ئاڵەکۆک

هێدی add_a_photo
جێژنی کۆن وساڵی تازەی کوردەواری هاتەوە
هاتەوە ئاگری خەباتی ئەو گەلە خۆش کاتەوە

هاتەوە جوانتر لە جاران، جێژنی کاوەی قارەمان
شوێنەواری میدیا، باپیرەگەورەی کوردەکان

هاتەوە بگرێتە باوەش کوردەواری سەرلەبەر
هاتەوە نەورۆز و بۆ زستانە ئیتر چارەسەر

جێژنی نەورۆزە وەتەن! وا کاتی پیرۆزبایی‌یە
جێژنی لاو و کیژوکاڵی تۆیە، ڕۆژی شایی‌یە

هەر هەڵاڵەی زەردە بۆنی دێ لە ڕێگەی دوورەوە
هەر چڵووکی دارە زەردەی دێ بە خونچەی سوورەوە

ئەو گوڵاڵە ئاڵ و سوورە بولبولی سەرخۆش دەکا
چەپڵەڕێزانێ لە زستان و قەلی ڕووڕەش دەکا

تا شنەی هێدیی بەیان هات و هەناسەی کردەوە
بەفری لاپاڵ و ترۆپکی شاخەکانی بردەوە

زێوی ئاونگ بۆتە ملوانکەی ملی گیابەند و خاو
هەر ترووسکەی دێ و دەلەرزێ، بای لە سەر بێ یا هەتاو

بەرگی زستانی لە بەر خۆی داڕنی ئەوڕۆ زەوی
نزم و بەرز و شیو و دۆڵ و ڕژد و هەوراز و نەوی

تا لە نەورۆزدا خەڵاتی ساڵی تازە وەرگرێ
ژەنگی داماوی و هەژاری و مەینەتی خۆی لابەرێ

من بەڵێنت پێ ئەدەم ئەوڕۆ لە دەنگی کوردەوە
ئەو کوڕەی زنجیری یەخسیری لە ئەستۆ کردەوە

دڵ کە ڕۆژ و شەو دەسووتێ، ئاگری تۆی تێبەربووە
بۆیە پیاوانە لەگەڵتا مەرجی خوێنی بەستووە

دڵنیا بە جێژنە پیرۆزەی دوای نەورۆزی من
جێژنی ئازادی گەلە و سەرکەوتنی پیرۆزی من
خاکەلێوەی ١٣٤٥ی هەتاوی (٢١/٣/١٩٦٦ی. ز)
لە ئاهەنگی جێژنی نەورۆز لە گەڵاڵە خوێندرایەوە.
لەلایەن بەڕێزێکەوە بە ئای‌پی: ٨٣.١٢٠.٤٠.٤٥ نووسراوە.
‎کوردیکا

پەراوێز edit