ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە خەوە بەردینە
١١. من زیندووم
ئەگەر دێوی دزێوی مردن
بە پێکەنینی ناحەزی هەمیشەیییەوە
بە سەرما بدا
گیان و دڵی پڕ خەمم لە ناو بچێ
وا مەزانن من مردووم، من زیندووم
ئەگەر چرای ژینم
لەسەر سەرینی سەرەمەرگم
پڕشنگی ساردی دوایی بدا
وە دوا تریفەی بێ
وا مەزانن من مردووم من زیندووم
ئەگەر زەنگی کلیسا
بانگەوازی مەرگم بکا
عفریتی مردن بەقاقا بکەوێتە شوێن تەرمی سارد و سڕم
وا مەزانن من مردووم، من زیندووم
ئەگەر پیاوانی نزاکار
وە ژنانی شینگێڕ و خۆ داپۆشیو
لە دوای دارە تەرمم
پڕمەی گریانیان بێ
وە داری عوود بسووتێنن
وا مەزانن من مردووم، من زیندووم
ئەگەر بە ئەسرین و فرمێسکی چاوی کەژاڵی دەزگیرانم
بە ئاوی چاوی کەسوکار و دۆست و هاواڵم
گیای گۆڕم بخووسێ
وا مەزانن من مردووم، من زیندووم
بەڵام ئەگەر گۆڕی من بێ ناونیشان
لە گۆشەیەکی ئەم جیهانە پانەدا داکەوێ
وە بیرەوەریم لە یادی خەڵکا بێ ڕەنگ بێ
ئاخ! ئەو کاتەیە کە من... ئەمرم.

پەراوێز edit