ئاڵەکۆک

هێدی add_a_photo
هێدی کاروانی خەیاڵ
٢٦. گاڵتەی جێژن (غەزەلی عیشقی!!)
جۆگەلەی خوێنە لەناو دیدەیی گریانمدا
زۆر لە مێژە نی‌یە هیچ 'عانە' لە گیرفانمدا

هەر دەڵێ‌ی جەرگی منە لەت لەت و سورو کون کون
ئەو 'تەماتە'ی هەڵی خست 'مێرێ' لەسەربانمدا

جگەرەی 'ڕۆزمەن' ئەڵێن زۆرە بەڵام من نەمدی
غەیری ئەو ڕۆژە لەناو باخەڵی میوانمدا

تۆ کە 'جوجە'ی وەرە ناو کاولی مەعدەم چ دەکەی
لە سەرانگوێلک و تەویلەو، لەبن هەیوانمدا

سەرم ئەسلەع بوە هەر چەشنی 'کدو'و ئێستە نی‌یە
دانەیەک ئەسپێ لەناو زولفی پەریشانمدا

دوێنێ شەو هیچ نەبو بیخۆم و لەداخان نوستم
لە خەوا دیم 'تەڕە پیواز'ە لەنێو نانمدا

من کە دەمگوت نی‌یە 'شۆخێک' کە دڵم بڕفێنێ
'گۆشت بزن'هات و بە جارێک سەرو سامانمدا

'دۆستەکەم' هات و گوتی ئێستە ووڵات چۆلە وەرە
کە دەچم 'ماکەری موختارە'١ 'لە جێ‌ژوانم' دا

من لەلام وابو کە هەر 'گیپە'یە ڕێ‌ی چارە کەچی
'ساوەریش' چەشنی مەسیحایە لە دەرمانمدا

هێندە بێ گۆشتم و تامەزرۆ هەزار جارم کرد
فکری ئەو تۆزە چەقاڵتەی کە لە نێوڕانم دا

چابو زوم زانی زگی هەڵنەدڕیم 'کاک... '
'دەنکە مێوژ'ێکی ڕەشی دیبو لە 'جزدان'م دا ٢

'ڕانک و چۆغە' شڕەکەی من کە بەسوری هاوین
لەرزو تام لێ‌یە، ئەبێ چۆن بێ لە زستانم دا؟

هەمو کەس دەردی هەیە کاکە بەڵام دەردی من
هەر گرانتر دەبێ وەک گوێلکێ لە پزدانم دا

دەنگی 'ڕیخۆڵەمە' شمشاڵ لە زگمدا چدەکا؟
ئەوە 'ساز'ێکە لەناو بەزمی فەقیرانمدا

شیعرەکانم مەبە کاکە نەکو ڕۆژێک لەنەکاو
تۆش بدەی کەوڵی 'خەزو'و 'تورمە' بەسەرشانم دا

'جێژنە'یەو بۆنی کەباب دێ لەهەمو لایە منیش
هەر 'کوڵۆی خوێ'یە کە قرچەی دێ لەقەلیانم دا

مام عەلی٣ خۆش بی ئەتۆو دەردو بەڵات هەرچی هەیە
بالە 'نانی ڕەق' و 'چای شیرنی' بەیانانم دا

١. موختار: کوێخا سجل.
٢. جزدان: کیفی باخەڵ
٣. عەلی عەجەم: نان و چێشتی لێ دەنا لەمەقەری سورەبان ئاشپەزبو.
عێراق، گوندی سورەبان، جێژنی قوربانی ١٩٦٧ز
١٣٤٦ی هەتاوی
کاروانی خەیاڵ، چاپی دووهەم: هەولێر، ساڵی ١٩٩٧ زاینی، لاپەڕەی ١٩٥-١٩٧

پەراوێز edit