ئاڵەکۆک

هێدی add_a_photo
هێدی کاروانی خەیاڵ
٣. باز و کەو
لە مەڵ‌بەندێکی خۆشی کوردەواری
سەرەوژور بونەوە خێڵ بۆ هەواری

لەداخی بەفرو زستان و کڕێوە
چیای ڕازاندبۆوە خاکەلێوە

لەبەردەشتا کراسی مەخمەری شین
لەئامێزی هەڵاڵە و یاس و نەسرین

تەماشای چت دەکرد خوارو سەر و ژور
سەری لێک دابو شللێر و گوڵی سور

وڵات خەمڵی‌بو بەو چەشنە سەراسەر
بە خاش‌خاش و گوڵی بەیبون و شەست‌پەر

لەناو ئەو دیمەنە سەوزو جوانە
کە جێ‌ی درکاندنی هەستی دڵانە

لەزەردێکا کەوێکی قۆز و نەخشین
سکاڵای بو لەگەڵ بازێکی تێ‌بین

سەرەڕای ئەو سروشتە دڵ ڕفێنە
وەکو زامدارێ 'کەو' دەی کرد وڕێنە:
****
دەغیلت‌بم مەلی پسپۆڕ و چازان
مەلی تەڕدەست و وریاو ژیرو تەڕلان

دەژین دا بۆچی وا چارە ڕەشم من؟
لەخۆشی و کامەرانی بێ‌بەشم من؟

ئەمن روح دادەنێم بو خاوەنی خۆم
لەبەرچی ئەو وەفایێکی نیە بوم؟

وەرە تۆخوا سەیرکە خاڵ و میلم
لەسەر ئە دیمەنەش‌ڕا وا زەلیلم

هەمو رۆژێ دەگەڵ کازیوە ئەنگوت
دەچم بۆڕاوی 'مێ‌رۆژ'١ و 'سیاسوت'٢

لەقاسپەی من هەزار باڕو کەوی پیر
لەداوی خاوەنم‌دا بونە نێ‌چیر

سەعاتێک ناسرەوم بێ خواردن و خەو
کە ئەو تێربێ لە گۆشتی ناسکی کەو

نەبو جارێک لەسیپەی‌دا بخوێنم
لە گرمەی تاپڕی دەنگ دانوێنم

لەماڵێ سازو سەمتورە غوڕەی من
نشەی ڕاوچی دەبزوێنێ گوڕەی من

لەسەر ئەو حاڵەڕا بێ قەدرو حورمەت
قەفەز جێگای منە بێ‌دان و خزمەت

ئەگەر ڕۆژێکی کەو نەکرێن قەلاچۆ
ئەبێ لێم داڕنن باڵ‌و پەڕو پۆ
****
وەڵامی داوە 'بازی' کۆنە ڕاوکەر
کە تاوان هەر لەتۆڕایە سەرانسەر

ئەتۆ خۆت بویە گورگی مێگەلی خۆت
ئیتر کێ بێت و دڵسۆزی بکا بۆت

دەخوێن دا سوربوە دندوکی ئاڵت
ئەبێ بیگریە ئەستۆی خۆت وەباڵت

براکەت بانگ ئەکەی بی‌خەیتە نێوداو
بەڵام دوا رۆژی خۆت ناخەیتە بەرچاو

دەڕێژی خوێنی خزمی خۆت و بۆخۆت
دەدەی دەستی پەشیمانی لە ئەژنۆت

کە بۆ فەوتانی هۆزت تێ دەکۆشی
دەژین‌دا چۆن ئەبینی خێرو خۆشی

کەسێک بۆخۆی ئەوە شەرت و بەقای‌بێ
ئەبێ چۆن دوژمنی بۆئەو وەفای بێ

دڵت ناسوتێ بۆ جوجکی برای خۆت
ئەتۆش پێویستە بی‌بینی سەزای خۆت

لەبەر ئەو ڕاوە دەگرێ حورمەتی تۆ
دەنا ئەو نایەوێ خاڵ و خەتی تۆ

هەمو دەشت و چیا پاوانی تۆیە
ئەگەر تێ‌ی‌دا نەژی تاوانی تۆیە

بەسەربەرزی لەناو هێلانە مردن
نەوەک تۆ خزمەتی بێگانە کردن

١ و ٢. ڕاوی کەو لەوەختی جۆزەردان 'مێ‌رۆژ' و لە هەوەڵی بەهاردا سیاسوتی پێ‌ئەڵێن. لەڕاوی مێرۆژدا 'ماکەو' دائەنێن ئەخوێنێ و 'نیرەکەو' دێتەسەری کەئەوکاتە ماکەوی تر کورکە و لەسەرهێلکەیە. ڕاوی سیاسوت لەهەوەڵی بەهاردایە نێرەکەو دەخوێنێ‌و نێرەکەو دێتەسەری کە لەگەڵی بەشەر بێ‌و ماکەوی لێ بستێنێ.
١٩٦٥/١٢/١٠ - دەنگی کوردوستانی عیراق
کاروانی خەیاڵ، چاپی یەکەم، ١٣٦٤، لاپەڕەی ١٢٨-١٣١

پەراوێز edit