ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٣٧. گۆران و جوانی
سەلام لە گوێگری بە ھەست و بەڕێز و ھونەرپارێزی بەرنامەی تاپۆ.

مامۆستا گۆران و شوێنەوارە بەنرخەکانی لەوانە نییە کە لە چەن وتارێکی چوار یەکە سەعاتییا بناسرێ. بەڵام ئەگەر ھەموو جوانییەکانی ھەست و چێشکەی مامۆستای نەمرمان بۆ ھەڵنادرێ و کاتی تەسک و تیواری بەرنامەکە ڕێگەمان نادا. خۆ ناشکرێ لەم ھەموو جوانییە چاو بپۆشین و بەلای گوڵزارێکی بۆن خۆشا تێپەڕین و پڕ بەدەروون سینەی لێ پڕ نەکەین. جا کەوایە ناچارین کارێک کە لە بەرنامەیەکا نالوێ، لە بەرنامەدا بیکەین. ھەڵبەت دیسانەوەش ناتوانین بەڵێن بدەین کە ھەموو جوانییەکانی شیعری گۆرانمان باس کردووە.

مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی، شاعیری ھەرە گەورەی فارس لێرەدا ئەگاتە فریامان و بەجوانترین شێوە دەسکورتیمان ئەشارێتەوە. مەولانا ئەڵێ:
آب دریا گر کنی در کوزه‌ای
چند گنجد قسمت یک روزه‌ای
آب دریا را اگر نتوان چشید
ھم بە قدر تشنگی باید چشید

مانای ئەم دوو شیعرە بەکوردی ئەبێتە ئەمە: ئەگەر بتەوێ ئاوی دەریا بڕێژییە ناو گۆزەیەکەوە ھەر بەشی ڕۆژێک ئەبا، بەڵام ئەگەرچی ناتوانین ھەموو ئاوی دەریا ھەڵمژین، لانی کەم بەئەندازەی تینوویەتی ئەبێ بخۆینەوە.

گۆران نزیکەی ٢٣ ساڵ لێرەوبەر واتە لە بەرواری ٢٥/٦/١٩٥٠دا لە ھەولێر سەرەتایەکی کورتی بۆ کۆمەڵە شیعرێک بەناوی «بەھەشت و یادگار» نووسیوە و لەو سەرەتایەدا ئەڵێ: «بەھەشت و یادگار کۆمەڵە شیعرێکە لە دیوانەکەم. سەرانسەر لەگەڵ بابەتەکانی جوانی و دڵداری خەریکە. ھەڵبەستی وای تیایە کە بیست و پێنج ساڵ، بەڵکو زیاتر، لەمەوپێش دانراوە. ھەروەکو ھی چەند مانگ لەمەوبەریشی تیایە. بەشی زۆری کۆنەکان بەوەزنی عەرووزی و کوردییەکی کۆنی تێکەڵاو بەزمانی بێگانە نووسراون. ئوسلووبیشیان کۆنە. یان وەک ھی سالم و نالی لەسەر پێ و شوێنی غەزەل ھەڵبەستراون، یان ئەو جۆرە ئوسلووبەیان تێدا کراوە بە سەرمەشق کە مامۆستا «م-نووری» و ھاوڕێکانی لە ئەدیبە تازەکانی تورکی ئوسمانییان وەرگرتووە و لە سەردەمێکی سنوودار (١٩٢٠ - ١٩٣٠) شیعری کوردی ناوچەی سلێمانییان پێ تازە کردەوە. ئەم کۆنانە زۆربەیان بەناوی «یادگاری کۆن»ەوە کراون بە بەشێکی جیاواز.» پاشان مامۆستا گۆران لە سەرەتایەکدا بۆ ناسینەوەی تازە و کۆنەکان مقیاس و تەرازوویەک ئەداتە دەست و ئەنووسێ: «ڕێگای ھەرە چاک بۆ جوێکردنەوەی تازە و کۆنیان چەند وردبوونەوە لە زمان و لۆغەتی پێ نووسینیان ڕاسپێری ئەکەم، ھەچ ھەڵبەستێک وشە و تەرکیبی عەرەبی و فارسی زۆر تیا بێ بەئەندازەی ئەو زۆرییە، کۆنە؛ پێچەوانەی ئەوەش دیارە پێچەوانەیە!»

وا دەرئەکەوێ کە مامۆستا لە شێوەی غەزەلدا پەیڕەوی لە نالی شاعیری ھەرە بەرز و ناسک خەیاڵی کورد کردووە و پاشان ماوەیەک چۆتە سەر ئەو شێوە تازەیە کە مامۆستا نووری و ھاوکارەکانی لە شێوەی تازەی تورکەکانی عوسمانییان وەرگرتووە. ئەو شێوەیە لە ناوچەی سلێمانییا لە ١٩٢٠ەوە تا ١٩٣٠ واتە ماوەی دە ساڵ لە گەشەکردنا بوو.

لە وێژەدا شاعیرە گەنجەکانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی یانی ئەو ئیمپڕاتۆرییە کە ئاخر و ئۆخری ژیانی بوو، شێوەیەکی نوێیان دامەزراند کە لە چاو شێوە کۆنەکان کە لەسەر شێوەی عەرووزی عەرەبی بوو، شێوەیەکی تازە بوو. ئەو شێوەیە بەپێی پێتەویستی کات و بەگوێرەی گۆڕان و تەحەوولی بیروبڕوای گەلی تورک پەیدا بوو. شێوەیەک بوو شۆڕشگێڕانە و نەتەوایەتی. بەڵام ھەرچی بوو لەگەڵ باری گەلی کورد نەدەھاتەوە و مامۆستا نووری و ھاوڕێکانی بەھەموو کۆششیانەوە نەیانتوانی بەرگی کوردانەی لەبەر کەن و بیکەن بە خۆماڵی. چونکە لەگەڵ قۆناخێکا کە کورد ئەو کاتە پێیا تێئەپەڕی، جیاوازی ھەبوو و یەکتریان نەدەگرتەوە. مامۆستا گۆران یەکەم شاعیری کوردە کە تا ئەو ڕادەیە ئەوینداری جوانی بووە. جوانی ھەڵاتنی خۆر، ئاوابوونی خۆر، ڕەوتی جوان، ڕوانینی جوان و بەکورتی ھەر شتێ کە ئەکرێ سفەتی جوانی بۆ بھێنرێ. بەتایبەت جوانی ئافرەت. لە کۆمەڵە شیعری بەھەشت و یادگارا چاومان بەم سەردێڕانە ئەکەوێ:

ئافرەت و جوانی، ڕەوتێکی جوان، ئاواتی دووری، گوڵی خوێناوی، خۆزگەم بەپار، سکاڵا، بۆ جوانی سەرەڕێ، بەستەی دڵدار، جوانی لە لادێ.

ھەموو ئەم شیعرانە سەبارەت بەجوانی ئافرەتن و ئێمە لە دوایی ئەم بەرنامەدا لە کۆمەڵە شیعری بەھەشت و یادگار، پارچە شیعرێکتان بۆ ئەخوێنینەوە. شیعرەکە ناوی سکاڵایە و لام وایە پێویست ئەکا کەمێک لە کاکڵەکەی بدوێم.

کوڕێکی گەنجی ئاسایی کە نە زۆر جوان چاکە و نە لە ھیچ بارێکی ترەوە زیادەبەشێکی ھەیە، تووشی کچێکی ھەرە جوان ئەبێ. کچێک کە لە ھەموو بارێکەوە لە کوڕەکە لەپێشترە. لەبەرئەمە کوڕە ھەست ئەکا سوودی نییە قسەی لەگەڵ بکا و ڕازی دڵی لا بدرکێنێ، یا تەنانەت سەیری بەژن و باڵای کچەکە بکات. لەولاشەوە کیژۆڵەی جوانی بەلەنجەولار، لەبەر خۆیەوە بیر ئەکاتەوە کە ئەم کوڕە گەنجە بۆچ وەک گەنجانی تر سەری بۆ دانانەوێنێ و پرێسکەی دڵی بۆ ناکاتەوە. لە ئاکام وا تێئەگا کە ئەو گەنجە خۆ بەگەورەزان و خۆ پارێزە و ئەبێ بەسەدان دڵبەری جوانکیلەی ھەبێ و ناپەرژێتە سەر ئەو. ھەر ئەم خۆگرتن و بێ دەنگییەی کوڕەکە کارێک ئەکا کە کیژەکە بیەوێ ئەم قەڵا پۆڵایینە بڕووخێنێ و سەر بەم گەنجە خۆ بەزل زانە داچەمێنێ. لە پێشدا بەزەردەخەندەی نادیاری، پاشان بەئیشاڕەی چاو و برۆ پەیغامی دڵداری بۆ کوڕە ڕەوانە ئەکا. کوڕیش لە خودا ئەخوازێ کە سەر و گیانی بخاتە پێناوی ئەو کیژە جوانە و ئێستە کە کچەکە خۆی ئەوینی خۆی دەربڕیوە، بەھەلێکی باشی ئەزانێ و وەڵامی پەیغامی ئەداتەوە و وێڵی ئەبێ. کەنیشکەکە لەپڕ تێئەگا شتێ کە ئەوی بۆ لای کوڕەکە ئەکێشا، غروور و قسە نەکردنەکەی بوو، ئێستە کە ئەویش چەشنی گەنجەکانی تر وێڵ و ئاوارە و ئەویندار و دڵ بریندار بووە، ھیچ جەزبە و کێشەرێکی نەماوە، لەبەرئەمە ڕووی لێ وەردەگێڕێ و نامیھرەبانی لەگەڵ ئەکا. کوڕەکەش تیری ئەوین لە دڵی سمیوە و بەم ساکارییە ناتوانێ دەس ھەڵگرێ و ناچار شین ئەگێڕێ بۆ دڵی لەدەسچووی...

جا ئەمەش شیعرەکە:

«سکاڵا»
لە سەمای بەرزی ناوبانگی حوسنا
تاقەستارە،
نەبووی لە وزەی دەسکورتی منا
ئاشکرا و دیارە!
ھەر لەبەرئەوە ڕووم لێ وەرگێڕای
یەکەم تەسادوف
دڵەی حەسساس نا، بەردم پیشان دای
بەڵام تەئەسسوف:
واتزانی کە من موستەغنی و غەڕڕام
حەریس تر بووی لێم
تێھەڵچووی: بەدەم، ئیشارەت، پەیغام
پەیمانت دا پێم!
ھەیھات! مەلی دڵ، خوێن گەرمی شەباب
تەفرەی ئاسان بوو،
کەوتە شوێن قسەت، فڕی بە شیتاب،
وێڵی ئاسمان بوو...
کەچی نەیشتھێشت، بێ لەسەر سینەت
بنیشێتەوە؛
لاتبرد لە ڕێگای ھەوای مەحەببەت
دوورت خستەوە!
مەلی ناو فەزای ناموتەناھیم!
دڵی لاوم ڕۆ!
مانووی ئینتیزار ڕێی وەعدی واھیم:
نووری چاوم ڕۆ!

پەراوێز edit