ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٩. شاعیر و حەقیقەت و واقعییەت
سەلام لە گوێگری خۆشەویستی بەرنامەی تاپۆ.

لە بەرنامەی پێشوودا بەشێکمان لە نووسراوێکی ستانفۆرد پێشکەش کردن بەناوی حەقیقەتی شاعیرانە و حەقیقەتی زانستی. کورتەی بەرنامەی پێشوومان ئەمە بوو کە سەبارەت بەکاری شاعیران و ڕادەی تەئسیریان لەسەر کۆمەڵ، بڕوای جۆربەجۆر دەربڕاوە. فەلاسەفە و زانایان لە ڕۆژگارانی زووەوە تاقمی شاعیریان بە باشی نەھاتۆتە بەرچاو. تاوانباریان کردوون بەدرۆ و یا لانی کەم کوتوویانە لێکدانەوەی شاعیرانە دوورە لە ڕاستەقینەی ژیان. باسی ئەفلاتوونمان کرد کە بەشاعیران ئەڵێ درۆزنانی زیان گەیێن و ھەروەھا باسی دیفاعییەی ئەرەستووشمان کرد لە شیعر و کوتمان کە ئەرەستوو، پسپۆڕ و بلیمەتی جیھانی کۆن لە بەرگری نامەکەیا ئەڵێ شیعر لە مێژووی نووسراو زیاتر لە فەلسەفە نزیکە. ھەڵبەت ئەم قسەی ئەرەستوو ھەمیشە بۆتە مایەی دڵمەندبوونی مێژوونووسانی زانستی. مێژوونووسی زانستی مەبەست لەو کەسانەیە کە بەبارێکی زانستییەوە سەیری مێژوویان کردووە و عیللەت و مەعلوولی ڕووداوە مێژوویییەکانیان ھەڵسەنگاندووە و تەنیا بەنووسینی وەقایع و ڕووداوەکان، بێ لێکدانەوە و بردنەوە سەریەکی ھۆ و ھەل و ھەڵکەوتەکان، بەسیان نەکردووە. لەم مێژوونووسانە ئەتوانین ناوی «توسیدید و گپبۆن» بەرین. لام وایە کە ئەو بناغەیە وا ئەرەستوو بەھەڵپەوە دایڕشت ڕووکارەکەی لێکدانەوەی «جوانیناسان» واتە عالمانی عیلمی جەماڵ لە دە ساڵەی دوایی سەدەی نۆزدەدا پێک ئەھێنێ. «ئۆسکار وایڵد» لە نووسراوێکیا ئەنووسێ: «ھونەر، بەرزی و تەواوی خۆی لە ناو خۆیا دەس ئەکەوێ. نەوەک لە جیھانی دەرەوەدا. ھونەر نابێ بەتەرازووی وێچوون و شەباھەت لەگەڵ شتی دەرەوەدا ھەڵسەنگێنرێ. ھونەر گوڵی وەھای ھەیە لە ھیچ جەنگەڵێکا دەس ناکەوێ، باڵداری وەھای تێدایە کە لە ھیچ باغ و گوڵزارێکا نییە، ھونەر بەھەزاران جیھان دروست ئەکا و ئەیڕووخێنێ و ئەتوانێ مانگ بەدەزوویەکی سوور بەئاسمانەوە ھەڵواسێ.»

ھەڵبەت ئەم واتەیە لەگەڵ بڕوای ئەرەستوو جیاوازی ھەیە؛ بەڵام سەیر ئەمەیە کە ھەم ئەرەستوو و ھەم ئۆسکار وایڵد لەسەر ئەم مەبەستە پێکھاتوون کە شیعر ھەرێمێکی سەربەخۆیە نە موستەعمەرەی شۆڕش کردوو و جیاوازی خوازی مێژوو یا زانست.

بەرامبەر کردنی شیعر و مێژوو لە لایەن ئەرەستووەوە منی ھێنا سەر ئەو بیرە کە لایەنێکی تریش ھەڵدەم لەو بڕوایە کە لە پێشا کوتم. زانایان قسەی شاعیران بەدرۆ ئەزانن، تاقمێکی زۆر لە زانایانی دێرینەناسی ھەوڵیان داوە ڕاستەقینەی مێژوویی لە پەڕاوە حەماسییەکانی جیھانی کۆن وەک ئیلیاد و ئۆدیسە شوێنەواری ھۆمێری یوونانیا بدۆزنەوە. وایان داناوە کە پیاو ئەتوانێ لەو پەڕاوانەدا بەئاشکرا ئەوەی وا ڕووداوی مێژووییە لەگەڵ ئەوەی ئەفسانەیە لەیەک جیاکاتەوە. لام وایە ئەو تاقمە زانا و دێرینەناسانە کاریان بەسەر شوێنەواری شاعیرانی وەک بلیک، مایتس، دانتە یا لویس کارۆڵەوە نییە و مەبەستیان ئەو پەڕاوە شیعرییانەیە کە نیوە مێژوویین وەک کتێبی ژولیوس سزار نووسراوی شکسپێر.

ھۆمێر شاعیری گەورەی یۆنانی لە جڵدی دووھەمی پەڕاوی ئیلیادا قایمەیەکی دوورودرێژی ھێناوە لە فەرماندەرانی یۆنانی شاری تڕۆوا لەگەڵ ناوی ئەو دەریایانە کە پێیدا ھاتوون و ژمارەی کەشتییەکانیان. ھەڵبەت ئەو وێژەوانانە کە لە ھەرێمی مێژووییشا ئەیانەوێ لێکۆڵینەوەیان ھەبێ، مافیان ھەیە ئەو قایمەی «ھۆمێر»، بەناوی بەڵگەیەکی مێژوویی بەدەستەوە گرن و بیانەوێ لە بارەی ژیانی ئەو کاتەی تڕۆوادا یا باری ژیانی پێنسەد ساڵ لێرەوبەری سەر زەوی مالسیا بەھۆی نووسراوەکانی شکسپێڕەوە بزانن، بەڵام ئەبێ ئەمەش بڵێم کە ئەگونجێ ئەو بەڵگانە بەتەواوی نادروست و سەرشێوێن بن، بەتایبەت لە بارەی ئامار و ژمارەوە. چونکە لەگەڵ ئەوەشا کە شاعیر لە ڕاستەقینەیەکی دەرەوە ئیلھام وەرئەگرێ و ئەسڵ و مایەی داستان و سووژەکەی لەسەر واقعییەت دائەمەزرێنێ، بەڵام زۆر گوێ ناداتە وردبوونەوە لە ئامار و ژمارە و ڕەقەم. تەنانەت ناو و ھەرێم بەو چەشنە کە ویستی زانایانە. شاعیر زۆرتر ھەوڵ ئەدا وشەی بەئاھەنگ و مووسیقا ھەڵبژێرێ. بۆ نموونە کاتێ ناوێک بەلایەوە جوان نەبوو یا ھەرێمێک خاوەنی وشەی ناقوڵا و لەسەر زمان گران بوو، ئەیگۆڕێ. واتە فۆڕم و قالب و وشە زیاتر بەلای شاعیرەوە گرنگە تا ناوەڕۆکی ڕاستەقینە. بۆ ئەوەی دیسانەوە تووشی ھەڵەیەکی تر نەبین و وا نەزانرێ کە منیش شاعیران بەدرۆزن دائەنێم و مەبەستم لەوە کە شاعیر دیوی دەرەوەی وتاری بەلاوە گرنگترە، گوایە ئەوەیە کە لە وتاری شاعیرا حەقیقەت نابینرێ، باشترە نموونەیەک بھێنمەوە و مەبەستەکە ڕوون بکەمەوە.

شاعیر ڕووداوێکی مێژوویی کە لە سەردەمی شەڕی سەلیبا ھەڵکەوتووە ئەگێڕێتەوە. ڕیچاردی شێردڵ و سەلاحەددینی ئەیووبی بەشی ھەرە گەورەی ئەو ڕووداوەن. یانی داستانەکە لەسەر ئەوان ئەگەڕێ. شاعیر ئەو دوو ناوە ناگۆڕێ، بەڵام ئەتوانێ چەشنی ڕووداوەکە بگۆڕێ. ژمارەی سپای سەلیبی و مسوڵمانەکان کەم و زۆر بکا. ھەرێمەکەی وا شەڕ لەوێ قەوماوە بگۆڕێ، وتووێژەکان بگۆڕێ و زۆر شتی تر. چونکە ھەروەک لە پێشا لە زمانی ئەرەستۆوە کوتمان شاعیر ڕووداوەکان وەک ھەن باس ناکا، بەچەشنێ کە ئەکرا و ئەشیا ببن، باسیان ئەکا. دەیجا ئاشکرایە، ئەکرا سەلیبی سەرکەوتایەن، ئەکرا باری ژیان لە ئوڕووپای ئەو کاتەدا چەشنێک بوایە کە کلیسا دەستی ئەوەندە نەڕۆیشتبایە کە زۆربەی کۆمەڵی ئوڕووپا بخەڵەتێنن و شایانی وڵاتە ئوڕووپایییەکان بەھیوای وڵات گرتن و تاڵان، ھان دا بۆ لەشکەرکێشان. ئەکرا سەلاحەددین ئەوەندە بەھێز نەبوایە کە سەلیبییەکان شکست بدا؛ تەنانەت لە ڕوانگەی شاعیرێکی ئوڕووپایییەوە کە پێوەند و دڵبەستراوی ھەیە بەگەلەکەیەوە، باشتر بوو وەھا نەبوایە. باشتر بوو لەو شەڕەدا ئوڕووپا سەر بکەوتبایە و زانیاری شەڕق و زووتر لە غەربا پەرەگر بوایە.

نموونەیەکی تر لەوەی کە شاعیر بۆ پاراستنی مووسیقا و ئاھەنگی فۆڕم، ژمارە و ئەڕقامی ڕیازی ئەکاتە قوربانی. زانایەکی میکانیک و فیزیک کاتێ باسی کەشتییەک ئەکا کە «٣٠» پێی لە ناو ئاودایە و «١٢٠» پێی لە دەرەوە و بەسەر ئاوەکەوەیە مەبەستێکی فیزیکی ھەیە و ئەڕوانێتە سەر قانوونی فیزیکی، چونکە ئەگەر ژمارەی «٣٠» و «١٢٠» نەبێ لە باری فیزیکییەوە ئەگونجێ کەشتییەکە نوقم بێ یا لە بەرامبەر تۆفان و شەپۆلی دەریادا باش ڕانەوەستێ. بەڵام شکسپێڕ لە نووسراوەکەیا بەناوی تۆفان کاتێ بەئاریل ئەڵێ باوکت سی پێی تەواو لە دەریا چۆتە خوارەوە مەبەستێکی ڕیازی نییە و ڕەنگە ھەر نەشزانی کە ئەگونجێ ئادەمیزاد لە قووڵایی سی پێدا تووشی قورسایییەکی لە ڕادەبەدەر بێت. شکسپێڕ وشەی «سی» ھەڵبژاردووە، چونکو بەلایەوە لە بیست و چل مووسیقای زیاترە. ھەروەھا ییتس Yeats لە شیعری I nis free (ئای نیس فری)دا بێ گومان لەبەر مووسیقای کەلام و ئاھەنگی خۆشی وشەی ٩ ئەڵێ: لەوێ نۆ ڕیز لوبیا ئەچێنم و پلوورێک ساز ئەکەم بۆ ھەنگەکانم. بۆچی «ییتس»ی شاعیر نەیکوتووە ١٣ ڕیز لوبیا و دوو پلوور؟ بێ گومان لەبەر ناباری وشەی ١٣ و دوو. ئەگەر ئەو شیعرانە ھی شاعیرانی سەردەمە کۆنەکان بن وەک سافۆیا ئەناکرئۆن Anakron وێژەوانانی دێرینەناسی بەناوی ڕاستەقینە ناچار ئەو ژمارە و ڕەقەمانەیان وەرئەگرت و بێ گومان لە ڕابردووی ڕاستەقینەی مێژووییدا تووشی ھەڵە ئەبوون. ئەمە بوو کە لە پێشا کوتم نابێ چاوەڕوان بکرێ کە شاعیر خۆی بەتەواوی واقعییەتەوە ببەستێتەوە. شتێکی تر، چۆنە کورتی کەمەوە و بڵێم کە شاعیر حەقیقەت ئەڵێ، بەڵام حەقیقەتێکی بێ واقعییەت؛ کەمتر وا ئەبێ کە حەقیقەت و واقعییەت لە شیعرا یەکتر بگرنەوە. ھەڵبەت ئەم لێکدانەوەی من کاتێ دروستە کە ئێوەش لە مانای حەقیقەت و واقعییەتا بڕواتان بڕوای من بێ. من واقعییەت بەو شتانە ئەڵێم کە ئێستە وجوودی واقعی و بەرچاویان ھەیە؛ وەک سەختی و زبری بەرد یا کەم نرخی ئەوین لە چاو سەردەمانی پێشوو. بەڵام حەقیقەتی بەرد تەنیا زبری و سەختییەکەی نییە و کەم نرخی ئەوین بەلای منەوە باش نییە، واتە حەقیقەت نییە لە کاتێکا واقعییەتە، لەوەی کە کوتم باش نییە شتێکی تریشم بەبیرا ھات بۆ مانای واقعییەت و حەقیقەت؛ واقعییەت ئەو شتەیە کە ئێستە ھەیە. چ باش بێ، چ خراپ. چ جوان بێ، چ دزێو. حەقیقەت ئەگونجێ ئێستە نەبێ، بەڵام ئەگەر ھەبوو جوانە؛ ئەوپەڕی پاکی و باشییە. باشی لە ڕاستییا مانایەکی ترە لە حەقیقەت. واقعییەت ئەمەیە کە ھەژاری و برسییەتی و شەڕ لە جیھانا ھەیە. بەڵام ئاخۆ ئەوانە بۆ ھەمیشە پێویستن؟ حەقیقەت ئەمەیە کە نەخێر پێویست نین!
تا بەرنامەیەکی تر کە دیسان لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین بەخواتان ئەسپێرین.

پەراوێز edit