ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە خەوە بەردینە
٤. تۆ دەریامی
تۆ دەریامی
بە ڕوانینی دووچاوی شینی بێ بنت
بە خاوێنیت بە ئارامیت
تۆ دەریامی
بە شەپۆلی لەنجە و لارت
بە تووڕەیی جاربەجارت
بە شەنگە ژنیت
بە سامیت
تۆ دەشتی ئەوپەڕ نادیاری
بۆ چۆل بڕی لە پێ کەوتوو
تاپۆی شاری
تۆ ڕوح سووکی وەک خەونی خۆش
وەک هەناسە
جێ ناگری
لە توێی شیعرا چەشنی تاسە
تۆ تراوکەی جارێ دیار، گاهێ نەدیاری
هیوای تینوێتی ڕێبواری
تۆ شۆڕەبی ناو شۆرەکاتێکی گەرمی
لەبەر نیگای تاسەباری ئەویندارا
خۆ داپۆشیو بە لک و پۆی کەزیەی نەرمی
بەڵام ئەی کیژ
ئەی چاو نەرم
ئەی خەنجەری تۆڵەی ڕق تیژ
ئەمڕۆ من لە خەستەخانەم
نە وشیارم نە لەسەرخۆ
لایەکی بیرم لای ئەو گەنجەیە
بە دەمی برین پێکەنی
بەشوورەی وەک پۆڵای لەشی
ڕێگای چەکمەی سووری خوێن و
دەستی ڕەشی بەعسی تەنی
لایەکی بیریشم لای تۆ
نا ئەی هەنیەت وەک مانگە شەو
نا دەریای مەندی چاوبەخەو
گڕی ئاخ بەر مەدە گیانم
بە نیگای ئاشنای لێ کوژراوان مەمتاسێنە
خۆم زامارم
بە خوێی توانج
مەمکولێنەوە، مەمسووتێنەوە
مەڵێ خۆزگە دەزگیرانم
پاڵەوپشتی ژیانم
بمردایە... !
***
بەڵام ئەمڕۆ
کە هەر ساتێ دڵی دایکێ
لە کوردستان هەڵ ئەقرچێ
بە هەر بۆمبای سووتێنەرێک، پێشمەرگەیەک
داری چاکێک دائەقرچێ
نەتکوتبایە لایەکی بیرم لای تۆیە
مەگری و مەڵێ دەزگیرانت ڕەنجەڕۆیە
بەو زارەی لە زەردە زیزە
بە ئارامی کەشێوەی دڵمەندی تۆیە
مەڵێ بەس ئەم گوفتوگۆیە
تۆ لات وایە
من نازانم
سکاڵای دڵداری خۆشە
بەڵام ئەمڕۆ من بەشێکی کوردستانم
کیژی سەد برا کوژراوی نیشتمانم
تازەماسی تاسەباری دەستی تینووت
ڕێی نییە بۆ دەریای سینەم
هێندی خوا خۆشەویستی
بەڵام من کیژێکی کوردم
جەهەننەمە گڕی سینەم
١٩٧٣

پەراوێز edit