ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٣٩. شێرکۆ بێکەس و گڕوگاڵ دوای «گۆران»
سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەر پەرەستی بەرنامەی تاپۆ. لە بەرنامەی ڕابردوودا باسی مامۆستا گۆران و شێوەی شیعرییەکانی ئەو شاعیرە بەرزەمان کرد و گوتمان کە مامۆستای نەمری کورد لە پێشا لەسەر ڕێگا و شوێنی دامەزراوی وێژەی ڕۆژگارەکەی واتە شێوەی عەرووزی ئەڕۆیشت و چەن پارچە شیعرێکی ھەرە جوانی لەو شێوەدا ھەیە، بەڵام تەنانەت لە شیعرە کۆنەکانی مامۆستاشا کە بەرھەمی سەرەتای شاعیری ئەون، تەعبیر و لێکدانەوەی نوێ بەرچاو ئەکەوێ. مامۆستا گۆران ھەستی کردبوو کە بەپێی گۆڕانی ڕۆژگار و پەیدابوونی نیاز و پێداویستی تازە لە ناو کۆمەڵەکەیا شیعری عەرووزی ناتوانێ و نابێ لەمە زۆرتر بخایەنێ و بمێنێتەوە. ئەم پێتەویستی لە چەن لاوە ھەست ئەکرا؛ یەکەم ئەمە کە ئیتر وەک پێشوو شیعر مەزەی مەی ناو کۆڕی دەسەڵاتدارانی گیرفان پڕی مێشک بەتاڵ نەبوو و تەنھا بۆ لاواندنەوەی گوێچکەی پارەدار نەدەگوترا کە ھەرچی بەشکڵ و ڕواڵەت ڕازاوەتر بێ، باشتر بێ؛ شیعر ھەر وەک سەرەتای پێکھاتنی، ھەروەک فەلسەفە و ھۆی ھەبوونی ئەیگوت و ئەیویست. دیسانەوە ببوو بەچەک. چەکی تیژ و گورچک بڕ، خەوتارێن و ترسھێن، دووھەم ئەمە کە ھەر لە پێشیشا شێوەی عەرووزی، خۆماڵی نەبوو، سەرچاوەی لە زانیاری کوردەوە نەدەھاتە خوارەوە و لەگەڵ تایبەتییەکانی زمانی کوردیش باش ڕێک نەدەھات، سێھەم ئەمە کە کورد لە پێشا خۆی شێوەیەکی لە شیعرا ھەبوو و بەیتی پێ ئەگوترا و لە زۆر بارەوە نزیکە لە شێوەی نوێ، ھەم لەبەر کورت و درێژی نیوە شیعرەکان و ھەم لەباری ئاھەنگەوە و شیعری کوردی بێ ئەوە لە تاقیکردنەوە بترسێ، ئەتوانێ شێوەیەکی نوێ بگرێتەبەر.

بەداخەوە مامۆستا لە کاتێکا گوڵستانی زەوقی ڕوو لە گەشە و پێشکەوتنی پتر بوو و شاگردانی ھێشتا لەم سەرچاوە ڕووناکە تێراو نەببوون کە چاوی لە ژیان پۆشی و وێژە و وێژەویستانی کوردی بەداخ و مەینەتەوە بەجێ ھێشت. بەڵام چرایەک کە مامۆستا ھەڵی کردبوو پاش مەرگی ئەویش نەکوژایەوە و بەر پێی پیاسەکارانی ڕێگای وێژەی نوێی ڕووناک کردەوە و شاگردانی مامۆستا لەم دیو و لەو دیو بە رچەی خۆش کراوی مامۆستادا ڕۆیشتن. ھەندێک لە گەنجانی شوێنگری گۆران توانییان خۆیان ببن بەخاوەنی شێوەیەکی تایبەت و ھەندێکی تر ھەر بەلاساکردنەوە قنیاتیان کرد و نەیانتوانی ڕێگایەکی سەربەخۆ و لێکدانەوەیەکی شەخسی بدۆزنەوە؛ بەداخەوە لە گەنجانی شاعیری ئەم سەردەمە کەمتریان چەشنی مامۆستا گۆران لە ناو کۆمەڵەی کورددا ژیاون و تاڵ و سوێرییان بەدرێژایی ژیانێک چێشتووە و کەمیان شارەزای زانیاری کوردن، زانیاری بەھەموو لک و پۆیەکییەوە. کاتێ شێرکۆ بێکەس لە شوێنەوارە نوێیەکەیدا باسی تفەنگ و کاروان و شوکاک و ئاوزەنگی ئەکات، ئەڵێی مناڵێکی تامەزرۆی سواری و غارکردنە کە ھەرگیز لە شار دەرنەکەوتووە و باسی شوکاک و دە ڕۆژە ساردەکەی ئەوی لە دەمی خەڵکی تر بیستووە. مەبەست ئەمە نییە کە ئەم گەنجانە سەرنەکەوتوون و یا شوێنەوارەکانیان بێ کەڵکە، بەڵام ئەگەر بتوانن زمانی شیعری خۆیان لە زمانی خەڵکی ئاسایی نزیکتر بکەنەوە و زیاتر لە لێکدانەوەی بێگانە دوور بکەونەوە و ڕوو بکەنەوە تەعبیرە تەواو کوردییەکان، باشتر سەر ئەکەون، من ناڵێم کە گەنجە شاعیرەکان خزمەتیان بێ نرخە، بەڵام لام وایە کە شاعیر دوو ڕاسپێری وێکڕا لەسەر شانە؛ یەکەمیان ڕاسپێرییەکە کە بەرامبەر بەکۆمەڵ ھەیەتی ئەبێ بەزمانی ئەوان بدوێ تا بتوانێ واتە و مەبەستی ناو شیعرەکانی بەوان حاڵی بکا، دووھەم ڕاسپێرییەکە کە سەبارەت بەھونەر ھەیەتی و نابێ تەواو خۆی تەسلیمی نزمییەک بکا کە لە قسە و باسی وتووێژیدا ھەیە، چونکە ئەگەر جوانی و بەرزی ھونەر لە شیعرا نەبێ، قسەی شاعیر ئەبێ بەئامۆژگاری ڕووت یا گێڕانەوەی داستان. شاعیر لە لایەکەوە ئەبێ خۆی لەگەڵ کۆمەڵ رێک بخا لە لایەکی ترەوە ئەبێ لە کۆمەڵ پێشکەوێ، بەڵام ئەم پێشکەوتنە نابێ چەشنێک بێ کە شاعیر ئەوەندە لە خەڵک و زمانی خەڵک دوورکەوێتەوە کە لە بەرچاو گوم بێ و تێکەڵیشی لەگەڵ خەڵک نابێ ئەوەندە بێ کە لەگەڵ ئەوان نەناسرێتەوە. ئێستا تکایە گوێ بگرن بۆ سەرەتای شوێنەوارێکی نوێی شێرکۆ بێکەس.

بەھۆرەی تفەنگی کاروانی بێ بنار، لووتکەکان
ئەستێرەی پشکۆیان ڕژانە ناو چاوی بەیانی بەفرەوە
چەمەکان بەرزە و پێ ھەڵسان و ھەڵگیرسان
ئەسپەکان لە بێشەی ئاگرا ئاو دران
ھۆڕەیە وا «شوکاک» ڕەشەبا زین ئەکات
بەقاچی گەردەلوول، ئاوزەنگی لافاوی باڵگرتوو... لێ ئەدات
ھۆرەیە... ھۆرەیە....
ئەشکەوتی گوێی شاخی بەمسی تاریکی ئاخنراو
وا بەربوو کەوتە بەر تەوژمی ڕووباری خۆرەتاو
ھۆرەیە وا «شوکاک» ڕەشەبا زین ئەکات
بەقاچی گەردەلوول... ئاوزەنگی
لافاوی باڵگرتوو لێ ئەدات
ڕەگ ئەبێ چۆغەی ژان لەبەر کات
بۆ ئەوەی لەبەردا گوڵ بڕوێ
ئاو ئەبێ خۆی تاڵ کات، بۆ ئەوەی
پەلوپۆی تینوێتی... خۆر بگرێ!

لەم شیعرەدا کە تەواو لەسەر شێوەی نوێیە، ئاھەنگ ھەیە، بەڵام وەزنی عەرووزی و قافیە بەرچاو ناکەون. کایە بەئەلفاز و تەشبیھی تا ئەمڕۆ نەکراو لە ناویا زۆرە. ئەوەندە زۆرە کە خوێنەرەوە پێش ئەوە کاکڵەکەی ھەست بکا ناچارە بپەڕژێتە سەر توێکوڵەکەی! قاچی گەردەلوول، ئاوزەنگی لافاوی باڵگرتوو، ئەشکەوتی گوێی شاخی بەمسی تاریکی ئاخنراو و زۆر تەشبیھی تر کە شیعرەکە لە بەرچاو ئەکەن بەتەلەسم و جادوو. ئەگەر کاک شێرکۆ ئەم ھەموو زۆرەی بۆ خۆی نەھێنابایە باشتر ئەبوو.
تا بەرنامەی داھاتوو بەخوای گەورەتان ئەسپێرین.

پەراوێز edit