ئاڵەکۆک

هێدی add_a_photo
جوتێ کاڵەم هەبو ساڵێ لەچەرم
تیسکن و تای یەک و ئەستورو گەرم

سفت و بێ گنج و گرێ‌و لێک و لەبار
شلک و بێ مەنفەزو بێ هەنگ١ و نەرم

لوت قوت و پانیە بڵیندو ڕەنگ خۆش
کەوڵی شێرێ بو لە ڕۆژی خەتەرم

لێو بە گژ نیژو سەری پەنجەدار
کوڕی گووەندو شەریکی چەپەرم٢

سوک و بێ هەست و لە هاتو چۆدا
خۆم بەوە هەستم ئەکرد بەختەوەرم

لە چیاو ڕژدو هەڵەت چنگوڕکی
گیر ئەکرد بێ ئەوە بێڵێ بلەرم

بەن لەموی بزنی سپی‌و ڕەش تێکەڵ
وەکو ئاوریشم ئەهاتە نەزەرم

بەو بەنە گرژو درێژە دەم بەست
هەر لە گوێزینگەوە! تاکو کەمەرم!

کە لەپام توندم ئەکرد بۆ ڕێگە
دڕک و داڵ حەددی چبو بێتە بەرم

خەڵکی ئەو ناوە لەبەر قۆچاغی
هەرچی ئەی دیم وەی ئەزانی تەتەرم

دەرەوەی توکی وەکو مەخمەر بو
ناوەکەی لوس بو وەکو پێشە سەرم

تا ئەوانم هەبو بێزم نەدەهات
ناوی هیچ چەکمەو پوتینێ بەرم

وەختی ڕێگا وەکو پێڵاوێ لەپام
کاتی خەو دەبوە سەرینێ لەسەرم

ڕوی نەبو چەکمە لەپا بێ بۆلام
گەربهاتایە بە تەقیەو بە شەرم

وەکو ئەو کاڵەیە نەم دی ئیتر
ئەو حەوت ساڵە کە من دەر بەدەرم

شۆرشی کرد لەگەڵم خۆشم ئەویست
نەک بڵێ‌ی من بە سروشت وا لەچەرم

تا شە بەردێکی دڕو بەد فەڕو تیژ
ئەوی کون کردو لەتی کرد جگەرم

ئەو کە بەو جۆرە لەدەستم بۆوە
ڕۆژ بە ڕۆژ زۆر ئەبێ دەردو کەسەرم

هەر لەبەر حورمەتی ئەو من پاش ئەو
لە هەمو کاڵە ئیتر بێ خەبەرم

شینی ئەو کاڵە تەواو ناکەم قەت
سەد وەک ئەو نامە بمێنێ ئەسەرم

هێشتە هەر بیری ئەکەم یادی بەخێر
لێم جیابۆوە ڕەفیقی سەفەرم

١. هەنگ: هێندێک جار لەسەر پشتی ڕەشەوڵاخ کونێک لە چەرمەکەدا ئەبێ‌و کرمی لێ دێتەدەر بەو کونە ئەڵێن هەنگ.
٢. چەپەر: سەنگەر.
١٩٧٠/٢/٢ز، ناوپردان، عێراق
١٣٤٩ی هەتاوی
کاروانی خەیاڵ، چاپی دووهەم: هەولێر، ساڵی ١٩٩٧ زاینی، لاپەڕەی ٢٠٣-٢٠٥

پەراوێز edit