ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
گوڵم!
دڵم پڕە لە دەرد و کوڵ
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
ئەڵێم بەجامێ ئاوی کانیاوی دێیەکەم
عیلاجی کەم کوڵی دڵی پڕم،
لە دەردی ئینتیزارەکەت
وەڕەز بوو گیانی من لە شار و هاڕەهاڕی ئەو
لە ڕۆژی چڵکن و نەخۆش و تاو و یاوی شەو
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
لە شاری چاو لەبەر چرای نیئۆن شەوارەکەت
بڕۆمە دێ کە مانگەشەو بزێتە ناو بزەم
چلۆن بژیم لە شارەکەت
کە پڕبەدڵ دژی گزەم؟ !
لە شارەکەت، کە ڕەمزی ئاسن و منارەیە
مەلی ئەوین غەوارەیە
ئەڵێی لە دەوری دەست و پێم
ئەوەی کە تێل و تان و ڕایەڵە، کەلەپچەیە
ئەوەی کە پەیکەرە میسالی داوەڵە
ئەوەی کە دارە تێلە، مەزهەری قەنارەیە
لە شارەکەت کە مەندی دووکەڵە
کە دێتە دەر لە ماڵی دەوڵەمەند
وە تیشکی بێ گوناهی خۆرەتاو ئەخاتە بەند
لەهەر شەقام و کووچەیەک شەپۆڕی شینە
دێ بەرەو دڵم
دەستی گەرمی ئاشنا نییە کە ئەیگوشم
دەستی چێوییە
لە شارەکەت زەلیلە شێر،
باوی ڕێوییە
بە هەر نیگایەک و پەتایەکە
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
گوڵم، هەرێمی زۆنگ و زەل
چلۆن ئەبێتە جاڕەگوڵ
لە شاری تۆ، لە بانی عەرەشە قۆنەرەی دراو
شارەکەت
ئاسکە جوانەکەم!
تەسکەبۆ ئەوین و بۆ خەفەت هەراو
کێ لە شاری تۆ، لە شاری قاتڵی هەژار
گوێ ئەداتە ئایەتی پەڕاوی دڵ؟
منێ کە گۆچی تاوی گەرمی بەردەوارەکەی عەشیرەتم
بەدارە تەرمی کووچەکانی شارەکەت
ڕانەهاتووە لەشم
بناری پڕ بەهاری دێ
ڕەنگی سوور و شین ئەدا
لە شیعر و عاتیفەی گەشم
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت گوڵم
١٩٧٠

پەراوێز edit