ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٣٦. گۆران و سیحری بەیان
سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەرپەرستی بەرنامەی تاپۆ.

ھونەرمەند دوو ژیانی ھەیە. ژیانێک لەو کاتەدا کە زیندووە وەک خەڵکی تر ھەناسە ئەکێشێ، ئەبزوێ و لە ناو کۆمەڵا دێت و دەچێت. بەکورتی ژیانێک کە ژیانی لەشە و ژیانی لەش سنوورێکی ھەیە و پاش ئەوە گەیشتە سنوور ئەبڕێتەوە و بەڕواڵەت مەرگی بەسەرا دێت. بەڵام لێرەدا ھونەرمەند و ھەموو ئەو کەسانە کە بەچەشنێ کاریان کردۆتە سەر کۆمەڵ و شوێنەواری باشیان لە پاش بەجێ ماوە لە خەڵکی ئاسایی و عادەتی جیا ئەبنەوە. مەرگ تەنیا دەستی تاڵانی ئەگاتە لەشیان و گیانیان لە دەسدرێژی مردن بەرزترە. ژیانی پاش مردنی لەش ژیانێکی ھەتا ھەتایییە و ھونەرمەند تا کۆمەڵ ھەیە و تا شوێنەواری جوان و باش ڕێزی ھەیە، ئەژی.

بەڵام لە دڵی خەڵکا، لە ناو وتار و شیعر و نەخش و نیگار و لە ناو شەپۆلی سیحراوی مووسیقادا. کێ ئەتوانێ بڵێ «بێتھۆڤێن» و «باخ» و «فردەوسی» و «عەلی بەردەشانی» و «بووعەلی سینا» و «ئێدیسۆن» مردوون؟!

گۆران شاعیری پایە بەرزی کورد، یەکێکە لەو گیانە ئەبەدییانە کە ھەتا ھەتایە زیندووە. تا جوانی ھەیە. تا ھەورامان و قەرەداخ بەھارانە بەگوڵ و گیا ئەخەمڵێن، تا تووتڕکی سوور ئەبێتە کۆشی بەخت بۆ بووکی شەرمن و نازداری وەنەوشە؛ گۆران ھەر ئەمێنێ و بەواتەی خۆی تاجی شکۆ بەئوستادێکی وەک ئەو ئەدرێ لە توێی شیعری تەلیسماوییا. سەبارەت بەبەسەرھاتی گۆران ئەوەندە بەسە کە بڵێم ناوی سولەیمان بەگی کاتبی فارسی بوو. لە شاری ھەڵەبجە لە ساڵی ١٩٠٤ی میلادییا لە دایک بوو و لە ڕۆژی ١٨ی مانگی ١١ی ساڵی ١٩٦٢ لە سولەیمانی مۆمی ژیانی توایەوە و تەواو بوو و بەوە کۆڕی ھەستیاران لە پڕشنگی گەشترین ئەستێرەی ئاسمانی ئەدەب بێ بەش بوو و ڕەش داگەڕا.

گۆران جگە لە دەسەڵاتی ھەرە زۆر و ھەستی ھەرە ناسکی لە شیعرا خاوەنی پلە و پایەیەکی تایبەتە کە لە شاعیرانی تری جیا ئەکاتەوە. گۆران دەسپێکەر و دامەزرێنەری شێوەیەکی نوێیە کە پاش خۆی بۆتە ڕێبازی شاعیران و ئەتوانین بڵێین قافڵەسالاری کاروانی شیعری نوێی کوردی مامۆستا «گۆران»ە، بەڵام کاتێ «گۆران» بوو بەڕێبواری ئەو ڕێگایە، ڕێگاکە شوێنی پێی کەسێکی تری بەسەرەوە دیار نەبوو. گۆران لە سەرەتای کاری شیعری خۆیا شێوەی کۆنی عەرووزی بەکار ئەھێنا، بەڵام زوو تێگەیشت کە بەرگی خوازراوەوەی لاوەیی بۆ ئەندامی شل و ملی نۆبووکی وێژەی کوردی نابار و ناکوڵ و کارە. ئەو پەلەوەرانەی ھەستی کە لە ناو ھێلانەی گیان و دڵیا جریوەیان ئەھات، لە چوارچێوەیەکی عەرووزی تەنگ و تیواردا ئارامیان نەدەگرت. شابازی خەیاڵی گۆران ئەوەندە بەرزەفڕ بوو کە عاستەم ئەکرا لە چوارچێوەی ھەڵبەستا قەتیس بکرێ. خۆی ئەفەرمووێ:
ھەرچەن ئەکەم، ئەو خەیاڵەی پێی مەستم،
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی ھەڵبەستم!
لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم
بۆچی وەھا دوورن لەیەک؟ نازانم!
ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار
دەرکەوتایە دونیای جوانتر لە بەھار،
دەرکەوتایە: ئاوات، ھیوا، خەو بینین
پڕشنگدارتر لە ئەستێرەی قوبەی شین!

گۆران باش شارەزای گۆڕانی ھەلومەرج و ھەڵوێستی نوێی کۆمەڵ بوو. ئەیزانی باوی نەماوە زولف وێبچوێندرێ بە زرێ و مژۆڵ و برژانگ بە تیر و کەمەر بە موو، بەژن و باڵا بە سەوڵ و چنار. ئەیزانی کە ئیماژ و ئیستعارە و تەشبیھ لە شیعرا دەورو نەخشی چییە و ھەروەھا ئەشیزانی بەکوردی شیعر وتن و بۆ کورد وتن، بەجوانی کوردەواریدا ھەڵکوتن، ئەبێ بەلێکدانەوەی تایبەتی کوردانە بێ. سەرەڕای ھەموو ئەمانە گۆران ئەیزانی کە گوڵزاری وێژەی کوردی گژوگیای دزێوی دەشتی زیخەڵان و دڕووی موغیلان دایگرتووە و باغەوانێکی وریای گەرەکە ئەم دڕک و داڵ و گژوگیایە بژار کا تا گەشە و نەشەی گوڵی ئاڵ و واڵای باغچەی کزی کوردی دەرکەوێ و لەسەر ھەر پەڕەی گوڵێکی ئەو گوڵجاڕە بولبولێک بەنەغمەی وردەوە ھەوایەک بڵێ. ھەوایەک کە خورۆشی ڕۆحی بێگانەی تێدا نەبێ و سکاڵایەک بێ بەلاوک و حەیران و ئای ئای لەگەڵ گیانی تامەزرۆی ھەستیاران. گۆران لە باری تەشبیھەوە وردترین و گەورەترین و ئەگەر باشتر بڵێم جادووکارترین شاعیری سەدەی بیستەمە. نەک ھەر لە ناو کوردا، بەڵکو لە ناو گشت جیھانی وێژەدا:
شنەی سێبەری داری گوێز و توو
ئەسڕێ ئارەقی ڕێبواری مانوو

ئەکشێتە ناو باخ توولە ماری ڕێ

چەن پیرێک ئەبن بە خڵتەی لافاو

گوڵەبەڕۆژەی قژ زەردی چاوکاڵ
ملکەچ وەستاوە سەرگەرمی خەیاڵ

پەلکەزێڕینەی پاش بارانی زۆر
چەماوەتەوە بەرامبەر بە خۆر

ڕوو لە عەرشی پاک ئەلەرایەوە
بۆ گیانی مردوو ئەپاڕایەوە
گیانی من بۆ تەڵێ وەنەوشە پەرۆشە،
کە لە ژێر سێبەری تووتڕکا خامۆشە!

ئەوانە و ھەزارەھا تەشبیھی تریش ھەر کامیان بگرن خۆیان پەڕاوێکن کە ئەکرێ ھەزارەھا لاپەڕەیان لەسەر بنووسرێ و جوانی و ھونەری شاراوەیان بخرێتە بەرچاو. گۆران نەک ھەر لە باری سەنعەت و فەننانییەوە، بەڵکو لە باری کۆمەڵایەتیشەوە، شاعیرێکی تاقانەی کۆمەڵیەتی کە ئەڵێ:
پڕ ئەشکەوتێک سام و گومان
ئەخاتە دڵ بۆ داخورپان
ھەوای قەفەس گەرووگیرە
قەنارەم قووڵایی بیرە

کام بیر؟ ئاخۆ مامۆستای بەھەشتی سکاڵای لە دەست کام بیر و کام ھەوای گەرووگیرە؟

بێ گومان دیتنی دزێوی لە ناو کۆمەڵا خەوش و خاڵی ئاڵۆزی ئەخاتە سەر لاپەڕەی سپی و بێگەردی ھەناوی شاعیرێکی وەھا ناسک خەیاڵ و خاوەن ھەست کە تووڕەی ئەکا لە گیان، وەڕەزی ئەکا و ئاگر بەرئەداتە دەروونی و ئەو ئاگرە ئەبێتە بڵێسەیەک کە ناوی زمان و پێنووسە.

پلووسکی پێنووس ڕەھێڵەی بارانی خەم و خەفەت ھەڵئەلووشێ و بەتەوژمێکی ھەستیارانە دەری ئەداتەوە و ئەبێتە شیعرێک کە موومان ئەکاتە نەشتەر و ئەمانخاتە ناخی ئەو جیھانەوە کە گۆرانی تێدا بووە. ئەمەیە ئەوپەڕی ھونەرمەندی کە بتوانێ خەڵک لەگەڵ خۆیا بەرێ و پەردەی ئەو جیھانەیان بۆ ھەڵداتەوە کە چاو و ھەستی وردی دیویەتی و ناسیویەتی؛ ئەو جیھانە کە ئێمە بێ دەربەست بەلایا تێئەپەڕین و ھۆیەکانی ناتوانین شی بکەینەوە. گۆران ئەگەر لە وتارێکا بکرایە بیناسین ئیتر گۆران نەبوو. کە وەھایە ئەیھێڵینەوە بۆ وتارێکی تر و ھەڵکەوت و ھەلێکی تر.
تا ئەو کاتە خواتان لەگەڵ
١٩٧٣/٠٤/٠٤

پەراوێز edit