ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
١٠. شیعر زیاتر لە فەلسەفە نیزیکە، ھەتا مێژوو
سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەرپەرستی بەرنامەی تاپۆ. لە بەرنامەی پێشوودا کوتمان کە حەقیقەت و ڕاستەقینە لە ڕوانگەی شاعیر و زاناوە جیاوازییان ھەیە، بەڵام ھیچ کام لەم دوو لێکدانەوەیە، واتە لێکدانەوەی شاعیر سەبارەت بەحەقیقەت و لێکدانەوە و بڕوای زانا بەرامبەر بەڕاستەقینە، ھەڵە نین. ھەردووکیان بەپێی بڕوایان دەرک و تێگەیشتنێکیان ھەیە. باسی بەرەنگاری زانایانمان کرد بەرامبەر بە شاعیران و کوتمان تاقمی زانا بەدرێژایی مێژوو بەرھەڵستی شاعیران وەستاون و لایان وابووە کە لێکدانەوەی شاعیر لە ڕاستەقینە دوورە. ئەفلاتوونمان بەنموونە ھێناوە و پاشان باسی ئەرەستوومان کرد کە یەکەم فەیلەسووف و زانایەک بووە ڕێزی بۆ شیعر داناوە و کوتوویەتی شیعر لە مێژوو زیاتر لە فەلسەفە نزیکە. بەڵام کوتمان نابێ چاوەڕوان بکرێ کە شیعر لە باری ئامار و ژمارەوە شتێکی لێ دەرکەوێ کە ڕوونکەرەوەی ڕاستەقینە و ڕووداوی مێژوویی و کۆمەڵایەتی بێ. ھەڵبەت ئەمە بەڵگە نییە بۆ ئەوە کە شیعر لە پایە و بناغەشدا کاری بەسەر ڕاستەقینەوە نییە، بەپێچەوانە شیعر ھەوێنی لە ڕاستەقینە وەرئەگرێ، بەڵام ڕاستەقینەی دەوروبەر و ڕووداوی ڕۆژانە و ڕابردوو لە دەروونی شاعیرا ڕەنگیان ئەگۆڕێ و بەتارای عاتیفە دائەپۆشرێن. لە بەرنامەی ڕابردوودا کوتمان کە شاعیر وەک زانا و ژمارەگەر نییە کە ھەوڵ بدا وتەکانی موو بەموو، بێ کەم و زۆر لەگەڵ ڕاستەقینەی دەرەوەدا بێتەوە. بۆ ئەو باسەش میسالێکمان ھێناوە لە شیعری شاعیرێک کە ئەڵێ: ٩ ڕیز لۆبیا ئەچێنم. لە وێژەی خۆشمانا زۆر جار تووشی شتی وەھا ئەبین. بۆ نموونە شاعیر بەژنی یاری بەدارێکی ڕاست و بەرز تەشبیھ ئەکا. لێرەدا ڕاستەقینەیەک لە بەرچاوی شاعیرە، کە زانا کاری بەسەرییەوە نییە. حەقیقەتی بەرزی و تەرزی بەژن و باری دڵدار، جا با نەکرێ بەژنی ھیچ ئافرەتێک بەئەندازەی چنار و سەوڵ بەرز بێ. شاعیر بەرزی باڵای لە بەرچاوە نەک ئەندازەی بەرزییەکە.

جا ھەتا ئێرە ھێشتا ھەر باشترە و باسەکە باسی کەممی و چەندایەتییە. بەژنی یار و بەرزە و سەوڵیش دارێکی بڵند و تەرزە. ئەمە تەشبیھی مەحسووسە بەمەحسووس. واتە لەیەکچواندنی دوو شتە کە ھەست ئەکرێن و بەرچاو ئەکەون. ھەم بەرزی دار دیارە و ھەم بەرزی بەژنی دڵدار. بەڵام گاھێ ھەڵئەکەوێ کە شتێکی مەعقوول بەشتێکی مەحسووس تەشبیھ ئەکرێ یا پێچەوانەکەی. واتە تەشبیھی مەحسووس بەمەعقوول. لەم دوو جێگایەشدا چونکە یەکێ لە «موشەببەھ» یا «موشەببەھون بیھی» ھەست کراوە، کارەکە ساکارترە. شاعیر ئەڵێ: «ڕۆیشتنی ئاو بەناو جۆبارا وەک تێپەڕینی تەمەن ئەچێ.» تەشبیھی مەحسووسە بەمەعقوول. یا ئەڵێ: «خەم لەسەر دڵم خەرمانەی داوە»، تەشبیھی مەعقوول بەمەحسووسە. خەم بەچاو نابینرێ، بەڵام خەرمانەی دەوری مانگ کە دەوری ئەگرێ و تاریکی ئەکا شتێکی بەرچاوە و ھەست ئەکرێ.

لەو جێگایەدا تێگەیشتن کەمێک دژوار ئەبێ کە مەعقوول بەمەعقوول تەشبیھ ئەکرێ؛ «حافز» ئەڵێ:

سلامی چو بوی خوش آشنایی
بدان مردم دیده روشنایی


بۆنی خۆشی ئاشنایی شتێک نییە بەلووت ھەست کرێ و ھەروەھا سڵاویش نامەحسووس و ھەست نەکراوە. گلێنەی چاوی ڕووناکییش تەعبیرێکی شاعیرانە و نامەحسووسە؛ گوایە ڕووناکایی چاوی ھەیە و ئەو کەسەش وا «حافز» ئەچێتە سڵاوی، گلێنەی ئەو چاوەیە. بڕوانن ھونەری شاعیرانە چی کردووە. ڕووناکایی جگە لە پڕشنگ و نوور شتێکی تری تێدا نییە؛ ئەزانین کە ڕووناکترین بەشی ئەندام چاوە، ھەم ڕووناکە و ھەم ڕووناککەرەوە؛ لە چاویشا گلێنە بەکارترین بەشە بۆ دیتن، واتە ڕووناککردنەوەی شت؛ جا ئەگەر لە شتێک نەفسی ڕووناکایی بێ و لەو لەشەدا چاوێک ھەبێ، بێ گومان چاوەکە لە لەشەکە ڕووناکترە، واتە ڕووناکتر لە ڕووناکایی، جا گلێنەی ئەو چاوە ئەبێ چی بێ؟! ڕووناکتر و ڕووناککەرەوەتر لە چاوی ڕووناکایی!

دژایەتی زانا و شاعیر لە ناو وێژەی فارسیشا زۆر بەرچاو ئەکەوێ و تازەترینیان لە لایەن ئەحمەدی کەسرەوییەوە بوو بەرامبەر بەشیعری شاعیرانی ئێران وەک حافز.

کەسرەوی پەڕاوێکی نوسیووە بەناوی «حافk چەمی گوید؟» و لەو پەڕاوەدا ڕەخنەی سەیر و ناڕەوای گرتووە لە حافز. کارم بەسەر ئەمەوە نییە کە ڕەخنەی کەسرەوی لە شاعیران بەتایبەت ئەو شاعیرانەی کە کاریان مەدح و پێ ھەڵکوتنە ڕەخنەیەکی دروست و بەجێیە، بەڵام وا دەرئەکەوێ کەسرەوی ھەر لە پایەوە بێگانەیە بەرامبەر بەڕاسپێری شیعر و زۆر ورد نەبۆتەوە لە ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی شیعرەکانی حافز و خۆی لەم ڕاستەقینەیە نەگەیاندووە کە ئیستعارە و ئیماژ گاھێ بەگوێرەی باری کۆمەڵایەتی ناچارییە بۆ شاعیر. وا دیارە کەسرەوی لای وایە کە شاعیر یا ھەر کەسێکی تر ئەوەی وا بەلایەوە دزێوە، ئەبێ بیڵێ و ئەگەر ترسی ھەیە لە کوتن، باشترە ھیچ نەڵێ و بەوتەی داپۆشراو ڕێگا لە خەڵک نەشێوێنێ. کەسرەوی لە ناو شاعیرانی ئێراندا فردەوسی پەسند ئەکا و ئەڵێ شیعرەکانی بۆ ھاندانی دەماری نەتەوەپەرستی بەکەڵکن. ئەمە ڕاستە، بەڵام ئەگەر فردەوسی پاش بووژانەوەی دووبارەی ھونەری ئێرانی نەھاتبایە و بارێکی سازاوی وەک دەرباری مەحموودی نەبوایە خوا عالم کە ئەیتوانی یا ئەیوێرا ئەم شیعرە ھاندەرانە بڵێ یان نا؟! ئەگەر فردەوسی پاش ھێرشی مەغوول بھاتبایە و لە ناو گەلێکا بژیایە کە بڕوایان بەخۆیان لە دەس چووە و ترس دایگرتوون، ئاخۆ لە دەروونیا ئاگری نیشتمانپەرستی ھەر بڵێسەی ئەبوو یان نا؟

ئەزانین کە شاعیر بارھاتووی کۆمەڵ و شەرایتی کات و پێداویستی کۆمەڵ و مێژووە. بۆچی قەسیدە ئەگۆڕێ بەغەزەل؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ساکارە، ئەگەر بزانین قەسیدە ھی کام سەردەمە و غەزەل لە چ کاتێکا پێش کەوتووە. لە بەرنامەی پێشوودا کوتمان کە گاھێ مێژووناس یا مێژوونووسی وێژەویست ناچار ئەبێ لەو پەڕاوە شیعرییانە کە سەبارەت بەڕووداوێکی مێژوویی یا ئادەمیزادێکی مێژوویی نووسراون کەڵک وەربگرێ.

ئەو مێژوونووسانە تا چ ڕادەیەک ئەتوانن بڕوایان بەو پەڕاوە شیعریانە ھەبێ و پشت ببەستن بەو نووسراوانەوە. ئەگەر ئەو پەڕاوانە نووسراوی شاعیرانی جیھانی کۆن بن وەک سافۆ و ئەناکیرئۆن بەدوو دەلیل ئەکرا مێژوونووسان کەڵکی لێ وەربگرن:

یەکەمیان لەبەر ئەمە کە شاعیرانی پێشوو تا ئەم ڕادەیە کە ئێستە باو بووە نیازیان بەداپۆشراوی و دوورکەوتنەوە لە ھەرێمی ڕاستەقینە و واقعییات نەبووە، چونکە پێوەندی ژیان بەم ھێندە پڕ پێچ و قەمچ و گرێ و گۆڵ نەبووە، ئەمە دەلیلی یەکەم. دووھەمیش ئەمە کە ناچارە مێژوونووس لەم نووسراوە شیعرییانە کەڵک وەربگرێ، چونکە بەڵگەی تری بەدەستەوە نییە. لەگەڵ ئەوەشا کەڵکەڵەی ھەڵەکردن ھەر ئەمێنێ.
تا بەرنامەیەکی تر کە دیسانەوە لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین بەخواتان ئەسپێرم.

پەراوێز edit