خوێن شیرینە بھێنێتە بەرچاو.

ئەو شەوە تێپەڕ بوو و عەزیز بەیانی چووبوو بەبێگار بەفری سەربانی تەویلەی ئاغای ماڵیبوو. بەرچایی نەخواردبوو و ئارەقەیەک کە بەگەرمی لە لەشی ئەھاتە دەرەوە و خێرا بەھەناسەی ساردی بای زستان ئەیبەست و لەسەر سمێڵی تازە ڕواوی ئەبوو بەسەھۆڵ، دیار نەبوو لەبەر بێ ھێزی برسییەتییە یا شەکەتی کاری بێگاری و ڕەنجی خەساری یا لەبەر ھەردووکیان. بۆ مەگەر ھەژار دەردی یەک و دووانە؟ خوا نەکا مەینەت و چارەنووسی ڕەش ڕێگای دڵێک و تەوێڵێک بدۆزێتەوە. وەک قیلی کەوای سپی پێیەوە ئەنووسێ و بەھیچ بارێ بەری نادا، ئەمە ڕێگا و شوێنی جیھانە و «بەڕە ھەر لە لای تەنکییەوە ئەدڕێ».

کاتێ ئێوارەیەکی درەنگ عەزیز بەزگی برسی و لەشی مانووەوە گەڕابۆوە بۆ ماڵ، چاوی بەبرای ساوای بیمار و لەش بەباری کەوتبوو کە پڕشنگی ژیان لەسەر ئاسۆی لێوی کاڵەوەبووی خەریکی ئاوابوون بوو. دایکی عەزیز دەمی بەڕوومەتی کاڵ و کرچی کۆرپەیەوە نابوو، ئەیویست لە گیانی خۆی بەشی بدا.

کاتێ مناڵێک دێ ھەتاوێک ھەڵدێ؛ بەھارێک پێئەکەنێ و کاتێ مناڵێک ئەڕوا، ڕۆژێک ئاوا ئەبێ و گوڵزارێک شەختەی لێ ئەدا.

عەزیز لە بەردەرگا ھێزی ئەژنۆی شکا بوو. وڵات لە بەرچاوی سووڕا بوو. گێژ و خولی خواردبوو و ھێندێک پاشان دایکێکی ھەژار نەیزانیبوو بۆ کۆرپەی بگری یا بۆ لاوەکەی. کڕێوەیەکی توند، دەرگای نیوە تاکی ھۆدەکەیانی کردبۆوە و گەرداڵێکی بەفری ڕژاندبووە سەر کەوشکەنی ھۆدەکەیان. لە دەرەوە دەنگی گزیری ئاغا ئەھات کە ھەرای ئەکرد: «بەیانی ھەرچی پیادەی ئازا و کەڵەمێردە، ساز بێ؛ خان ئەچێ بۆ ڕاو.»

چپەی دوو کوڕ و کچی ئەویندار کە لە بەردەرگای عەزیز و دایکی بڕیاری ژوانی شەویان ئەدا ئەھاتە بەرگوێ. پاسارییەک لە ژێر پاسارەی ماڵێک بەجریوەیەکی نەرم دەرئەپەڕی و باڵی ئەگرت بۆ ڕەشانگی جێ دانگەی ڕانەمەڕی ئاوایی.

- «عەزیز! عەزیز؛ کوڕم! ھەستە! کوڕم مەلا بانگانە!»

عەزیز ھەستا بەدەم خۆکێشانەوە باوێشکێکی دا و لەبەر خۆیەوە کوتی:
- «نەھاتی خۆشە، قورتەکانی ناخۆشە.»١

١. فەقیری خۆشە، قۆرتەکانی ناخۆشە.
١٩٧٢/٠٨/٢٨

پەراوێز edit