ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٣٨. گۆرانی ڕچەشکێن
سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. ھیوادارین بەختیار و سەرکەوتوو بن و ئەگەر ڕەخنە یاخود پرسیارێکتان سەبارەت بە مەبەستە ھونەرییەکان ھەیە، بۆمانی بنووسن، ھەروەھا ئێمە ئامادەین ئەگەر پارچە ھەڵبەستێکی جوانتان ھەبێ یا پەخشانێکی ئەدەبی بۆمانی بنێرن بەناوی خۆتانەوە بڵاوی کەینەوە بەشەرتێ بتوانین بڕوای خۆمان سەبارەت بەنووسراوە و شیعرەکانتان دەربڕین و ماوەی ئەمەمان ھەبێ کە ھەڵە بەرچاو و دیارییەکانی نووسراوەکان ڕاست کەینەوە.

مامۆستای نەمر گۆران سەرەتا دامەزرێنەری شیعری نوێی کوردی بوو و یەکەم کەسێک بوو کە ڕچەی شکاند و کەوتە پێش شاعیرانی دوای خۆی. ڕێگایەک کە مامۆستای بەرزی کورد لە ھونەری شیعرا گرتیەبەر، تا ئەو ڕۆژە کەس پێیا نەڕۆیشتبوو. بەڵام دۆزینەوە و ئیبداع و خوڵقاندنی ھونەری وەک ھەموو شتێکی نوێ و بگرە پتر لە ھەموو شتێکی نوێ پێویستی بەئازادی بیروبڕوا و سەربەخۆیی و بەھێزی مێشک و ھەناوی ئەو کەسە ھەیە وا یەکەم دەسپێکەر و دۆزەرەوە و خوڵقێنەرە. مامۆستا گۆران لە ناو خەڵکا ژیا بوو، لە حوجرەی فەقێیان، لە دیوەخان و خانەقا، لە شار و لە دێ، لە ناو عێل و شاریا وەک یەک شارەزا بوو. ھەروەھا تێراوی سەرچاوەی ئەدەبی کۆنی کوردی و ئەو ئەدەبانەی تر بوو کە کاریان کردبووە سەر ئەدەبی کوردی. جا بەھۆی ئایینەوە بێ یا تێکەڵایەتی مێژوویی و ھەرێمی و شتی ترەوە. لەبەر ئەمە گۆرانی نەمر لە پێشا شیعری عەرووزی گوت و لەم شێوەیەشدا ھێز و دەسەڵات و مامۆستایی خۆی تەواو دەرخستووە. زۆر مەزموونی وا ھەیە کە مامۆستا ھەم بەشێوەی عەرووز و ھەم بەشێوەی نوێ کردوویەتی بەشیعر. وەک ئەم مەزموونەی چوونە کانی و ئاو ھێنانی ئافرەتان لە کوردستان، کە سووژە و ھەوێنێکی خۆماڵی و ناسراوە لە ناو کورد و ئەدەبەکەیا.

«ڕێی کانی قوبان مونتەزیری جیلوەیی نازە» یەکێکە لە شیعرە ھەرە جوانەکانی مامۆستا. لەگەڵ ئەوەشا بەگوێرەی ناچارییەک کە شێوەی عەرووزی بۆ شاعیری ئەھێنیتە پێشەوە زۆر وشەی عەرەبی و لێکدانەوە و تەعبیری ئەدەبەکانی ھاوسێی تێدا بەرچاو ئەکەوێ و شاعیری ناچار کردووە لەباتی قوربان بۆ ھاتنەوەی شیعرەکە بڵێ «قوبان»! ھەروەھا مامۆستا ئەم مەزموونەی لە جێگایەکی ترا بەقالبی عەرووزی و ناوەڕۆکی نوێوە کردووە بەشیعر و ئەڵێ:
ھەموو بەحەسرەتەوە گوڵ ئەکەن نساری ڕێت
بزانین ئاخۆ گوڵی کێ بەدڵتەوە ئەلکێت.

گوڵ بەدڵەوە لکان بەمانای ئەمە کە گوڵی کام گەنج کار ئەکاتە سەر ھەستی کچانەت. تەعبیرێکی تەواو نوێیە و وێنەی لە وێژەی کوردییا نییە. مامۆستا بەشێوەی نوێ، نوێ چ لەباری کاکڵ و چ لەباری تۆکڵەوە ئەم مەبەستەی کردووە بەشیعر. گۆران ھەست ئەکا بۆ شاعیرێکی پێشکەوتوو تەنیا شارەزایی بەئەدەبی کۆن و تەنیا ئەدەبی نەتەوەکەی و ھەرێمەکەی بەس نییە. ھەست ئەکا بەر لەوە ھەرێمی ڕامیاری یا یەکیەتی گشت مرۆڤ بێتە دی پێویستە لە وێژەدا بەتایبەت لە شیعرا کە لە ھەموو ھونەرێکی تر لە عاتیفە نزیکترە ئەم مەبەستە ئەبێ پێکبێ و مرۆڤ بێ ئەوە چاو لە زمان و زانیاری و نەتەوە و ھەرێمەکەی بگرێ، ئەبێ ببێتە یەک خێزان و بۆ ئەم مەبەستە شاعیر پێویستی بەڕوانین و شارەزابوون بەسەر وێژەی بێگانەدا ھەیە. باشتر وایە کە شاعیر خۆی زمانی بێگانە بزانێ و بێ ئەوە ناچار بێ وەرگێڕاوی نووسراوەکانی لاوەیی بخوێنێتەوە بتوانێ ڕاستەوخۆ لەگەڵ بیر و ھەست و عاتیفەی شاعیری لاوەیی تێکەڵ بێ تا دیوانەکەی برانس و شیلی و شکسپیر بخوێنێتەوە و پاش خوێندنەوەی دیوانی برانس، بەم جۆرە شاعیرانە بچێ بەتانی جوانییەکانیا و بڵێ: دیوانەکەی برانس کە نەغمەی شیعری ئەڵێی کچە پێئەکەنێ یان ئەگری. ڕاستی جوانتر لە گریان و پێکەنینی ئافرەت چی ھەیە؟ ھەردوو ئەم دوو حاڵەتە، واتە ئەم پەڕو ئەو پەڕی تیندرانی عاتیفە ئەبنە ھۆی دەرکەوتنی گەوھەری بەورشەی ھەناوی ئافرەت، یانی ئەو ئادەمیزادە کە تانوپۆی لە ھەست و نەرمی و خۆشەویستی پێک ھاتووە.

گۆران، گەورەترین شاعیری کوردە کە کەلێن و قوژبنی گیانی ئادەمیزاد ئەپشکنێ و ڕووناکی شیعری ئەخاتە سەر تاریکایی ھەست و عاتیفەی مرۆڤ. گۆران ھەر ئەو شتانە ئەڵێ کە ھەموو ئادەمیزادێک لە دڵیا ھەستیان ئەکا. بەڵام ناتوانێ دەریانبڕێ. گەورەترین جیاوازی شاعیر لەگەڵ خەڵکی ئاسایییا ئەمەیە کە پەریزادی خنجیلانەی ناو پەردەی خەیاڵ بەتەلیسمی وشە ئەخاتە بەرچاو و ئەیھێنێتە سەر شانۆی دیدار. ھەموو کەس جاری وا ھەیە ھەست ئەکا ئەوەی لە دڵیا ئەجۆشێ، لە لایەکەوە گەورەترە لەوە کە لە پەیمانەی مێشک و دەروونیا بحەوێتەوە. بەڵام کاتێ ئەیەوێ لە پلووسکی زمانەوە ھەڵیڕێژێ و بیخاتە ناو دەفری وشەوە ئەبینێ کە لە وزەدا نییە ناوی دەریا لە گۆزەیەکا جێ بکرێتەوە.

تکایە گوێ بگرن بۆ چەن شیعرێک لە پارچە شیعرێکی مامۆستای بەرز و نەمر:
ھەر چەن ئەکەم، ئەو خەیاڵەی پێی مەستم،
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی ھەڵبەستم!
لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم
بۆچی وەھا دوورن لە یەک؟ نازانم!
ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار
دەرکەوتایە دونیای جوانتر لە بەھار
دەرکەوتایە ئاوات، ھیوا، خەوبینین
پڕشنگدارتر لە ئەستێرەی قوبەی شین!
تا بەرنامەی داھاتوو بەخواتان ئەسپێرین بەڵێنتان ئەدەین کە لە بەرنامەکانی ترا باسی ئەو شاعیرانەتان بۆ ئەکەین کە شوێنی گۆرانیان گرتووە و ھەروەھا پلەی ئەمڕۆی شێوەی نوێ لە شیعری کوردییا باس ئەکەین. تا ئەوکاتە بەختیار و سەرکەوتووییتان ئاواتە خوازین.

پەراوێز edit