ئاڵەکۆک

هێدی add_a_photo
هێدی کاروانی خەیاڵ
٤. ئاگری تۆ
ئەی وەتەن تەنیا نە هەرمن بۆ تۆ وا سەوداسەرم
تیشکی ڕۆژیش جێ‌ی لەبەر کۆیلەت نیە دەوروبەرم

تۆ لەدەس بێگانەدابی چارەنوسی ئەو گەلە
هەڵمەت و قوربانی دانەو ڕشتنی خوێنی گەرم

ناحەزی‌تۆ پێ لەسەر گۆڕی شەهیدان دابنێ
کێ‌یە باوەڕکا کە دەس لەو خاک‌و خوێنە هەڵ‌گرم

دوژمنت چیدیکە با ئاگر لەماڵم بەر نەدا
من لەسایەی خۆشەویستی تۆوە هەر خۆم ئاگرم

سەد پەژارەو بەرهەڵست‌و سوێرو تاڵیم بێتە پێش
گەر لەڕێ‌ی ڕزگاری تۆ لادەم بزانە کافرم

خۆم بە شانازی بەڵاگەردانی سەربەرزیت دەکەم
تیخی خۆی دابێنێ دوژمن بۆ مەتاڵت حازرم

سەر لەسەرشانم وەکو بارێکە کەڵکی‌چی هەیە
گەر دەڕێ‌ی تۆدا نەچێ ئەوبارە قەت هەڵ‌ناگرم

من بەبیرو باوەڕو دوژمن بەتانک و تۆپەوە
کێو بەکێو ڕاوی دەنێم واتە گەلێک ئازاترم

هەر بەهیوای ڕۆژی ڕزگاریت ئەژیم و ڕونە لێم
تا بەدەستی خۆم نەنێژم دوژمنی تۆ نامرم

من دەڕێ‌ی سەربەستی تۆدا بۆ هەمو پیلانی ڕەش
دڵ‌نیابە هەر کوڕە پێش مەرگە کەی ناو سەنگەرم

ئەو کوڕەی هێزم لەشیری تۆوەیە و ڕۆژی هەرا
جێ‌ی لەناو جەرگ‌و هەناوی دوژمنت داخەنجەرم

من‌کە گاڵتەم دێ بەمردن سەیرە گەرتۆ شادنەبی
تۆدەبێ هەر سەرکەوی‌و کۆسپت لە سەرڕێ لابەرم

دوژمنت هەرفێڵێ بیکا نەخشی سەرئاوە و ئەمن
پیرە دارێکم کە بەوبایانە هەرگیز نالەرم

نابەزم هەروەک بەڵێنم داوە یان رزگاری تۆ
یان هەمو ئەو شیوو دۆڵەت پڕدەکا خوێن و تەرم

ئەی وەتەن هەرناوی‌تۆ وردی زمانمە بۆیەوا
هەروەکو دەشت و چیاکەت کەسک‌وسورە دەفتەرم
١٩٦٦/٣/٨ - رادیو دەنگی کوردوستانی عیراق
کاروانی خەیاڵ، چاپی یەکەم، ١٣٦٤، لاپەڕەی ١٣٢-١٣٣

پەراوێز edit