ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە خەوە بەردینە
١٠. شەنگەسوار
کوا شەنگەسوار؟
کە درەوشانەوەی پەڕی سەری ئەسپی
چاوێک بخاتە بیری تلووعێ
ئەی سەر زەوی پڕ و پووچ
ئەی هەر هەناسەیەک:
نەفەسی دواییت
تەرمێ ئەچێ
ژنێ ژانی مناڵی پێیا دێ
ئاخۆ هەموو ئەمە بوو ئەمبیست؟
دامێنی ژینی ئادەمیزاد
هەڵ ناتەکێ لە مناڵ
لە ژیانی کرچ و کاڵ.
دیتم کە پرمە دێ
من گەرمی بیر و هیوا بووم
پرمەی کەحێلی سواری مەریوانە
بێچارە خۆم
پرمەی گرینی گەنجی عەشیرەت بوو.
ئەی سەردەمی هەموو بەرئاوەژوو!
داخێ، مەغابنێ، خەفەتێ
بۆ چاوی شینی تازە بەهار
کوا شەنگەسوار؟
وا کەوتە بەر تەڵەزمی سماتەی غار
ئاسمان ئەوەندە خۆڵەمڕە
قاز و قورینگ تەپ و تۆزاوین
چەخماخەدانی هەوری نەزۆک
ئەستێ و بەرد و پووشوون
بەدەستی پیری لەرزۆک.
ڕووخان بەداخەوە بێ قرمە
ڕووخان کۆشکی لە پۆڵا
دیواری چین و پەیکەری بولهەول.
ئاخۆ فرمێسکی ڕوونی دوا باوەڕ
بۆ مەرگ زرێیە بڕێژم
یا ڕووباری چووکی بەفیڕۆ چوو.
ئەمڕۆ هەر شەویلکە لە کارایە
دەس پیرەڵۆکی ئارەقی بەرپشتێن
دڵ هەمانەی کۆلوانە
سەر گڕکە تاڵە
دەمار بێ خوێن.

پەراوێز edit