ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
١١. کێشەی زانایان و شاعیران ئەبەدییە
سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. لە دوو سێ بەرنامەی ڕابردوودا باسی ئەوەمان کرد کە حەقیقەت لە ڕوانگەی شاعیران و زانایانەوە جیاوازی ھەیە و کوتمان کە زانایان زۆر لەمێژە لێکدانەوەی شاعیران و چەشنی ڕوانینیان بۆ جیھانی حەقیقەت بەھەڵە ئەزانن. لە گزنۆفان و فیساغورس تا ھیراکلیت و ئیفلاتوون و تا ئەمڕۆکە کێشەی نێوان زانا و شاعیر بەردەوامە. لێرەدا پرسیارێک ھەیە: بۆچ زانایان دژایەتییان ھەر لەگەڵ شاعیر ھەیە و خۆیان لە بەشەکانی تری ھونەر ناگەیەنن؟ لەبەرچی ئارشیتێکتۆرێک یا پەیکەرساز و نەققاش و نووسەرێکی تئاتر و تەنانەت دەورگێڕێکی تئاتر نەکەوتوونە بەر تەوس و توانجی زانایان؟ مەگەر ئەوانە ھونەرمەند نین؟ چما کارەکەیان بەھانی عاتیفەوە نەبەستراوە؟ پرسیار ئەمەیە کە شیعر لە ھەموو ھونەرێک زیاتر، باری عاتیفی موتڵەقی ھەیە. ھونەرەکانی تر ئەکرێ لە ڕوانگەی زانایانیشەوە سوودێکی دەسبەجێی بۆ کۆمەڵ ھەبێ. کوتم دەسبەجێ چونکە لانی کەم نەققاشی زینەتە، پەیکەرسازیش ھەروەھا؛ جگە لەمە پەیکەرسازی بۆ مێژوونووسان زۆر شتی بەکەڵکی لێ دەس کەوتووە، وەک چەشنی بەرگی کۆن، چەشنی خۆ ڕازاندنەوەی ئافرەت و پیاوی مێژوویی. ئارشیتێکتیش چەشنی خانووبەرە سازکردن و سەرای گەورە یان قەڵای شەڕی سەردەمانی کۆنی لێ دەرئەکەوێ. ئارشیتێکت ئێستاش سوودی لێ وەرئەگیرێ و بۆ کۆمەڵ بەکەڵکە. تەنانەت مۆسیقاش ئەگەر ڕاسپێرییەکی تری نەبێ، لانی کەم ئەوەی ھەیە کە ئارامیبەخشی گیان و گوێیە. بەڵام شیعر چی؟ شیعر لە ڕوانگەی ئەو زانایانەوە کە دژی شیعرن، لیزگەی چەند وشەی لە ڕاستی بەدوورە و ھیچی تر و کەڵکی نییە بۆ کۆمەڵ. بەرپەرچی بڕوای ئەو زانایانە بەم جۆرە ئەدرێتەوە کە ئەو تاقمە ھەر لە بناغەوە ڕاسپێری ھونەریان نەناسیووە. شیعر و ھیچ ھونەرێکی تر نابێ بەمەوە ڕاوەستێ کە تەنیا جوان بێ. شیعر لەگەڵ جوانییا ئەبێ بەکەڵکیش بێ، بەڵام چۆن بەکەڵکییەک؟ وەھا کە دۆزینەوەی ھێزی کارەبا لە لایەن ئێدیسۆنەوە بەکەڵکە، چەشنی ئەو بەکەڵکییە کە لە فیزیک و میکانیک و شیمی و پزشکییا ھەیە، ئەگەر ھەر ئەوانە بن بەکەڵکی، ئەی فەننی حقووق، زانستی ئەخلاق، کۆمەڵناسی و سیاسەت و زۆر بەرھەمی بەکەڵکی تری مێشکی ئادەمیزاد چین؟!

ئاخۆ ھەموو کۆششێکی ئادەمیزاد بۆ ئەوە نییە کە باش بژی و مرۆڤانە بژی؟ بەرەو پێش بچێ و بەرز بێتەوە؟ ئایا تێکنیکی پێشکەوتوو، بێ ناسینی فەلسەفە و مانای ژیان، ئاگرێک نییە بەدەس مناڵێکی نەفامەوە؟ ئەگەر ئەمەمان قەبووڵ کرد و شارەزای مێژووی ھونەریش بووین و زانیمان کام پێتەویستی کۆمەڵایەتی، ھونەری بەدی ھێناوە، ناچارین قەبووڵ بکەین کە شیعر بێ ئەوە ویستی کەسێکی تایبەت، یا تەفەننونی شاعیرێکی دیاریکراو بێ، لە کۆمەڵا پەیدا بووە، ھەروەک بەشەکانی تری ھونەری جادوویی. شیعر باشتر لە نەسر لەبەر ئەکرێ و لەبەر ئەمە باری ھەڵگرتن و نەفەوتانی زۆر مەبەست و ڕووداوی کۆمەڵایەتی و مێژووی خراوەتە ئەستۆی شیعر؛ بەتایبەت لە ڕۆژھەڵاتا شیعر زیاتر لە ھەموو ھونەرێکی تر پێشینەی خزمەتی کۆمەڵایەتی ھەیە. ئەگەر گاھێک و لە سەردەمێکی کورتا بەھۆی بارێکی تایبەتی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە شیعر لە ڕێگای خزمەتی گشتی لای دابێ، ئەمە نابێتە مایەی بێ کەڵکی شیعر. ئاخۆ سەنعەت و زانست لە ھەموو کاتێکا بەکەڵکە؟ تەنانەت ئەگەر بۆمبای ئەتۆمیش بێ و بەسەر خەڵکی بێ تاوانی ھیرۆشیما و ناکازاکیشا بکەوێ؟ ئەتۆم ئەتوانێ لە خزمەتی ئادەمیزادا بێ و چارەی زۆر دەرد و نەخۆشی و کەمایەتی بکا، لە کاتێکا تا ئێستا ئەتۆم وەھا نەبووە و بۆ ئەم ڕێگایە کەڵکی زۆر لێ وەرنەگیراوە و ئەم مەبەستە نابێ بمانھێنێتە سەر ئەم بڕوایە کە گوایە زانستی فیزیک بێ کەڵک و زیان گەیێنە. مەبەستێکی تریش کە پێویستە بۆ پاکانەی شیعر لە لای زانایان، ھەڵبەت ئەو زانایانە کە دژی شیعرن، بکوترێ، ئەمەیە کە شیعر و وێژەی پێش زانست ھەستیان بەنیازی کۆمەڵی ئادەمیزاد کردووە و زۆر ھەڵکەوتووە کە زانست بیری لە شتێک نەکردۆتەوە و بەلایەوە کارێکی نەگونجاو بووە، لە کاتێکا شیعر و وێژە لە خەیاڵ و عاتیفەی شاعیرا تەسویری کردوون و ڕێگا و شوێنی بۆ دامەزراندوون. زۆر ئوستوورە و ئەفسانە ھەن کە ئیختڕاعاتی زانستی ھەزار ساڵ پاش خۆیان پێشبینی کردووە. لە سەردەمی کۆنا فڕین بۆ ئادەمیزاد لە باری زانستییەوە نەگونجاو بووە و تاقیکاری زانایان ئەوەندە نەبووە کە تەنانەت ئاواتی فڕینیشیان ھەبێ، بەڵام شاعیر و ئەفسانەوێژی کۆن لە جیھانی بەرینی ھونەرا خۆی بەتاقیکاری کەموکورتی دەسکەوتی ئادەمیزادەوە نەبەستۆتەوە و ماوەی ھەبووە تا بیر و خەیاڵ لە وزەیاندا ھەیە، بڕوا و ئاوات بخوازێ بۆ ھەڵفڕین و نموونە و میسالی ئوستوورەیی ساز بکا. قالیچەی سولەیمان، چەرخ و فەلەکی پیرێژن لە ئەفسانەی کوردییا و ماشێنی فڕۆک لە داستانی دێدالووس نوعخرزخر دا پێشبینی کراوە و بۆتان ڕوون ئەکاتەوە کە شاعیر و نووسەر سەرقافڵەی کاروانی پێشکەوتووی بەشەرییەت بوون. تەنانەت ئاریستۆفان لە پەڕاوێکی شیعریدا کە ناوی «بۆق»ە، شەڕی شیمیایی لە ڕێگای ھەواوە پێشبینی کردووە و لووسین سەفەر بۆ مانگی باس کردووە. لە ئەفسانە کۆنەکانی یوونانا، کەسێک ھەیە بەناوی ستائووس. کاتێ خەریکی مردن بوو، خوای بەیان لە لای زێئووس تکای بۆ کرد و تەمەنی ھەمیشەیی پێ بەخشرا. ئەمەش نموونەیەکە ھەزاران ساڵ لێرەوبەر لە وێژەدا ھاتووە و تا ئەمڕۆش بەشەر نەیتوانیوە خۆی لە دەس مردن ڕزگار بکا؛ بەڵام ئەگونجێ زانست ڕۆژێک ئەم ئاواتە بەدی بھێنێ. زانست، ئەویش زانستی فیزیک و میکانیک و پزیشکی کە ھیچ پێوەندیێکیان بەزانستی کۆمەڵایەتییەوە نییە، ھەر ئەوەندەیان لە دەس دێ، کە کەرەسەی ئاسوودەیی و پێشکەوتی سەنعەتی بۆ ئادەمیزاد پێک بھێنن...

کەڵک وەرگرتن لەو کەرەسانە لە ھەرێمی زانستێکی ترا دیاری ئەکرێ، واتە زانستی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسی و ئەخلاق و فەلسەفە و ئەدەب زیاتریان بەیەکەوە پەیوەند ھەیە تا لەگەڵ زانستی تێکنیکی. من ناچارم جارێکی تریش ئەم ڕاستەقینە بخەمە بەرچاو کە بەداخەوە زۆر کەس لایان وایە شیعر تەنیا جوانی ڕووتە و ھیچ ڕاسپێرییەکی کۆمەڵایەتی نییە. ئەمە ھەڵەیەکە کە تەنیا ئەو کەسانە تووشی ئەبن کە نایانەوێ ورد بنەوە لە ناوەڕۆکی شیعر و ھێزی ھاندەر و بەرەو پێشبەری ئەم بەشەی ھونەر. ئەم ڕیزە وتارە ئەتوانێ دەرگای وتووێژی ئێمە و ئێوە بکاتەوە و ئەگەر جگە لەمانە کە کوتوومانە شتێکی ترتان بەخەیاڵا دێ، یا ڕەخنەیەکتان ھەیە، تکایە بۆمان بنووسن، بڕواتان بەناوی خۆتان بڵاو ئەکەینەوە و سپاستان ئەکەین.
تا بەرنامەیەکی تر کە دیسانەوە لەسەر ئەم باسە ئەڕۆین، بەخوای مەزنتان ئەسپێرین و چاوەڕوانی نامەتانین.
١٩٧٢/٠٨/١٢

پەراوێز edit