ئاڵەکۆک

هێدی add_a_photo
هێدی کاروانی خەیاڵ
٢. دایک و کور
بەڕۆژێکی گەلێک باران و سەرما
نەهەر سەرما سەرم لەورۆژە سوررما

لە گوندێک هەڵکەوت رێم کەوتە ماڵێک
چ ماڵێک هەروەکو خەون و خەیاڵێک

گەلێک ماڵێکی گەرم و پاک و خاوێن
کوڕوکیژێک لەوێ وەک توڵی لاوێن

کور و کچ پێکەوە خوشک‌وبرا بون
دەگەڵ دایکێک لەناو ئەو ماڵەدابون

هەمو هێندە دڵ‌ئاوا بون و روخۆش
کەماندوبونی رێگەم کرد فەرامۆش

لەپاش ماوێکی کەم دیتم 'گەلاوێژ'
لەگەڵ 'سمکۆی' برای کەوتە وت‌ووێژ:
****
براکەم گەرچی تۆ تاقە برامی
هومێدی ڕۆژی ڕەش پشت وپەنامی

بەتۆ ڕونە گلێنەی چاوەکانم
لەتۆ ڕایە هەمو خۆشی ژیانم

گوڵی هیوای لەباغی ژینی من‌دا
لقی سەروی لەناو پەرژینی من‌دا

هەتا ئەوڕۆژە دەم نێژن لەگڵ‌دا
برای و خۆشەویستیت هەر لەدڵ‌دا

بەڵام ئەو داخە دەم‌کوژێ نهێنی
برای‌دیم وا لەسەنگەر تۆ لەوێ نی

گەلاوێژ لەو وتەی خۆی کەوتە گریان
دەگریاو دەی‌گوت و فرمێسکی دەڕژان:

لەوێ‌نی تاکو تۆش چاوت لەوی‌بێ
لەپارێز بردن و هات‌و هەوی‌بێ

لەوێ‌نی تۆ لەکاتی شەو نخون دا
لەنێوئاگرو بڵێسەی ڕۆژی ڕون دا

لەوێ‌نی تۆ هەتا هاواربکا لێت
براپێش مەرگەکەی دڵسۆزی هاوڕێت

لەدوژمن ڕاخوڕێ وەک شێری سەرمەست
لەڕێ‌ی گەل‌دا روحی باوێتە سەردەست

تەماشای تۆ بکاو دڵ خۆش بکا پێت
سەری دوژمن بەگەپ باوێتە بەرپێت

حەیف سمکۆ کەلاوێکی وەکو تۆ
بەجێ ماوی لەئاواڵ و برای خۆ

سەرم هەڵ‌نایە ئیترمن لەشەرمان
هجومی تانە هیند ئەکرێتە سەرمان

لەناوگوندا ئەگەر ڕۆژە ئەگەر شەو
لەگەڵ مندا هەموگاڵتەی ئەم‌وئەو

ئەگەرتۆ حەزئەکەی لێرە بمێنی
لەلای دایکم‌بە تۆ بۆ خەم‌ڕەوێنی

لەجێ‌ی تۆش من‌بچم بەوشەرتە سمکۆ
لەڕێ‌ی‌گەل‌دا چیە فەرقی من و تۆ؟
****
وەڵامی‌داوە سمکۆی دڵ بریندار
برا قوربانی تۆ خوشکی وەفا دار

ئەوەی وا تۆ منت پێ‌گرتە لۆمە
ئەوە ئەرکی گرینگی شانی خۆمە

دەهێزم‌دا هەیە بەو ئەرکە هەستم
لەڕێ‌ی رزگاری تادەمرم نەوەستم

بەڵام من هەر پەژارەی تۆمە یەکجار
دەگەڵ ئەوپیرە دایکە بێکەس و کار
****
هەتا ئەوکاتە هەر بێدەنگ‌بو 'ڕوناک'
کە وای‌بیست هاتەپێش‌ئەو دایکی دڵ‌پاک

سەروپرچی سپی وەک بەفری بێ‌گەرد
وتەی کاری دەکردە سەردڵی بەرد

بەزەردەو پێ کەنین ڕوی کردە سمکۆ
گوتی: من تێگەییم رۆڵە قسەی تۆ

کورێک بۆ نیشتمان خوێنی نەرێژێ
لەڕێ‌ی ڕزگاریا مەینەت نەچێژێ

لەدوژمن خوێنی بابی خۆی نەسێنێ
نەبونی باشترە با هەر نەمێنێ

ئەوانەی بۆ وەتەن چونە کەژو کۆ
هەمو دایکیان هەیە سمکۆ وەکو تۆ

لەشاخان شین نەبون بەردی چیانین
کەس و کاری مەن و لێمان جیا نین

گرانە دەردی ژێردەستی و زەلیلی
برۆ بمرەو مەژی ساتێ بەدیلی
****
هەتاو تازەی گزینگ دابو لەئاسۆ
کوڕودایک کەدەستیان کردە ئەستۆ

خەیاڵ بو، دیدەبو، من‌بوم سەری‌گێژ
نزای‌دایک دەگەڵ زەردەی گەلاوێژ

سەری‌کێشابو ڕۆژو تا توانی
ئەویش دەودیمەنە جوانەی ڕوانی

برۆ تێکۆشە بۆ ئەو ئاوو خاکە
حەڵاڵت‌بێ کوڕم ئەو شیرە پاکە
١٩٦٥/١٢/٣ - دەنگی کوردوستانی عیراق
کاروانی خەیاڵ، چاپی یەکەم، ١٣٦٤، لاپەڕەی ١٢٤-١٢٧

پەراوێز edit