ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە خەوە بەردینە
٥. خێڵی درۆ
ئێوە کێن؟ خێڵی درۆ
گەلی دەم پڕ لە هەرا
نیشتەجێی شاری بە گرمە و دووکەڵ
پێم بڵێن:
ئێوە چ کارەن؟
چ کەسن؟
ئێوە ئەی کرمی کتێب
یاری غاری هۆدە
بە گەرووی قاسپەکەری کەوتارێن
جاڕی کام گوم بوو ئەدەن وا بە هەڵپەو بە دەهۆ؟
ئێوە:
میراتگری کام جێ لەوەڕن؟
ئێوە،
حاشارگری ڕووبەندی وشە
بووکی بن تارای سوور
خوا نەکا بای بە تەوژمی کوێستان
لابەرێ پەردە لەسەر باڵاتان
دەرکەوێ هەر دەکوژن دوورا دوور.
ئێوە:
کەی شێری چیان؟
بەردەماوخۆری توڵە و گورگی گەڕن
قاقڕە گیانە هەوای بەرپشتێن
شۆرە کاتێکە کوژەی خەڵفی دەست
زەلکەیە کۆڕەکەتان ئێوە زەلن
هەر بە بایەک ئەگڕێن بێ دەربەست
کام بەیان بەر بوو لە بەندی شەوەزەنگ؟
کام کولەی شۆڕ بە نەفەستان لاچوو؟
مل بە بەرمووری وشەی ڕەنگاوڕەنگ!
کامە پێ کەوتە پیاسەی ڕێتان؟
ئێستە وا گرمە لە کێوان بەرزە
مێش ئەخاتە لەشی گا بوولەرزە
ئێوەن و ئێوەن و لۆکەی گوێتان
بەسیەتی، ... بەسیەتی
واهات ... وا چوو.
١٩٦٨

پەراوێز edit