ئاڵەکۆک

هێدی add_a_photo
هێدی کاروانی خەیاڵ
١٢. بۆ براکەم
نامەیێکم پێگەیی هەر وەک گوڵاوی پەرچەمت
وەسوەسەم کرد، ئەی خوا کەی دەم بنێمە ناو دەمت
خۆزگە دەمزانی لە غوربەت کێیە بێ من هاودەمت
خۆ دەزانی گیانە بۆ من ناکرێ تەرکی غەمت

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من؟ تۆ لەوێ، من لێرەوە

وێنەکەت دەرمانی سەرجەرگی برینداری منە
وەختی دڵتەنگی بەبێ تۆ هەر ئەوە یاری منە
دیتنی، ڕووناکی بۆ دوو چاوی جۆباری منە
تا کوو لێت دوورم عەزیزم شیوەنت کاری منە

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من؟ تۆ لەوێ، من لێرەوە

نامە سەر دوو چاوی تەڕ وێنەت، لە پاش ماچ کردنی
سەر دڵی شێواوی خۆمە، جێی لە پاش هەڵگرتنی
شەمعی ڕووت بۆ من حەیاتی باقییە، هەڵکردنی
وا لە دڵ هاڵاوی، بەخوا حەستەمە لابردنی

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من؟ تۆ لەوێ، من لێرەوە

سەیری کوردستانی چۆل کەم یا تەمی کوێستانی دڵ
داخی دووری تۆ بچێژم، یا غەمی هیزار لە مل
ئەی خەزانی غەم بڕۆ، با شین بێ باغم چڵ بە چڵ
ئەی فەلەک با بێ بەهارستانی من سێ چەپکەگوڵ

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من؟ تۆ لەوێ، من لێرەوە

شێت و ماخولیای غەمی تۆم، گیانە من دێوانە نیم
مەستی جامی مەیلی تۆم و ئەهلی نێو مەیخانە نیم
ڕاستە سووتانم بەڵام بێ‌شەمعە خۆ پەروانە نیم
خاکی کوردستان دەڵێ پێت ڕۆڵە من وێرانە نیم

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من؟ تۆ لەوێ، من لێرەوە

گیانەکەم پێت وا نەبێ شانۆی گەزاف و لافمە
مەیلی تۆ نیشەی دڵی خەمدیو و سینەی سافمە
هێرشی بەدخوییتە گەردون موکەنیزەی جافمە
هەر شەوی هیجرانی تۆیە مەوریدی ئەوسافمە

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من؟ تۆ لەوێ، من لێرەوە

دەردی دڵ بۆ کێ بەیان کەم، دڵ کە نالاوێتەوە
ئەو گڕووی گرتوویە چ بکەم بێ تۆ ژیر نابێتەوە
بەفری بەفرانبارە، بێ بای وەعدە قەت ناچێتەوە
ئەی خوا کەنگێ عەزیزی ئەو دڵەی من دێتەوە

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من؟ تۆ لەوێ، من لێرەوە

باوەڕی نایە بەژینم دڵ بەدەس جزیاتەوە
خۆشە ڕۆح دەربێ و بەجارێ بیخەمە ژێر پاتەوە
چونکە تەنیا هەر دڵێکە و سەد بەڵا دەیباتەوە
چەرخی چەپگەرد لێم بەقینە دەست لە من ناکاتەوە

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من؟ تۆ لەوێ، من لێرەوە

بولبول ئەر مەیلی سەفاتە، بێرە لای من لەحزەیەک
نابێ بۆ ناڵین و سوتان قەت وەکوو من بەندەیەک
من بە بەندی نیشەدار و تۆش گوڵی سوور دەستەیەک
تۆ ورینگەی شیعری ژێر و کەو، لە کۆتریش لەنجەیەک

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من؟ تۆ لەوێ، من لێرەوە

گوێت لە بەندی ئاخرم بگرە، هەتا ڕوح ماوە پێم
گەرچی ئاڵۆزە بەڵام بمبورە چون 'شێواوە' لێم
تا بە ڕووناکی چرای گۆنات دەبینم دەست و پێم
سەر لەسەر ئێخەی خەمی تۆ پڕ بە کوردستان دەڵێم

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من؟ تۆ لەوێ، من لێرەوە
مهاباد، ١٣٤٤٫٠٤٫١٢ی هەتاوی (مانگی ٧ی ١٩٤٥ی زایینی)
لەلایەن بەڕێزێکەوە بە ئای‌پی: ٥.٢١٨.٢٠٥.١٦٨ نووسراوە.

پەراوێز edit