ئاڵەکۆک

هێدی add_a_photo
هێدی کاروانی خەیاڵ
٧. بەهاری کوردوستان
چەند لە خونچەی بەربەیانی جوانە زەردە و پێکەنین
بۆ نەمامی بەژنی تۆ سەد هێندە چۆپی و هەڵپەڕین

دیمەنی شیرین و کۆڵمی سور و بەژنی ڕێک‌وپێک
کەس تەماشای تۆی نەکرد وەک من کە نەیکوت ئافەرین

گوێت لەمن بگرە گوڵم تاکوو بە کوردی پێت بڵێم:
باسی کوردستانی گەورە یان بەهەشتی سەر زەمین

لەشکری بای وەعدە هات و تەپڵی شادی گرتە دەس
نایە بەر پێ شاخ و هەرد و کەویەبەفری هەڵدڕین

ئاوەچۆڕەی کەوتە بن، بەفری نواڵە و شیو و دۆڵ
تک‌تکەی دەڕژێت و دەترووسکێ وەکوو دوڕڕی سەمین

خاکەلێوە هات بە ئاڵای دەوڵەتی نەورۆزەوە
دایکوتا پەرچەم لەسەر کوێستانێ وێنەی فاتحین

هەوری پۆل‌پۆل و گەواڵی دان بە سەریەکدا شەماڵ
جێگە تەنگ بوو، پێکی دادان پێچەوانە١ و ڕاستەقین٢

کوێر و کەڕ سەرسامن، ئەو دەڕوانێ، ئەو گوێ هەڵدەخا
یان شریخەی هەورە یان بەرقی بریسکە و تێک‌خوڕین

خۆرنشین دەیدا بە سەر خۆیدا کە بۆ ڕۆژ هەڵنەهات
ڕۆژهەڵات دەیدا بە ئەژنۆیدا لە تاوی خۆڕنشین

دایڕژاند باران بە خاکی کوردەواریدا چلۆن
هەر وەکوو فرمێسەکانی من لە دووری تۆ گرین

چیمەنی کردۆتە پایەندازی بووکی سەر چڵوک
شەونمی کردۆتە گوارەی گوێی گوڵاڵەی سوور و شین

بولبولی مەست هەڵوەدای یاقووتی ناو پیرۆزەیە
دەردەداری عیشقە کەنگێ سەر دەنێتە سەر سەرین

چۆن بنووسم من کە چۆن شللێر و بەیبون لێکدران؟
چۆنی تاریف کەم کە چۆن مەندۆک و بیزا تێک‌بەزین؟

توولە ڕێواسی سەری هەڵدا، دڕی پەردەی حەیا
ناسک و تورت و سپی وەک قۆڵی یاری نازەنین

بانەمەڕ هات و هەواری بۆ نشیمەن هەڵبژارد
وەک لەسەر تەختی زومەوڕەددا ببێ سوڵتانی چین

بۆ بەخێرهێنانی میوانی بەڕێزی هەردوبۆ
چاوەڕێ وێستاوە داوێن پڕ لە لالەی عەنبەرین

ڕاپەڕی قومری سەری خونچەی پساند و خستیە پێی
وەک کە شێوەی کوردەکانە گاووگەردوون سەربڕین

بای شنە بۆ پێشوازی نەرم و هێدی کەوتە ڕێ
زێڕوەشانی کرد سکەی بێ نەخشی پەلکی یاسەمین

خێڵ ئەوە بارگەوبنەی هەڵبەست و گەورەی قافڵە
کاروانی بردە سەرچاوەی ژیان و دابەزین

وەک قەڵای ئەو عێلە بێ سەرهۆزی سەنگین و گران
چادری هەڵداوە نۆ ئەستونەک و سێ لا بەرین

لاوی شۆخ و شەنگە سەرگەرمی جلیت و تەقڵەیه
بێریە باسکی هەڵدەکا دەڕوا بە قاقای پێکەنین

لایە کاڕەی مێگەلی پاراو و نرکەی شەک‌بەران
لای تری حیلەی کەحێلی تۆسن و ئەسپی بەزین

زەمزەمەی جوتێرە، دەنگی لاوکە، گۆرانییە
هەڵپەڕینە، داوەتە، شەکوایە، ئێخەدادڕین

شوانە بلوێری وە ناڵین خستووە بەیتی کۆن دەکا
کاکەمەم خۆی وای نەزانیوە هەواڵی خاتووزین

گەرچی شیرینە بەسەرهاتی سیامەندیش دەڵێ:
هەر لەپێناوی وەتەن سەربەرزئەکا هەڵ‌ئاوەسین

یانی ئەو خاکە گەلێک لاوی لەدەس‌داون بەڵام
حەیفە بۆغەیری شەهیدانی وەتەن گریان‌و شین

تا بە چاوی خۆت ببینی هەرچی ئەوڕۆ لێی دوام
دەستی من بگرە وەرە ئەی خۆشەویسەم با بچین

ناتەوێ کۆشکی بڵیند و بورج و قەسر و سەرسەرا
ئەستەڕ٣ و قەندیل٤ و سامڕەند٥ و سپی‌ڕێزت٦ کە دین

زۆری پێ‌ناچێ کە ئەمن‌وتۆ بەکوێری دوژمنان
پێکەوە سەربەست‌و ئازاد هەر لەناو گەل‌دا دەژین

دەستی یەک دەگرین‌و وێکرا سەیری کوردوستان دەکەین
ئێمە کۆیلەی کوردەکانین وەک سیامەند نامرین

هێندی من دیتم لەڕابوردوی ژیانم سوێرو تاڵ
هەر بەڕزگاری وڵاتم دەکرێ ساڕێژی برین

لەو بەهارە خۆشەدا، لەو شادیە پیرۆزەدا
پێشکەشی بەژنی جوانی تۆ سڵاوی ئاگرین

١. پێچەوانە: منفی
٢. ڕاستەقین: مثبت. کارەبالەویک کەوتنی ئەودوەپیک‌دی.
٣ و ٤ و ٥ و ٦. ئەستەڕ، قەندیل، سامڕەەند، سپی‌رێز: لەکوێستان وکێوە بەرزەکانی کوردوستانی ئەم‌دیوەو ئەودیون.
شێخاڵی - بانەمەڕی ١٣٣٥ هەتاوی
کاروانی خەیاڵ، چاپی یەکەم، ١٣٦٤، لاپەڕەی ١٤٦-١٤٩
خالید حیسامی 'هێدی'، هەوارگەی غەزەڵ، لاپەڕە ٢٠ - ٢٣، بە کورتکراوی.
بەشێکی زۆری لەلایەن بەڕێزێکەوە بە ئای‌پی: ٥.٢١٨.٧١.٧٠ نووسراوە.

پەراوێز edit