ئاڵەکۆک

هێدی add_a_photo
بەهارەو سورەگوڵ دایان گەمارۆ
هەڵاڵەو نەستەڕەن شین بون لە ئاسۆ

وەکو دەشتی خوتەن خەمڵیوە سەحرا
لەبەر نازی شەقایق عەتری شەوبۆ

سەفای ئەو کاتە گەرچی ئاشکرایە
بەڵام تامی نی‌یە بۆمن بەبێ تۆ

شەوی دیکە مەلایەک هاتە ئێرە
کە قوربان حەزدەکەم من بێمە لای تۆ

لە جێگای خۆم بەراتم سەد تەغارە
فەقێشم هەربوە تا هەشت و تانۆ

هەمو ساڵێش لە گوندی داویانمێ
مەڕو مانگاو بزن بۆ ماست و بۆ دۆ

بە ئاغای گوت مەبەستی خۆی کەم و زۆر
ئەویش گوێ‌ی دایە ئارام و لەسەر خۆ

لە پاشان پێ‌ی گوت ئاغا وا دیارە
کە ڕۆیین بۆ مەلایان بۆتە ئاهۆ

کە نیتە ناتەواوی‌و نا گوزیری
ئەدی بۆچی دەڕۆی ئاخر مەلا بۆ

تەواوی ژینی تۆ هەر هاتو چۆیە
لە هەردوک لاوە بۆیە ڕایەڵ و پۆ

نەما جێ‌یەک کەتۆ سەدجار نەچوبی
گەورک و مەنگوڕو پیران و ئاکۆ

هەقی نوێژێ لە ڕوتی وا ئەسێنی
کە ئاگری پێوە نێ‌ی لێ‌ی نایە بۆ سۆ

بەراتی چاک و قەدرو حورمەتی زۆر
بڕۆ شوکرێ بکە دانیشە بیخۆ

مەلا ڕۆیشت و بریا هەر نەبایەن
مەلای واو شاعیری وەک من چەقەسرۆ
١ی مارس ١٩٦١ز
شێخاڵی، خاکەلێوەی ١٣٤٠ی هەتاوی
کاروانی خەیاڵ، چاپی دووهەم: هەولێر، ساڵی ١٩٩٧ زاینی، لاپەڕەی ١٩٨

پەراوێز edit