ئاڵەکۆک

هێدی add_a_photo
یار لە مال بێتە دەرێ جێژن و چراخان ئەوەیە
ببمە قوربانی لەبەر پێی، حەجی هاسان ئەوەیە

گەنجی هەڵدایەوە سەر سینگ و بەرۆکی داخست
شنەباش ڕیی نییە لێی تێپەڕێ، پاوان ئەوەیە

لەرزوتای ماچێ منی کوشت و خەیاڵی ناشی
چوو بەگژ پەرچەمیدا هاتەوە، شێوان ئەوەیە

ڕۆندکی دیدە ئەگەر تێپەڕی لە سنووری مژۆڵ
ڕوومەتی شوشت و ڕژا کۆشەوە، گریان ئەویە

شەرتی دڵداری وەفاداریە، ئەڤینداری هەژار
زوێڵەچەرمێکی هەبێ بەسیەتی، پەیمان ئەوەیە

وێژەوانم دی هەموو وەک مەلەوانی دەریا
لێوەشاوەی وی نەیانبوو وشەیەک، جوان ئەوەیە!

بە قەڵای کۆن و لەمێژینە مەڵێ وێرانە
خۆشەویستی لە دڵا گەر نەبوو وێران ئەوەیە

ئەوە گرتن نییە واژەی پەتی دەگرن دەستم
سووچی هەنیەی وی کە فێس دەیگرێ، گیران ئەوەیە

هۆش و بیر هەردوو لە دووی خاڵێ لە 'هێدی' تۆران
وەرە بیبینە بە تەنیایی! پەرێشان ئەوەیە
هەولێر- گەڕەکی ئەفسەران، ٢٠٠١٫٠٣٫٠٥ی زایینی.
کاروانی خەیاڵ، هێدی، چاپی ٢٠١٦، پێداچوونەوەی: ئاڕمان کەریمی، لاپەڕە ٣٢٠.
لەلایەن بەڕێزێکەوە بە ئای‌پی ٨٣.١٢١.١١.٢٣٨ نووسراوە.

پەراوێز edit